بەفربارین ئاستەنگی هاتووچۆی لە حاجی ئۆمەران دروستکردووە

بەفربارین ئاستەنگی هاتووچۆی لە حاجی ئۆمەران دروستکردووە

زاری کرمانجی_حاجی ئۆمەران: ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاویەکانی گرتۆتەوە و لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیش بەفربارین ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکردووە.
مەسعود باتێلی، بەرپرسی کۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: نزیک 60 سانتیمەتر بەفر لە مەرزی حاجی ئۆمەران باریوە، بەردەوامیش تیمەکانی بەفرڕاماڵینی سەر بە کۆمەڵگە و تیمی کەرتی چواری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران ڕێگاوبانەکان و گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان خاوێن دەكەنەوە.
گووتیشی: بەهۆی نالەباری کەش و هەوا و تەسکی ڕێگا و دروستبوونی قەرەباڵغی، لە هەندێک شوێنی ڕێگەی حاجی ئۆمەران ئاستەنگ درووست بووە، بەڵام جمووجۆڵی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سنوورەکەمان بەردەوامە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمساڵ لە حاجی ئۆمەران زیاتر لە مەترێک بەفر باریوە و ناوچەکە بە ساردترین ناوچەی هەرێمی کوردستان ناسێندراوە.
لەلایەکی دیکە، پۆلیسی هاتووچۆی حاجی ئۆمەران، هۆشداری دەداتە ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلی نزمیان هەیە، ئەگەر بۆ کارێکی گرنگ نەبێت لەم دوو ڕۆژەدا سەردانی حاجی ئۆمەران نەکەن، تا کەش و هەوا جێگیر دەبێتەوە، ئەو شۆفێرانەی ڕوو لەم ناوچەیەش دەکەن پێویستە زنجیر لە تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان ببەستن، بۆ ئەوەی بەهۆی خلیسکی ڕێگاکە تووشی ڕووداوی نەخوازراو نەبن.

زۆرترین بینراو