بەهۆی نەمانی بەخشین كارە رۆشنبیریی و هونەرییەكان وەستان

بەهۆی نەمانی بەخشین كارە رۆشنبیریی و هونەرییەكان وەستان

رەمەزان هەرنی- بارزان: بەڕێوەبەرایەتی بەشی رۆشنبیری و هونەری بارزان لە سنووری خۆیدا چەندین چالاكی جