بەسەدان مین و تەقەمەنی لە ناو بردران

بەسەدان مین و تەقەمەنی لە ناو بردران

دوای هەڵگرتنەوەو كۆكردنەوەی سەدان مین و پارچە تەقەمەنی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/هەولێر، سەرجەمیان گواسترانەوە بۆ چاڵێكی دەڤەری باڵەكایەتی و تەقێندرانەوە.
زێبار خالید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/هەولێر، بە زاری كرمانجی راگەیاند " لە بەردەوامی هەوڵەكانی تیمەكانمان بۆ لە ناوبردنی مین و پاشماوەكانی تەقەمەنی جەنگی و كەمكردنەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، دوای هەڵگرتنەوەو كۆكردنەوەی سەدان مین و پارچە تەقەمەنی، لەلایەن تیمەكانی لە ناوبردنی تەقەمەنییە نەتەقاوەكان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/هەولێر، سەرجەم ئەم مین و تەقەمەنیانە گواسترانەوە بۆ چاڵێكی دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری قەزای چۆمان، كەبریتی بوون لە (516) مینی دژەكەسی و (2) مینی دژە تانك و زیاتر لە (350)، پارچە تەقەمەنی نەتەقاوەی جۆراو جۆر كە مێژووەكەیان بۆ سەردەمی رژێمی بەعسی لە ناوچوو، شەڕی (8) ساڵەی (عێراق و ئێران)" دەگەڕێتەوە بە سەركەوتووانە لەناوبردران و پۆچەڵكرانەوە".
گووتیشی "ئەم مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیانە لە میانەی چالاكی تیمەكان و كاركردنی بەردەوامی رۆژانە لە ناوچە جیاوازەكانی دەڤەری ( سۆران، باڵەكایەتی، مێرگەسۆر، رواندوز، شقڵاوە)و چەند شوێنێكی دیكە لە سنوری پارێزگای هەولێر دۆزرابوونەوەو لەناوبردران، لە ئێستاشدا كاركردنی تیمەكان لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای هەولێر بەدەوامەو بە سەركەوتووی بەرێوەدەچێت.

زۆرترین بینراو