بەریتانیا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات

بەریتانیا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات


باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا و كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەڵێن، پەیوەندییەكان باش بووە و پتەوتریشی دەكەن.
جۆن ویڵكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە پەیامێكیدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات و دەڵێ "خۆشحاڵم بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، پێویستە كورد و عێراقیییەكان لەگەڵ بەریتانیا هاوكار بن تاوەكو بتوانین هەلەكانی بەردەممان بە باشترین شێوە بقۆزینەوە".
لە پەیامێكی دیكەدا مارتین وار، كۆنسوڵی گشتی بەریتانیاش لە هەولێر رایگەیاند "پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەم كە ئێستا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستانی عێراق هەڵبژێردراوە. بەریتانیا هەمیشە پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی هەبووە، من متمانەی زۆرم هەیە كە پەیوەندی باشتریشمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەبێت".
مارتین وار ئاماژەی بەوە كردووە "ئەوەی زۆر پێویستە لە كاروبارە هەرێمییەكان، كاروباری ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی بریتییە لە گفتوگۆ و سازشكردن، پێمانوایە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هەموو ئەو تایبەتمەندیانەمان لە سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی-دا بەدیكردوون".
كۆنسوڵی گشتی بەریتانیا جەختیكردووەتەوە "لە داهاتوودا چاومان لەوەیە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق زیاتر بەرەوپێش ببەین".

زۆرترین بینراو