بەغدا بۆنی كودەتای لێ دێت

بەغدا بۆنی كودەتای لێ دێت

مەهدی محەممەد – سۆران :


دوای ئەوەی لاینگرانی سەدر بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ئازادی (تەحریر) كۆبوونەوە بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە كاندیكردنی محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، دواتر رێرەوی خۆنیشاندانەكەیان بە دروشمی (دادگای فیدراڵی سەری فیتنەكە و ژوانمان ئەوێیە) گۆڕی بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا و دوای رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان توانیان بە ماوەیەكی كەم بەربەستە كۆنكرێتییەكانی دەروازەكان تێكبشكێنن و بچنە ناوچەی سەوز، سەرەتا خۆپیشاندەران لە دەرگای زەیتون هەوڵیان دا لەوێیەوە دزە بكەنە ناوچەی سەوز، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رووبەروویان بوونەوە و تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەران كرد و حەوت كەس لە خۆپیشاندەران بریندار بوون و یەكێكیش كوژرا، بۆیە خۆیشاندەران بە دەنگی بەرزەوە هاواریان كرد : ( تازە شەهیدمان داوە و بە هیچ شێوەیەك چۆلی ناكەین) و بەشێك لە خویشاندەرانیش دەڵێن (ئێرانییەكان تەقەمان لێدەكەن)
دواتر خۆپیشاندەران چوونە ناوچەی سەوز و بەرەو پردی كۆماری كەوتنەرێ و دروشمیان دژ بە سەرۆك كۆماری عێراق گوتەوە، یەكێك لە راگەیاندراوەكانی نزیك لە سەدر باس لەوە دەكات هێزە ئەمنییەكان بە چەكی قەناس رووبەرووی خۆپیشاندەران دەبنەوە. 
خۆپیشاندەران بە بارهەڵگرێكی گواستنەوەی سەربازی سوپای عێراق لە ناوچەی سەوز هاتووچۆ دەكەن و چاوەڕێ دەكرێ رەوشەكە ئاڵۆزتر بێت و رووبەرووبوونەوەی زیاتر لە نێوان خۆیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروست ببێت.