بەكارهێنانی پۆرنۆگرافی دیاردەی بەربڵاوی كۆمەڵگەی كوردی

بەكارهێنانی پۆرنۆگرافی دیاردەی بەربڵاوی كۆمەڵگەی كوردی

بەكارهێنانی پۆرنۆگرافی، بۆتە دیاردەیەكی بەربڵاوی كۆمەڵگەكەمان، منداڵی ژێر 18 ساڵ، هەرزەكار و گەنج، تا دەگاتە كەسانی خێزاندار، ماڵپەڕە سێكسیەكان بەكار دەهێنن و رۆژانە بەكار هێنەرەكانیان زیاد دەبن، و رێژەی ئاڵوودەبووان روو لە زیاد بووندایە، بە پێی زانیارییەكان عێراق بە كۆمەڵگەی كوردیشەوە، یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین بەكارهێنەری پۆرنۆگرافی هەیە، كاریگەرییەكانی ئەم جۆرە ماڵپەڕانە مەترسیدارن و پێویستی بە هەڵوەستە كردن هەیە لەسەری.
ئا/ رۆژ كوردستانی

مامۆستا نزار:هەرزەكار بەهۆی ئەو ئاڵوودەبوونەیەوە زۆربەی جار هەست بە تاوان دەكات و لە هەمان كات دا ناشتوانێت دەستبەرداری بێت

مامۆستا نزار، توێژەری دەروونییە، لەبارەی ئاڵوودەبوون بە سایتە سێكسیەكان گووتی" ڕەنگە ئاڵوودەبوون بە سێكس كۆنترین جۆری ئاڵوودەبوون بێت لە مێژووی مرۆڤایەتی، بەڵام كەمترینیان بێت كە قسەو باسی لە سەر كرابێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە مرۆڤ هەمیشە حەز دەكات ڕەفتارە نەشیاوەكانی لە خەڵك بشارێتەوە و لای كەس باسیان نەكات، لە كاتێكدا ئەم ڕەفتارانە دەبنە مایەی توانج و ڕەخنە گرتنی خەڵك ‌و دووركەوتنەوەیان لێی، بۆیە هەموو كات هەوڵدەدات بە نهێنی ئەنجامی بدات و لە سەرەتادا بە دوای هیچ چارەسەریەك ناگەڕێت، تا ئەو كاتەی تەواو لە دەستی بێزار دەبێت و گرفتەكەی گەورە دەبێت، كەسی ئاڵوودەبوو هەموو كات دەزانێت گرفتێكی بۆ خۆی دروستكردووە، بەڵام لە ترسی پەراوێزكردنی لە كۆمەڵگە بە دوای چارەسەركردندا ناگەڕێ و هەندێكجاریش بڕوایان بە چاكبوونەوە نییە لای هیچ كەسێك، بەڵكو پێی وایە گرفتەكە تایبەتە بە خۆی و هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێ چارەسەری خۆی بكات. ئەمەش گرفتی ئاڵوودەبوون زیاتر دەكات‌ و سەرەنجام ئاڵۆزیەكانی ئاڵوودەبوون بە دیار دەكەون، كە بریتین لە خەمۆكیەكی توند، هەستكردن بە نزمی كەسایەتی، شەرم‌ و ڕقبوونەوە لە خود، بێئومێدی، بێزاری و دڵەڕاوكێی زۆرو ململانێ‌ لەگەڵ دابونەریتەكان، شێواوی لە بیركردنەوە و نەمانی توانای بیركردنەوە و تەركیزكردن، پەشیمان بوونەوەی بەردەوام و خود سەرزەنشتكردن و ترس لە پەراوێزكردن، كە ئەمانە دەبنە هۆی گۆشەگیری‌ و دوور كەوتنەوە لە خەڵك، خۆ پەراوێزكردن لە گۆشەیەك، لە جیاتی بەشداریكردن لە چاڵاكیە كۆمەڵایەتییەكان، دانیشتن لە ماڵەوە و سەیركردنی گۆڤارو فیلمی ئێرۆتیك، كە لە كۆتاییدا و بە هۆی ئەم ڕەفتارانە تووشی چەندین گرفتی دەروونی، كۆمەڵایەتی،جەستەیی، ماددی، خێزانی، پیشەیی، تەنانەت یاسایشی دەبێتەوە".
