بەشێوەیەکی بەرفراوان پشکنینی کۆڕۆنا بۆ هاووڵاتییانی گوندەکانی سمیلان دەکرێت

بەشێوەیەکی بەرفراوان پشکنینی کۆڕۆنا بۆ هاووڵاتییانی گوندەکانی سمیلان دەکرێت

زاری کرمانجی_سمیلان: دوای ئەوەی پیاوێکی تەمەن 67 ساڵ لە گوندی پیرۆمەری سنووری شارەدێی سمیلان، تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوو، تیمی تەندروستی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان، بەشێوەیەکی بەرچاو پشکنین بۆ گوندنشینانی ناوچەکە دەکات.

هەڵمەت کەریم، سەرۆکی تیمی پشکنینی کۆڕۆنا، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: لە هەڵمەتێکدا 68 سامپڵی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هاووڵاتییانی گوندەکانی سنوری سمیلان وەرگیراوە لە ڕێگای دوو تیمی تەندروستی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان ، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەرکەوتنیان هەبووە لەگەڵ کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

گووتیشی: بەسوپاسەوە هاووڵاتییانی ناوچەکە هاوکارییەکی باشی تیمەکانی تەندروستین و داواکاریشین ئەو کەسانەی لە نزیکەوە بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسی توشبوو هەبووە خۆیان تەلەفۆن بۆ تیمی‌تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش پشکنینیان بۆ ئەنجام بدەین، تاکو خۆیان و خێزانەکانیان سەلامەت و پارێزراو بن.

ئاماژەی بەوەشدا: سامپڵەکان نێردران بۆ تاقیگەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سۆران، تا ئێستا لەو پشکنینانەی ئەنجامەکانیان گەڕاونەتەوە جگە لەیەک تووشبوو هەموو پشکنینەکان نێگەتیڤ بوون و پاک بوون، وە لێژنەکانیشمان بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی کە گومانلێکراو و بەرکەوتووی توشبووەکانن بەردەوامی دەبێت.

زۆرترین بینراو