بەشێكی زۆری قوتابییان جگە لەخوێندن كاری دەرەوەش دەكەن

بەشێكی زۆری قوتابییان جگە لەخوێندن كاری دەرەوەش دەكەن


لەبەدواداچون‌و ریپۆرتاژێكی مەیدانی زاری كرمانجی دا، دەركەوتووە بەشێكی زۆری قوتابیان دانە رۆژێكیان بەكار كردن بەسەر دەبەن و دانەكەی تری ئەچنە خوێندگاكان‌و شەوانەش بۆ قەرەبووی خوێندنی رۆژانە، خۆیان بە خوێندن‌وپێداچونەوەی ئەركی خوێندنی رۆژانە ئامادەدەكەن، ئەم قوتابیانە ئاماژە بەوەدەكەن، بەهۆی هەژاری و هەندێكیشان وەك یارمەتی دانی ماڵەوە ئەم كارە دەكەن

محەمەد باڵەك- سۆران

لەبەر دەمی دەرگای دوكانەكە دانیشتوەو كتێبی بابەتی كۆمپیتەری بەدەستەوەیە‌و خەریكی ئەزبەركردنی پێناسەكانە، هیوا سابیر قوتابیێكی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتیەو شاگردی دوكانێكی فرۆشتنی پێڵاوی پیاوانە هیوا بۆزاری كرمانجی دەڵێت" لەماڵەوە حەوت كەسین و باوكمان چەند ساڵێك پێش ئێستا كۆچی دوایی كردووە، بۆیە ناچارم كار بكەم‌و تا لەم رێگایەوە بتوانم هەم بەشی پێداویستیەكانی خۆمم دەستبكەوێت‌و لەهەمان كاتیشدا یارمەتی ماڵەوە بدەم، ئەگینا ئەمە قورسە تۆ لەقوتابخانە بیت‌و كاریش بكەیت، هەروەك باسم كرد ئەمە ناچارییە، ئەگینا منیش ئارەزووم ئەكرد ئێستا لەماڵەوە وانەكانم بخوێندبوایە".

بەختیار وشیار قوتابیێكی تری پۆلی نۆی بنەڕەتییەو لەگەڵ باوكی كاری فرۆشتنی سەوزەو میوە دەكات ئەو بەم جۆرە بۆ زاری كرمانجی گووتی" بەیانیان ئەچم بۆ قوتابخانەو نیوەڕۆیان لەگەڵ باوكم دێمە سەر كار، دەمەوێ یارمەتی باوكم بدەم، وەك چۆن ئەو یارمەتی دەرمەو نەیهێشتوە لەهیچ روێكەوە كەم و كورتیم هەبێت، سەبارەت بەوەی لەماڵەوە بخوێنی باشترنیە لەوەی بێتە دەرەو كار لەگەڵ باوكی بكات بەختیار گووتی" ئێواران كە ئەچمە ماڵەوە دوای نانخواردن لەژوری خۆم نایەمە دەرەوە ئەخوێنم، هەروەها شەوانە هەوڵ ئەدەم زوو بخەوم و بەیانیان زووتر هەڵئەستم و پێداچوونەوە بە وانەكانم ئەكەم، توانیومە لەسەرجەم تاقی كردنەوەكاندا نایاب بەدەست بهێنم".

فەرهاد سابیر قوتابیێكی پۆلی دوانزەی ئامادەییەو لە دووكانێكی چاككردنەوەی مۆبایل كار دەكات‌و بۆزاری كرمانجی دەڵێت" راستە ئەمە دوا قۆناغی خوێندنمە،قۆناغەكەم پێویستی بە خوێندنی زیاترە لەچاوقۆناغەكانی تر، بەڵام ئەم پیشەش پیشەیێكی تایبەتەو لەهەر كات و ساتێك بێت ئەتوانی لە شوێنێكی تر بۆخۆت كار بكەیت و دوكانی تایبەتی خۆتت هەبێن، فەرهاد زیاتر دەلێت" توانیومە بەپێی دابەشكردنی كاتەكان هەقی تەواو بەخوێندن بدەم، بەڵام ئەو نایشارێتەوە كەوا هیچ ئومێدێكی بە خوێندن نەماوە،چەندین دەرچووی زانكۆو پەیمانگا هەیە هیوا بەم كارەی من ئەخوازێ و لەماڵەوە بێكار دانیشتووە، لەكۆتایی قسەكانی فەرهاد گووتی" ئەگەر ئەم ساڵ دەرنەچووم ساڵێكی تر لەبری ئەوەی بچمەوەبەر خوێندن دوكانێك دائەنێم و واز لەخوێندن ئەهێنم.

سەرباز محەمەد قوتابیێكی تری پۆلی یانزەی وێژەییەو لەناوچەی پیشەسازی كاری وایەرمەنی دەكات‌و بەم جۆرە بۆزاری كرمانجی گووتی" راستە خوێند گرنگە وئەبێ كاتی زۆری بۆ تەرخان بكەیت، بەڵام كاتێك بارودۆخ مرۆڤـ ناچار ئەكات كار بكەیت ئەبێت بێیتە ژێر باری و كار بكەیت، هۆكاری كاركردنی منیش ئەمەیە، كەباوكم بەهۆی كرێكاری و ئەنجام دانی كاری گران، ئێستا ناتوانێ هیچ كارێم بكات و ئازار لەبڕ بڕەی پشتی هەیەو ناتوانێ هیچ كارێك بكات بۆیە خۆم داوەتە بەر كاركردن‌و ناچارم لەگەڵ خوێندنەكەم كاریش بكەم بۆ یارمەتی دانی ماڵەوە".

بەرهەم فكری بەهەمان شێوەی قوتابییەكانی تر كار دەكات بەڵام جیاواز لەوانی تر، ئەو شەوانە كار دەكات‌و خەریكی فرۆشتنی شێلمەو پاقلەیە، ئەو بۆزاری كرمانجی دەڵێت" بەیانیان ئەچمە قوتابخانەو پاش نیوەڕۆیان، پێداچونەوە بەوانەكانم ئەكەم، شەوانەش خۆم بەم كارە خەریك دەكەم تاكو شان بەشانی باوكم‌و براكانم یارمەتی ماڵەوەمان بدەم، ئەو زیاتر دەڵێت " خوشكێكم نەخۆشی درێژ خایەنی هەیەو پێویستە هەفتانە دەرمانی بۆ بكڕدرێت، كەنرخەكانی تۆزی گرانە، منیش بە كارەكەم هەوڵ ئەدەم باری سەرشانی خێزانم سوك بكەم‌و لەهەمان كاتدا هەقێكیش بەخوێندنەكەم بدەم و نەمهێشتوە لەخوێندن دوابكەوم‌و نمرەی باشیشم بەدەسەت هێناوە"

زۆرترین بینراو