بەغدا شەوێكی پڕ لە مەترسی بەڕێكرد

بەغدا شەوێكی پڕ لە مەترسی بەڕێكرد

مەهدی محەممەد – سۆران :
شەوی رابردوو بۆ بەرپرسانی بەغدا، شەوێكی دوور و درێژی هەزار و یەك شەوە بوو، ئێوارە تویتەكی موقتەدا سەدر كە داوای ئەنجامدانی شۆڕش و گۆڕینی سیستمی سیاسی كردبوو، وایكرد بە لێشاو لاینگرانی بەرەو ناوچەی سەوز بكەونە رێ، ئەمەش  نیگەرانی و دڵەراوكێی لای زۆرێك لە بەرپرسانی دانیشتووی بەغدا دروستكرد و دوای ئەوەش كەناڵی (شەرقییە نیوز) بڵاویكردوە كە ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق ماڵەكانیان لە بەغدا جێهێشتووە.
رۆژی یەكشەممە 31 / 7 / 2022 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێكدا رایگەیاند"خۆپیشاندانەكان دەرفەتێكی مەزنە بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و دەستور و هەڵبژاردن." بۆ ئێوارە موقتەدا لە رێگەی تویتەرەو پەیامێكی ئاگرینی نارد بۆ لایەنگرانی و داوای لێكردن شێوازەی نارەزایی خۆیان بگۆڕن بۆ شۆڕش، دوای ئەو پەیامە رەوشەكە ئاڵۆزتر بوو، بەشێك لە بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراقی شیمانەی كودەتایان كرد و هەر زوو لەپێناو پاراستنی ژیانی خۆیان بەغدایان بۆ شوێنێكی نادیار جێهێشت. 
هەمان شەو لایەنە شیعییەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تێلێگرام پروپاگەندەی هەڵكوتینە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و قۆڵبەستكردنیان بڵاوكردەوە.
دوای ئەوە مستەفا كازمی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق نوسراوێكی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەكان كرد بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و داوایكردووە، بەهیچ شێوەیەك تەقە لە خۆپیشاندەران نەكرێت و بەكارهێنانی چەك لە دژی خۆپیشاندەران قەدەغەیە.   
بۆ ئەوەی رەوشەكە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەبێ و بیرۆكەی كودەتا لاواز بكەن و بێ لایەنی خۆیان نیشان بدەن، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیاندراوێكدا رەتی كردەوە شتێكی لەو شێوەیە بوونی هەبێت و دەڵێ‌"دەزگا سەربازی و ئەمنییەكان بە هەموو شێوە و جۆرەكانییەوە، سەلماندوویانە، لە هەموو بارودۆخ و كاتێكدا دڵسۆزی نیشتیمان و گەلی عێراقن و لە ژێر فەرمانی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان تەنها بەرگری لەم وڵاتە بكات و دەستوەردان لە كاروباری سیاسی ناكات، نە لە نزیكەوە و نە لە دوورەوە."   
ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامی رێبەری رەوتی سەدر، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لە راگەیاندراوێكدا داوا لە جەماوەرەكەیان دەكەن برژێنە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندان دژی خۆپیشاندانەكانی لایەنگرانی سەدر ئەنجام بدەن.
٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٢ بۆ جاری دووەم لایەنگرانی رەوتی سەدر دژ بە كاندیدكردنی محەممەد شیاع سودانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و جارێكی تر هەڵیانكوتایە سەر پەڕلەمانی عێراق و دەستیان بە مانگرتن كرد و تا ئێستاش بەردەوامە.