بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ دەیان خێزان گیریان خواردووە

بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ دەیان خێزان گیریان خواردووە

موڕشید برادۆستی–سیدەكان: بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ، چەندین خێزان لە دەڤەری برادۆست گیریان خواردووە و مەفرەزەی هێزە ئەمنییەكانیش بەهۆی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ رێگەی گەڕانەوەییان پێ نادەن.
ماوەی چەند رۆژێكە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بڕیاریداوە بە قەدەغە كردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەی هاووڵاتییان، بەو هۆیەوە چەند خێزانێكی دانیشتووی هەولێر و دەورووبەری لە ناوچەكە گیریان خواردوە، بەپێی زانیاریەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، ژمارەیەك خێزانی سنووری سیدەكانیش كە بەر لە دەركردنی بڕیارەكە گەشتی نێو ماڵی خزم و كەس و كاریان كردووە و ئێستە لە سنووری هەولێر ماونەتەوە .
سەردار برادۆستی گەنجێكی دانیشتووی ناحیەی رزگاری هەولێرە، بە زاری كرمانجی گووت" سەبارەت بە بڕیاری حكومەتی هەرێم، بۆ قەدەغەی هاتووچۆ لە سەنتەری شارەكان و نێوان شار بۆ شار و قەزاكان بۆ یەكتری، لەگەڵ ئەوەی سودێكی باشی بۆ خەلك هەیە لە پاراستنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڵام كێشەیەكی گەورە بۆ خەلكیش درووست كردووە و چەندین خێزان كە پەیڕەوی بڕیار و رێنمایەكانی حكومەت بوون و رێزیان لەو بڕیارە گرت، نەیان توانیووە بگەنەوە ماڵەكانییان و ئێستە گیریان خواردووە".
زیاتر گووتی" بڕیارەكانی قەدەغەی هاتووچۆی حكومەت، بە دووایەكدا هات، بە شێوەیەك جاری یەكەم تەنها بۆ ماوەی 24 كاتژمێر، دواتر 48 كاتژمێر، دواتر بۆ هەفتەیەك تەنها لە كاتژمێر 12ی شەو رێگە پێدراو بوو بەڵام هاتووچۆی ئەو كاتە بۆ رێگایەكی وەك هەولێر بۆ سۆران و سیدەكان گونجاو نەبوو بۆیە خۆیان دواخست بەڵام هێشتا قەدەغەی هاتووچۆ هەر بەردەوامە، بەو هۆیەوە دوو خێزانی دە كەسی كە لە دایك و كەس و كارم پێكهاتوون لە ناحیەی سیدەكان گیریان خواردوە و نزیكەی دوو هەفتەیە ناتوانن بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بگەڕێنەوە، بۆیە داوا دەكەین حكومەتی هەرێم رێگە چارەیەك بدۆزێتەوە بۆ گەڕانەوەی هەموو خێزان و ژن و مناڵەكان كە لە ناوچە جیا جیاكان بەهۆی ئەو بڕیاری حكومەت گیریان خواردووە".
بۆ ئەم مەبەستە، زاری كرمانجی پەیوەندی كرد بە فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بەوەدا" وەكو پارێزگا یەكە كارگێڕیەكانی سنوورەكەمان ئاگادار كردۆتەوە بە پێدانی فۆڕمێك، رێگە پێدان بۆ ئەو كەسانە بكرێت كە بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ گیریان خواردووە تا بگەڕێندرێنەوە شوێن و ناوچەكانی خۆیان تا گرفتیان بۆ درووست نەبێت".
لەلای خۆشیەوە، كرمانج عزەت قایمقامی قەزای سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند:" لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆپاراستنی هاووڵاتییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتووچۆمان زۆر توند كردووە و چەندین مەفرەزەی هاوبەشمان لەسەر رێگە سەرەكی و لاوەكییەكان داناوە، ناهێڵین ئۆتۆمبێل و هاتووچۆی پیادەش بە رێگاكاندا بكرێت".
بە گووتەی قایمقامی سۆران، لەگەڵ توند كردنی رێنمای و رێكارەكانی پەیوەست بە هاتووچۆ، ناشكرێت ئەو خێزان و هاووڵاتییانەی كە لە قەزایەك یا پارێزگایەك بەسەردان روویان لە ماڵی خزم و كەس و كاریان كردووە لە سۆران و دەورووبەری، هەر لێرە بمێننەوە، بۆیە لە رۆژی شەممە 28ی ئاداری 2020 فۆڕمی رێگە پێدان بەو كەسانە دەدەین كە خێزان و مناڵەكانیان لێرە گیریان خواردوە یا لە قەزایەكی ترە دەیەوێت بگەڕێنێتەوە ماڵەكەی".

زۆرترین بینراو