مامۆستا نزار لەبارەی مەترسییەكانی بەكارهێنانی سایتە وروژێنەرەكان لەلایەن هەرزەكارانەوە گووتی" قۆناغی هەرزەكاری قۆناغێكی، ناسك، ئاڵۆز، خێرا، پڕ لە گۆڕنكاری، پڕ وزە و لێوانلێو لە كاریگەرییە بەسەر قۆناغەكانی داهاتووی تەمەنی مرۆڤەوە. سەبارەت بەوەی، كە چۆن هەرزەكار ئاڵوودە دەبێت بە سایتە سێكسیەكان، كورت و پوخت هۆكارەكەی دەگەڕێنمەوە بۆ (رەخسانی ئەو هەلومەرجە لەبارەی، لە ڕوانگەی دەروونی و جەستەیی و مادیش دێتە ئاراوە بۆ هەرزەكاران) چونكە، لە قۆناغی هەرزەكاری مرۆڤ دەست دەكات بە گۆڕانكارییە جستەییەكان بەگشتی و كۆئەندامی زاوزێ بەتایبەت، كە وادەكات مرۆڤ لەم تەمەنەدا هەوڵی لە پێشینەی ببێت بە تێركردنی ئارەزووە سێكسییەكانی ئەمەش ئەگەر چی سروشتی فسیۆلۆژییە، بەڵام یەكەم هاندەر بۆ هەرزەكار دوای گۆڕانكاری جەستەیش گۆڕانكاری دەروونی بۆ هەرزەكارەكە دێنە پێشەوە، كە لە ئەنجامی تێگەیشتن لە گۆڕانكاریە جەستییەكان، بیركردنەوەی هەرزەكار بەدوای یەكدا پەیام، ئاراستەی دەروونی هەرزەكارەكە دەكەن سەبارەت بەو ئامادەگیەیی، كە جەستە لە دوای گۆڕانكارەكیان هەیەتی و وە زانینی ئەوەی، كە پێویستی بە ڕەگەزی بەرامبەر هەیە بۆ تێركردنی ئەو ئارەزووانەی كە جەستە داوا دەكات، ئەمەش دووبارە دەرهاوێشتەیەكی سرووشتی و ئاساییە، بەڵام هاندەرێكە بۆ هەرزەكار، كە پاڵی پێوە دەنێت بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جۆراوجۆر بۆ تێركردنی ئارەزووەكان. كۆمەڵێك هاندەری تری نا سرووشتی هەن، كە مەترسیدارن ئەوانیش تی ڤی و ئینتەرنێت، كە لەم ڕۆژگارەدا ماڵێك نادۆزیتەوە تی ڤی تێدا نەبێت و دەگمەنیشە تاكێك بدۆزیەوە بە گەورە و بچوكیەوە، كە دەستی بە ئینتەرنێت رانەگەیشتبێت. ڕوونیشە ئەم دوو خزمەتگوزاریە كاریگەریەكانیان هەموو سنوورێك تێ ئەپەڕێنن و نەك بەتەنیا هەرزەكار بەڵكو باوەڕ ناكەم هیچ مرۆڤێكی سەدەی بیست و یەك توانیبێتی خۆێ لە تەوژمی كاریگەریەكانی ئەم دوانە دەرباز بكات. ڕوونە، كە هەرزەكار ئاسانتر ئەكەوێتە بەر شاڵاوی كاریگەریەكان، بەداخەوەشم نە كەناڵە ڕاگەیاندنەكان توانیویان بەرپرسیاریانە ئەدای پەخشەكانیان بكەن و نە دایەبابیش توانیویانە تەندروستانە ئینتەرنێت بخەنە بەر دەستی منداڵەكانیان چونكە بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن لە ڕێگەی پەخشكردنی پرۆگرام و دراماكانیان، كە باس و خواسی سەرەكەی تیایدا بابەتی سێكس و خۆشەویستییە منداڵ و هەرزەكاران هەر زوو ئامادەی ئاڵوودەبوون دەكەن لەڕێگەی ئەو ئاماژە سێكسیانەی بە قووڵی لە دەروونی منداڵ و هەرزەكاران ئەیچەسپێنن لەوەش ترسناكتر سێكس و خۆشەویستی لای ئەو قۆناغە دەكەن بە ئەولەویەت، كە ئەمەش بە بۆچوونی من مەترسیدارترین كاریگەریەكانە، كە ڕاگەیاندن لە كوردستان بە ڕوونی لەسەر ئەم توێژە جێی هێشتووە، ووزەی زۆر و زەوەندی توێژی هەرزەكار تێكرا ئاراستەی ئەم بابەتە دەكات، كە دەكرا ڕاگەیاندنەكان بە پێچەوانەوە ئەو ووزە