بەسەدان خێزانی ئاوارەی ئێران ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بۆ باشووری كوردستان

بەسەدان خێزانی ئاوارەی ئێران ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بۆ باشووری كوردستان

دیدار-محەمەد هەسنانی
لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش، هەزاران خێزانی شارو شارۆچكەو ناوچە كوردستانییەكان روویان لە دەڤەری سۆران كردووەو بەشێكی زۆری ئەم خێزانانەش تائێستا نەگەڕاونەتەوە، هەروەها سەدان خێزان خواستی گەڕانەوەیان هەیە لە وڵاتی ئێران و داواكارن حكومەتی هەرێم ئاسانكاریان بۆ بكات، بۆ ئەمانەو چەند پرسێكی دیكە، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران زانیاری دەخاتەروو.
عەباس ئەمیر بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند " سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەرچوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز) لەخۆدەگرێت، دوای دروستبوونی شەڕی داعش بەهەزاران خێزانی شارو شارۆچكەكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكان وەك عەڕەب و ئێزێدی و مەسیحی و شەبەك و كورد هتد.. روویان لە سنوورەكەمان كرد، لەوانەش بەشێكیان لە كەمپەكان جێگیر كران، هەندێكیشیان خانوویان بۆخۆیان گرت و ئەوانی دیكەش لەلای خزم و ناسیاوەكانیان نیشتەجێبوون، وەك دیاریشە سۆران شوێنی بەیەكەوە ژیانەو لە دەڤەرەكەدا بەبێ‌ جیاوازی سەیری هەموو كەسێك دەكرێت و كلتورو ئایینەكان پارێزراون، ئەوەش وایكردووە لە هەر رووداوێك خەڵكێكی زۆر پەنا بۆ سۆران بهێنن، تەنانەت خەڵكی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش سنوورەكان ببڕن و روو لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی دەڤەری سۆران بكەن".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، گووتیشی " دوای ئازادكردنەوەی شارو شارۆچكەكانیان لەدەست داعش، بەشێك لەم خێزانانەی شارو شارۆچكەكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، كە روویان لە دەڤەری سۆران كردبوو دەستیان كرد بە گەڕانەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان، بەڵام سەرەڕایی ئەوەش بەپێی ئامارەكانمان زیاتر لە 250 خێزانی عەڕەب و ئێزیدی لە سنوورەكەمان ماون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە، تەنانەت ئارەزووی گەڕانەوە ناكەن، لێرە هاوشێوەی خەڵكی ناوچەكە دەستیان بە كار و كاسبی كردووەو ژیان بەڕێوە دەبەن، تەنانەت زۆربەی گەنجانیان لە دوكان و ماركێتەكان كار دەكەن و فێری زمانی كوردی بوونەو خۆیان دەڵێن لێرە ئاسودەترین".
عەباس ئەمیر ئەوەشی ئاشكرا كرد " ئەو خێزانانەش كە گەڕاونەتەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی عێراق، زۆربەیان فەرمانبەری حكومی بوون، لەلایەن حكومەتی عێراق گوشاری زۆریان لەسەر بوو ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان مووچەكانیان دەبڕدرێت، ئەگەرنا ئەوانیش ئارامی كوردستانیان لابشتربوو، ئەوانەش كە تائێستا نەگەڕاونەتەوە زۆربەیان بێ‌ مووچەن، یان مووچەی خانەنشینیان هەیەو عێراق ناتوانی گوشاریان لەسەر دروست بكات و بە ویستی خۆیان ئارەزووی گەڕانەوە ناكەن".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، ئاماژەشی بەوەدا " بەپێی زانیارییە نافەرمییەكانمان دەووروبەری (2000) خێزانی باشوری كوردستان لە وڵاتی ئێران ماون و تا ئێستا هەلی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە، ئەگەرنا رۆژانە سەدان خێزان پەیوەندیمان پێوە دەكەن، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ئاسانكاریان بۆ بكرێت، بەتایبەت لەو وەرزەی ئێستادا كە كۆتایی وەرزی خوێندنەو دەیانەوێت تا وەرزی خوێندنی ئەمساڵ دەست پێدەكاتەوە، وڵاتی ئێران جێبهێڵن و بە باوەشی نیشتیمانەكەیان شاد ببنەوە، بەڵام قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستەنگی لەبەردەم دروست كردوون، كە نەتوانن وا بەئاسانی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
عەباس ئەمیر ئەوەشی ئاشكرا كرد " گەڕانەوەی هەركەسێك لە وڵاتی ئێران دەبێت بە رەزامەندی و مۆڵەتی وەزارەتی ناوەخۆ بێت، ئەو كەسەی كە دێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت چەند رۆژێك كەرەنتین بكرێت لەگەڵ گرتنەبەری چەند رێوشوێنی دیكەی تەندروستی، ئەوەش ئاستەنگێكی ترە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانمان لە وڵاتی ئێران، هەروەها بەهۆی قەیرانی دارایی ناتوانرێت هاوكاری پێشكەش بەو كەسانە بكرێت كە دەگەڕێنەوە، تەنانەت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش وەك ساڵانی پێشووتر هاوكارنین، ئەوانەش هەموویان وایان كردووە كە رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكانمان لە وڵاتی ئێران روو لەكەمبوونەوە بكات تەنانەت هەر نەمێنێت".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، دەشڵێت " بەهۆی ئەوەی ئەم ئاوارانەی باشووری كوردستان كە دەیان ساڵە لە وڵاتی ئێران نیشتەجێن، لە رووی پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان و ژن و ژن خوازی هاوسەر گیری كردن لەگەڵ ئافرەتی فارس و نەتەوەكانی دیكە، لەوانەیە وەرگرتنی ئامارەكان كەمێك سەخت كە بزانیت رێك چەند خێزان لە وڵاتی ئێران ماون، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە ئەگەر كەسێك خواستی گەڕانەوە بكات لەلایەن خێزان و منداڵەكانیەوە ئاستەنگی بۆ دروست بكرێت و نەتوانێت وا بەئاسانی بڕیاری گەڕانەوەی بدات بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمانەو چەندان كێشەو گرفتی دیكە هۆكاری سەرەكین، لە بەردەم گەڕانەوەی خوشك و براكانمان لە وڵاتی ئێران".
لە دوا قسەكانیدا عەباس ئەمیر بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، خوازیاربوو حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی زیاتر بخاتەگەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی ئەوانەی تایبەتن بە كۆچ و كۆچبەران، ئاسانكاری بكرێت بۆ ئەو ئاوارانەی لە وڵاتی ئێران ماون و بەپێی توانا دەستی هاوكاریان بۆ درێژ بكرێت، تا ئەوانیش بتوانن بە باوەشی كوردستان شاددببنەوەو بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.

زۆرترین بینراو