بەنزین سەرەڕای خراپی كواڵێتی نرخیشی گرانە

بەنزین سەرەڕای خراپی كواڵێتی نرخیشی گرانە

محەمەدباڵەك-سۆران: بەنزین وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی سوتەمەنی بۆ بەكارهێنانی بەشێك لە پێداویستیەكانی ژیان، بەتایبەت ئۆتۆمبێل بەكاردێت و سوودی لێ دەبیندرێت، بەڵام لە ئێستا نرخی ئەم سوتەمەنییە بە رێژەیەكی بەرچاو رووی لە بەرز بوونەوە كردووە و گرانە، لەهەمانكاتدا بە گووتەی شوفێران و بەركارهێنەرانی بەنزیەكە كوالێتیەكەی نزمە و بزوێنەری بەشێكی زۆری ئۆتۆمبێلەكانی تێكداوە، ئەمەش نیگەرانی لای شۆفێران درووست كردوە، ئەوان لایەنی بەرپرسی شار بەكەمتەرخەم دەزانن ‌و خاوەن بەنزینخانەیێكیش دەڵێت" خراپی كوالێتی بەنزین لە بەرپرسیاریەتی ئێمە نییە و ئەو بەنزینەی ئەیكڕین بەم جۆرەیە"، زاری كرمانجی بۆ بەدواداچوونێكیدا بۆچوونی شۆفێران و خاوەن بەنزینخانەكاندەخاتەڕوو .
ئیسماعیل نەبی خاوەن تاكسیە و رۆژانە كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان دەكات بە زاری كرمانجی گووت" "لەگەڵ ئەوەی كوالێتیەكەی نزمەو زیان بە ئۆتۆمبێلەكانمان دەگەیێنێ‌ بەڵام ئێمە ناچارین ئەم بەنزینە بەكار بهێنین، ئەم بەنزینەی ئێستا دەفرۆشێتە شۆفێران كەڵكی بەكار هێنانی نییە و خراپە، بەناچاری ئەم بەنزینە بەكار دەهێنین، ناشزانین كێ‌ لەمە بەرپرسە، بۆ دەبێ‌ لەسەر حیسابی خەڵكی هەژار گیرفانەكانیان پڕبكەن، ئەی كاری كوالێتی كۆنتڕۆڵ چییە بۆ نەتوانراوە ئەم دیاردەیە نەهێڵن كە هەر ماوە ماوە بەنزینێكی خراپ دێنە ناوەو بەئێمەی ساغ دەكەنەوە".
وشیار جەلال شۆفێرێكی تری تاكسی یە و ئەو لەپێش تاكسیەكەو وەستابوو چاوەڕێی نەفەرێكی ئەكرد ئەمیش بەم جۆرە بۆزاری كرمانجی گووتی" ماوەیەكە تێبینی ئەوەمان كردووە جۆرێك بەنزین هاتۆتە بەنزینخانەكان كە زۆرخراپە و كوالیتیەكەی نزمە، كەچی لەهەمان كاتدا لە بەنزینخانەكان نوسراوە ئۆكتانی لە سەرووی سەدا ( 90 )ە، بەڵام ئەمە هیچ راستیەكی بۆی نییە، كاتێك ئۆتۆمبێلەكەمان لێدەخورین دەنگ لە مەكینەی ئۆتۆمبێلەكەمان دێت وەك ئەوەی بڵێی بزوێنەرێكی شكاوی لەسەر بێت، لەهەمان كاتدا نرخەكەشیان گرانكردووە، بۆیە پێم وایە ئەمە خۆدەوڵەمەند كردنە لەسەر حسابی خەڵكی و هیچی تر".