زۆرەی، كە هەرزەكاران هەیانە ئاراستەی بكەن بۆ مەبەستی زانست و هونەر و وەرزش و داهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەكان، سۆشیاڵمیدیاش هاوتای تی ڤی و بگرە خراپتریش ڕۆلی نەرێنی بینیوە لە ئاراستەكردنی ئەم توێژە بۆ ئاڵوودەبوون بە سایەتە سێكسیەكان و بە هەزاران پەیج و ئەكاونتی سێكسی لەسەر سۆشیاڵمیدیاكان لە كاردان و ئاڵوودەبوان بە سێكس بەڕێوەی ئەبەن كە بەشێوەیەكی ئازادانە و بێ هیچ سانسۆرێك و ڕێگریەك جۆرەها پۆست ئەكات. لە كۆمەڵگەی ئێمەشدا منداڵان لە تەمەنی شەش ساڵی و بگرە خوارتریش بەكارهێنەری سۆشیاڵ مێدیان و زۆر بە ئاسانی بەرخورد دەكەن لەگەڵ هەموو ئەو پەیج و ئەكاونتانە، هەر لەم ڕێگەیەشەوە ناونیشانی ئەو سایەت و ماڵپەڕە سێكسیانە دەست دەخەن لێرەوە و دوای گەیشتنی هەرزەكار بە ماڵپەر سێكسیەكان كاری ئەو ماڵپەرانە ئاسانتر ئەبێت بۆ ڕاوكردنی ئەو هەرزەكارانە وەك نێچیر، چونكە ئەم ماڵپەڕانە ئەكرێت چەند مەبەستێكی لە پشتەوەبێت. بەڵام مەبەستی سەرەكیان بازرگانیكردن و دەستخستنی پارەیە بەرژەوەندی سەرەكی ئەوان لە پڕ بینەری و زۆر بەكارهێنانی ئەو ماڵپەرانەیە، هەموو هەوڵێك ئەدەن بۆ ڕاوكردنی زۆرترین نێچیر، بۆ ئەم مەبەستەش جۆرەها تەكنیك و شێواز بەكار دێنن بۆ ڕاوكردنی زۆرترین نێچیر و ئەگەر ئاڵوودەبوون بە زیانی هەموو جیهان تەواو ببێت ئەوا بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندی ئەوان ئەشكێتەوە".
ئەم توێژەرە باسی كاریگەرییەكانی بەكارهێنانی ماڵپەڕە سێكسیەكان لەسەر لایەنی دەروونی و جەستەیی هەرزەكاران دەكات، و گووتی" بەكار هێنانی ئەم سایتانە كۆمەڵێك كاریگەری نەرێنی بەسەر دەروون و جەستە و لایەنی كۆمەڵایەتی، تاكەكە جێ دەهێڵێت، لە رووی دەروونیەوە كەسێكی دەروون برسی لێ بەرهەم دێت كە هەمێشە بە چاویلكەی سێكس ئە ڕوانێتە ڕەگەزی بەرامبەر و كۆی گشتی ئەو ڕووداوانەی لە دەوروووبەریدا ڕوو دەدەن هاوكات كەسێكی دەروون ڕووخاو و دەروون داهزراوی لێ بەرهەم دێت، چونكە بە هۆی ئەو ئاڵوودەبوونەیەوە زۆربەی جار هەست بە تاوان دەكات و لە هەمان كات دا ناشتوانێت دەستبەرداری بێت بەمەش تاكەكە ڕووبەڕووی ململانێیەكی توندی دەروونی دەبێتەوە وە بە هۆی هەموو ئەو كێشە دەروونیانە و ئاڵوودەبوونی بە ماڵپەڕی سێكسی لەوانەیە بگاتە باروودۆخێك، رەگەزی بەرامبەری لەبەر چاو دەكەوێت و روو ئەكاتە خووڕەوشتی نا سروشتی و نەخوازراو دواجار ئەگەر چارەسەری پێویستی نەكرێت و بەردەوام بێت لەوانەیە بگاتە ئاستی مەترسیدار و ئەنجامدانی تاوانی سێكسی و دەستدرێژی كردن بە جۆرەها شێوە، لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە كەسێكی گۆشەگیر و نامۆ بە كۆمەڵگە دەبێت و زۆربەی جار ڕەفتاری دژە كۆمەڵگەیی ئەنجام دەدات و دەردەچێت لە هەموو ئەو پێوەر و داب و نەریتە كۆمەڵایەتیانەی كە كۆمەڵگە لێی چاوەڕوان دەكات هاوكات لەڕووی تەندروستیشەوە رووبەڕووی كۆمەڵێك كێشەی تەندرووستی دەبێتەوە".
