بەغدا نوێكردنەوەی گرێبەستی زەویی بۆ عەرەبەكان راگرت

بەغدا نوێكردنەوەی گرێبەستی زەویی بۆ عەرەبەكان راگرت

 

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك رایگەیاند، دوای پەیامی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانەوە، وەزارەتی دادی عێراق نووسراوێكی بۆ دادگاكانی كەركووك كردووە و تێیدا داوای كردووە، كە نوێكردنەوەی گرێبەستەكانی زەوی بۆ عەرەبی ھاوردە، رابگیرێت.
مەھدی موبارەك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گووتی" دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ھۆشداریی لە زیاتر تێكچوونی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دا، وەزارەتی دادی حكوومەتی عێراق ھاتە سەر هێڵ و نووسراوێكی ئاراستەی سەرجەم دادگاكانی كەركووك كرد، كە بڕیاری نوێكردنەوەی گرێبەستی زەویی كشتوكاڵی بۆ عەرەبی ھاوردە رابگرن، تا ئەو كاتەی ئەنجومەنی وەزیران كێشەكە چارەسەر دەكات".
موبارەك گووتیشی"كاتی خۆی شەش ھەزار گرێبەست بۆ عەرەب كرابوون، ئێستاش دەیانەوێت لە رێگەی دادگاكانی كەركووكەوە گرێبەستەكان بۆ خۆیان نوێ بكەنەوە و دادگاكانیش تا ئێستا ٢٠٠ گرێبەستیان نوێ كردووەتەوە، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی دادی عێراق، نوێكردنەوەی گرێبەستەكان راگیرا".

بیروڕا

زۆرترین بینراو