بەرەو كوێ ؟

ئیسماعیل ئیبراهیم

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سات بە سات لە بەردەم تەقینەوەیەكی نوێ دایە، بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەی كەوتوونەتە ئەم جوگرافیایە زیانیان بەركەوتووە، هەر جار بە بیانوویەك شەڕی كاوڵكار لە سوچێك روویداوە. جەنگی ئێران – عێراق، جەنگی عێراق – كوێت، ئەمریكا و هاوپەیمانانی لە دژی عێراق، دواتر بەهاری عەرەبی، دۆخی نالەباری لیبیا، یەمەن، سوریا، مسر، تونس و لوبنان، هیچ وڵاتێك لەم ناوچەیە نەبووە ئاگری شەڕی تێنەكەوتبێت، ئێستاش ئێران بەرەو دۆخی بە سوریا بوون دەڕوات، لە دوای ئەویش توركیە، لە ناو ئەم كێشمەكێشەی وڵاتان كە بێ گومان بەشێكی پەیوەندی بە شێوازی بیر كردنەوەو و حوكمڕانی وڵاتانەوە هەیە بەشێكیشی پەیوەندی بە بەرژەوەندی وڵاتانی زەبلاحی جیهانەوە هەیە، كە ناهێڵین هیچ وڵاتێكی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەو ئەندازەیە بەهێز بێت كە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی ئابوورییان دروست بكات یا كۆسپ لەبەردەم كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان دروست بكەن، یا لەرووی تەكنۆلۆژیای سەربازی ئەوەندە بەهێز بن كە ببنە هەڕەشە بەسەریانەوە.
پرسیار ئەوەیە كورد لە نێو ئەو هەموو هاوكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بەرەو كوێ؟
نەتەوەیەكی 50 ملیۆنی كە تاكە نەتەوەیە بەم ژمارە زۆرە خاوەن دەوڵەت نییە چی بەسەر دێت و چ نەخشەیەكیان بۆ كێشاوە؟
ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان داگیر كردووە لە دۆخێكی زۆر ئاڵۆزی ئابووری و سیاسیدان هەم لە ئاستی ناوخۆیی هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام هەموو دەم بە دەوڵەت بوونی كوردستانیان بە هەڕەشە زانیوەو هەمیشە تەواوی كێشەكانیان وەڵا ناوە تەنا بۆ ئەوەی پیلانی چەوساندنەوەی كورد جێبەجێ بكەن.
بە درێژایی دەیان ساڵ تاكە كیانی سیاسی كە بۆ كورد هاتۆتە ئاراوە هەرێمی باشوورە لە چوارچێوەی عێراقێكی بەناو فیدراڵی، هەرچەندە لە ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە، بەڵام پیلانەكان بۆ لاواز كردن و نەهێشتنی ئەم كیانەش رۆژ لە دوای رۆژ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كوردانی رۆژئاوا خەریكی بنیادنانی كیانێكی هاوشێوەی باشوورن، بۆیەش كێچ كەوتۆتە گیانی توركیە و ئێران و ترسی ئەوەیان هەیە بۆ چەند ساڵی داهاتوو دۆخی سوریە و عێراقیش ببێتە راستییەك لە وڵاتەكەیان بۆیەش توركیە سەروەرییەكانی عێراق و سوریە پێ شێل دەكات و لەشكری كێشی بۆ باشوور و رۆژئاوا دەكات، ئێران بەدوای هەلێكدا دەگەرێت خۆی لە ئەگەری بە سوریابوون رزگار بكات، هەرچەندە ئەستەمیشە، عێراق ئەگەر ترسی وڵاتانی هاوپەیمانی نەبووایە دەمێك بوو ئەو پیلانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر بۆی نەچووە سەر دەیگەیاندە كۆتایی و شتێكی بە ناوی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان نەدەهێشت.
بێ گومان بۆ دژایەتیكردن و سەركووتكردنی كوردان وڵاتانی داگیركەر میلیاردەها دۆلاریان خەرج كردووە، جگە لە زیانی زۆری گیانی لە هەر دوولا، بەڵام هیچ سوودێكی نەبووەو نەیانتوانیوە نەتەوەی كورد بسرنەوەو ناشتوانن وابكەن.
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە لە جیاتی دژایەتی كردنی نەتەوەیەكی رەسەنی ئەم هەرێمە بیر لە پێكەوە ژیان بكەنەوە، ژیانێك كە مافی هەمووانی وەك یەك تێدا بێت و كەس سەر دەست و بن دەست نەبێت، ئەو پارە خیاڵییەی لە خاپوور كردنی گوند و شارۆچكەكانی كوردستان و چەساوندنەوەی نەتەوەی كورد خەرج دەكرێت لە ئاوەدان كردنەوە خەرج بكرێت، لە جیاتی بیر لە كوشتن و جینۆسائیدكردنی كورد بكەنەوە پێوستە بگۆڕدرێت بۆ پێكەوە ژیان و رێز گرتن لە یەكتری.
ئەم بیرۆكەیە ئێستا لە نێو ژمارەیەكی بەرچاوی كەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرانی عەرەب و تورك و فارس بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی زاڵ بوونی كەسانی خاوەن بیری شۆفێنی گەشەی پێ نەدراوە، بۆیە پێویستە نەتەوەی كورد كاری هەڕە سەرەكی دژایەتیكردنی هزری شۆفێنییەت بێت، پێوستە كورد زیاتر لە رابردوو قوڵ بوونەوەی بۆ گۆڕانكارییەكان هەبێت تا بتوانێت خۆی لەگەڵ هاوكێشەكان بگونجێنێت و نەبێتە قوربانی بەڵكو ببێتە خاوەن دەستكەوتێكی مەزن، ئەمەش سەرەتا بە یەكگرتووی ناوخۆیی دێتە دی و كاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی پتەوی بۆ بهاوێژرێ، بە پێچەوانەی دووبارە دەبێتە قوربانی نێو هاوكێشە ئاڵۆزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

زۆرترین بینراو