ئەم توێژەری دەروونیە پێی وایە بەكارهێنانی مەلپەرە روتەكان كاریگەری لە دوای هاوسەرگیریش دروست دەكات، ئەو زیاتر روونیكردەوە" سەیركردنی سایتە سێكسیەكان و ئاڵودەبوونی، لە پیاو و ئافرەت دەكات، وەك ئامێری سێكسی سەیری یەك بكەن، لە ئەنجامی سەیركردنی زۆری سایەتە سێكسیەكان وا هەست دەكات ئەو كەسەی دەبێتە هاوسەریشی هەمانشت بێت، چونكە بەكارهێنەرانی سایەتە سێكسیەكان فلتەری كامێرا و تەجمیل و و جۆرەها شت بەكار دەهێنن، تا وا بكەن بینەری خۆیان زیاد بكەن بەڵام كاتێك لە واقع دا دەبینێت بەو شێوازە نیە ئیتر دەبێتە هۆی زوو بێزار بوون لە هاوسەری خۆی، و زیاتر چاو دەخاتە سەر كەسانی تر و دووچاری ناپاكی دەبێتەوە، هەمیشە كاتێك سێكس لەگەڵ هاوسەرەكەی دەكات وا دەزانێت هەمان ئەو كەسەیە كە لە ساییتە سێكسیەكانە و ئەمەش هاوسەرەكەی هەستی پێ دەكات و دەبێتە دووركەوتنەوە و ناكۆكیەكی زۆر لە نێوانیان دواجار سەر دەكێشێت بۆ جیابوونەوە".
د.دلدار تەحسین: سیستمی پەروەردە لە كۆمەڵگەكەمان هیچ جۆرە زانیارییەكی زانستی سەبارەت بە پەیوەندیی سێكسی بە گەنجان نابەخشێ
د.دلدار تەحسین، مامۆستای زانكۆ و پسپۆری بواری كۆمەڵناسیی، لەبارەی كاریگەریەكانی ماڵپەڕە سێكسیەكان لەسەر رەفتار و دەروونی گەنجان گووتی" سایتە سێكسییەكان جۆرێك وێنای ناڕاست لە پەیوەندیی سێكسی پێشانی خەڵك دەدەن كە زۆر دوورە لە پەیوەندیی ڕاستەقینە. لە جیهانی ڕاستەقینەدا جۆرێك پەیوەندیی سۆزدارانە لە نێوان ژن و پیاو شكڵ دەگرێ و پاش تێپەڕكردنی پڕۆسەیەكی دوورودرێژ دەگاتە كردەوەی سێكسی، لە كاتێكدا لە فیلمە پۆرنەكاندا هیچ جۆرە پەیوەندییەكی خۆشەویستی لە نێو ژن و پیاودا نییە و لە ڕاستیدا جۆرێك لەشڤرۆشییە، هەروەها سووكایەتی بە هەردووك ڕەگەزی ژن و پیاو دەكرێ و مرۆڤ تەنیا لە كۆئەندامی زاووزێدا بەرتەسك دەكرێتەوە. ئەو ژن و پیاوانەی لە فیلمە پۆرنەكاندا پێشان دەدرێن كەسانێكی زۆر دەگمەن و پرۆفیشنالن بەڵام بینەران هەوڵ دەدەن خۆیان و پارتنێرەكانیان لەگەڵ ئەو ئەكتەرانە بەراوردبكەن. ئەوەش دەبێتە هۆی بێهیوایی گەنجان چونكە لە جیهانی ڕاستەقینەدا هاوشێوەی ئەو ئەكتەرانە بوونیان نییە. لاساییكردنەوەی فیلمی پۆرنۆ لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەبێتە هۆی بێهیوایی و تەنانەت لە هەندێك حاڵەتدا دەستدرێژی سێكسی لێدەكەوێتەوە".