سەفین ئەحمەد هاووڵاتیێكی تری تەمەن 20 ساڵی دانیشتوی سۆرانە و ئەو بە پیكابێك كاری فرۆشتنی مێوە دەكات لە كۆلانەكان ئەو بەنیگەرانیەوە گووتی" لەهەموو ساتێك هەژارەكان یەكەمیین قوربانی دەستی دەوڵەمەندەكانن، ئێمە نازانین ئەم بازرگانانە ویژدانیان لەكوێیە؟، بۆچی یاری بە بژێوی خەڵك دەكەن و ئەم جۆرە بەنزینە دێننە بەنزینخانەكان، دواتر بەرپرسانی ئەم شارە لەكوێ‌ خەوتوون، بۆچی چارەسەرێكی ئەم ئاریشەیە نادۆزنەوە، داوا لە بەرپرسان‌و كوالێتی كۆنتڕۆڵ دەكەین بەنزینخانەكان بەسەر بكەنەوەو ئەو كەسانەی سەرپێچیان كردووە سزا بدرێن".
وریا مەحموود گەنجێكی تەمەن 30 ساڵەو خاوەن ئۆتۆمبێێكی تایبەتە بە زاری كرمانجی گووت " پێم سەیرە بەم جۆرە بەنزینە بگوترێ‌ بەنزین، ئەمە تەنها نەوت ‌و ئاوو كەمێك بەنزینی تێكراوە، ئەم نرخەی ئەوان لەسەر بەنزینێكی وا خراپیان داناوە ماوەیەك لەمەو بەر باشترین جۆری بەنزینت پێ‌ ئەكڕی، بۆیە هەرگیز ئەمە جێگای قبوڵكردن نیە، بەلام هیچ دەستەڵاتێكمان نیبە و ناچارین خۆمانی لێبێدەنگ بكەین".
سەركەوت سەعید هاووڵاتیێكی تری دنیشتوی شارۆچكەی خەلیفانە و ئەو لەناوچەی پیشەسازی سۆران ئۆتۆمبێلەكەی پەكی كەوتبوو بەهۆی خراپی بەنزینەوە ئەو بەمجۆرە بۆمان هاتە دووان و بە زاری كرمانجی گووت" لەهەموو پارێزگاكانی عێراق نرخی بەنزین هەرزانەو كوالێتیەكەشی بەرزە، بەڵام لێرە كەس لێپێچینەوە ناكات‌و بەئارەزووی خۆیان بەنزین و ئاو تێكەڵ دەكەن‌و بازرگانان خۆیان نرخەكان دادنێن". زیاتر گووتی " لەماوەی یەك هەفتەدا دووجار فیتپەمپی ئۆتۆمبێلەكەم گۆڕیووە، ئەمەش لەكاتێكدا پێشتر وانەبوو شۆفێر ئازاد بوو لەوەی كامە بەنزین لە ئۆتۆمبێلەكەی ئەكات، بەڵام ئیستا هەمووجۆرەكانی وەك یەكن‌و نرخەكانیشیان گرانە بۆیە داوا كارین چارەسەری ئەم ئاریشەیە بكرێت بە زووترین كات".
لە لای خۆشیەوە، رێباز محەمەد خاوەن بەنزینخانەیەكە و سەبارەت بە جۆر و خراپی كوالێتی بەنزین بۆ زاری كرمانجی راگەیاند" ئێمە هیچ كات بیرمان لەوە نەكردۆتەوە قۆڵی خەڵكی ببڕین، ئەوەی برایان شۆفێر دەرهەق بە ئێمەدەڵێن هیچی راست نیبە، ئەو ماوەییە كوالێتی بەنزین باش نییە و جێی تێبینی ئێمەشە، بەڵام ئەمەش لەدەستەڵاتی ئێمەدا نییە، جگە لەمەش نرخەكەی خۆی گرانە نەك ئێمە گرانمان كردبێ‌، بەنزینی سوپەڕ و محەسن لە ئەوانی تر باشترە بەڵام نرخەكەی گرانترە، شۆفێرانیش كامە بەنزین نرخی هەرزانە ئەو ئەكڕن، بۆیە ئەمە لەدەستی ئێمە دانییە و ئێمە ناتوانین بە شۆفێر بڵێن ئەمە بكڕەو ئەمە مەكڕە".
شایەنی باسە، نەرخی بەنزین لە بەنزینخانەیەك بۆ بەنزینخانەیەكی تر جیاوازی هەیە و نرخەكەی جێگیر نییە، لە 600 دینار تا 900 دینار دەچێت و بڕیار وایە حكومەتی هەرێم نرخی بەنزین كەم بكاتەوە .

زۆرترین بینراو