د.دلدار لەبارەی هۆكاری بەكارهێنانی مەڵپەرە پۆرنەكان لە كۆمەڵگەكەمان گووتی" هۆكاری ئاڵوودەبوونی گەنجان لە كۆمەڵگەی كوردیدا وەك كۆمەڵگە داخراوەكانی دیكە ئەوەیە، كە ڕوانینێكی سووك بۆ ژن باوە، و ژن زیاتر وەك ئامرازێك بۆ دابینكردنی مەیلی پیاو سەیر دەكرێ، هەروەها نەبوونی پەیوەندیی ئازادانەی كچ و كوڕ لە سەردەمی گەنجیدا دەبێتە هۆی پێكهاتنی وێنای دوور لە ڕاستی سەبارەت بە پەیوەندیی سۆزدارانە و سێكسی، جگە لەوانە سیستمی پەروەردە لە كۆمەڵگەی كوردستان هیچ جۆرە زانیارییەكی زانستی سەبارەت بە پەیوەندیی سێكسی بە گەنجان نابەخشێ كە ئەوەش، دەبێتە هۆی پەلكێشبوونی گەنجان بۆ لای سایتە سێكسییەكان لە كاتێكدا كە ئەم سایتانە بە مەبەستی پەروەردەی سێكسی دانەمەزراون بەڵكوو بۆ ورووژاندنی هەستی لاوازی كەسە نەخۆشەكان و بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ و بەلاڕێدابردنی جەماوەر بە مەبەستی زاڵبوون بەسەریاندا دانراون".
ئەم مامۆستای زانكۆیە لەبارەی داهاتووی ئەو گەنجانەی ئاڵوودە دەبن بە سایتە رووتەكان، گووتی" ئاڵوودەبوون بەو سایتانە دەبێتە هۆی پێكهێنانی كەسایەتییەكی لاواز و ناچالاك كە ڕوانینێكی ئامرازی بۆ مرۆڤ هەیە. ئاشكرایە كە وەها كەسایەتییەك تووشی گرفتی كۆمەڵایەتیی زۆر دەبێتەوە چونكە زۆربەی مرۆڤەكان حەز ناكەن ببنە ئامرازێك بۆ مەیلی كەسانی دیكە. هەر بۆیە داهاتووی كەسانی ئاڵوودە بە پۆرنۆگرافی زۆر نادیار و ناڕوونە و ئەو كەسانە لە كۆمەڵگەدا پەراوێز دەخرێن".

مامۆستا عبدالفتاح: سەیركردنی ئەم مەڵپەڕانە بەتێپەڕ بوونی كات وا دەكات ئارەزووی سێكس كردن لەلای پیاو و ژن كەم ببیت

مامۆستا عبدالفتاح، مامۆستاو سەرۆكی بەشی دەروونزانی زانكۆی سۆران، لەم بارەیەوە بۆمان دەدوێت و باسی بەكارهێنانی ماڵپەڕە سێكسیەكان لە نێو هاوسەران دەكات" ئاڵوودەبوان بە بینینی بابەتە سێكسیەكان وەك دیاردەیەكی شەڵەژان و نەخۆشی دەروونی سەیر دەكرێت، چونكە زۆرێك لە چارەسەركارانی دەروونی ددانی پێ دەنێن كە جۆرێكە لە ئاڵوودبوون، كە مەترسیەكی زۆری هەیە لەسەر كەسایەتی و دروستی دەروونی تاك و بەتایبەت لەنێوان هاوسەران، و بەبینینی ئەم بابەتانە ناوەندەكانی وورووژاندن لەناو مێشك چاڵاك دەبن بۆ ماوێەكی درێژ خایەن ئەمەش بە دەوریخۆی كارلێككردن دروست دەكات لەناو لەشی پیاو و ڕۆڵی وورووژاندن و ئارەزووی سێكسی زیاد دەكات، ئەمەش لەدواجار چاڵاكی ووروژاندنی رژێنەكانی زاوزێ كەم دەكات ئەگەر هات و بۆ ماوەیەكی درێژ ئاڵوودەبوو سەیری ئەو ماڵپەڕانە، جگە لەمەش سەیركردنی ئەم بابەتانە بەتێپەڕ بوونی كات وا دەكات ئارەزووی سێكس كردن لەلای پیاو و ژن كەم ببیت، ئەمەش كاریگەری دەخاتە سەر جۆری پەیوەندی خێزانی لەنێوان هەردووكیان. و لەدواجار شەڵەژان وتێكچونی پەیوەندی سۆزداری وخۆشەویستی لەنێوان هاوسەران، زۆرجار ئافرەتەكان چاوەڕێی ئەوە دەكەن كەوا پیاوەكانیان هاوشێوەی كاراكتەری نێو ڤیدیۆكان بۆ ماوەیەكی زۆر سێكسیان لەگەڵ بكەن و نەگەنە ئۆرگانیزم كە هەندێكجار دەگاتە نزیكەی كاتژمێرێك بێ ئاگا لەوەی كەوا ئەو ڤیدیۆیانە بە سەریەكەوە تۆمار نەكراون بەڵكو بە شێوەی پچر پچر تۆماركراون و دواتر پارچەكان لەگەڵ یەكتر بەستراونەتەوە، كە ئەم چاوەروانیە نا لۆژیكیەش لەلایەن ئافرەتانەوە كێشەی زۆر دروست دەكات، چونكە ئەم فیلمانە جەخت دەكەنە سەر لایەنی دروستكردنی پەیوەندی وچێژ وەرگرتن لەیەكتری بەشێویەكی راستەوخۆ، بۆیە جۆری پەیوەندی خێزانی تێكدەچیت، زۆر بینینی ئەم بابەتانە وا دەكات مرۆڤ هەست بە ماندووبوون بكات و هەوەسی دەست گەمە لەنێوان هاسەران كەم دەبیت، بۆیە دەبێتە هۆی زوو خۆ بەتاڵ كردن یان رەحەتبوونی زوو لەلای پیاوان و لەدەست دانی ئارەزووی بەردەوامی پێدانی پەیوەندیەكە، ئەمەش وادەكات پەیوەندیە سروشتیەكە لەنێوانیان كەم ببێت و بەشێویەكی هەڵە ئەنجام بدرێت، لەم سایتانە جۆری پەیوەندی و ئافرەتەكان وانیشانی خەڵك دەدەن كە وەك كەرەستە وئامرازێكی چێژ بەخش بازرگانی پێ دەكرێت، و لەشی ئافرەت موڵكی پیاوە وهەرچی بیەوێت لەگەڵی ئەنجام دەدات، بەڵام لەژیانی راستەقینەدا زۆر شت لەنێوان هاوسەران رێگا پێدراو نیە، یا قابیلی قبول نیە، و لە زۆر حاڵەتی جوتبوون زۆر شت هەیە كە هەوەسی دەكەن بیكەن بەڵام ناتوانن چونكە بەپێی داب ونەریتە كۆمەڵایەتیەكان و بەها و رەوشتی و ئاكاری و ئاینی رێگا پێدراو نیە، بۆیە لەدواجار پەیوەندیەكان وجۆریان شكست دەهێنن وتوشی داتەپێن دەبن".
مامۆستا عبدالفتاح، لەبارەی داهاتووی ئەو هاوسەرانەی ئەو جۆرە مالپەڕانە بەكار دەهێنن گووتی" كەسی ئاڵوودەبوو ناتوانێت ئارەزووەكانی تێربكات هاوشێوەی ئەكتەرە بەناوبانگەكانی فیلمەكان لەبەر ئەوەی ئەوان گەنجن ورۆژانە ئەكتەری نوێ لەزیادبوونن، وخۆیان بەباشترین وجوانترین شێوە دەڕازێننەوە، بۆ هەموو شتێك و شێوێەك خۆیان ئامادەدەكەن تاوەكو كەسی بەرامبەر رازی بكەن ئەمەش ڕەنگە لەلای هەموو كەسێك بەدی نەكرێت، لەدواجار هاوسەرەكان لەژیانی راستەقینەی خۆی رازی نابێت وپێی قایل نابێت وئارەزووەكانی بۆ بەرامبرەكەی كەمتر دەبێت، و بەپێی لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەم بابەتە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەریانخستووە، ئەمە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ لێكترازانی خێزانەكان، و بەپێی راپرسیەك زۆربەی هاوڵاتیانی ئەمەریكا دەزانن، بینینی ئەم بابەتانە كارێكی هەڵەیە بەڵام نازانن چەند رەنگدانەوەی نەرێنی هەیە لەسەر تێكچونی تاك وشێرازەی خێزانی، چونكە زۆربەی داتاكان دەریانخستووە كە فیلم و بابەتە سێكسیەكان ڕۆڵێكی سەرەكی و بەرچاویان هەبووە لەسەر زیاد بوونی كەیسەكانی جیابوونەوە لەنێوان خێزانە ئەمریكییەكان".

زۆرترین بینراو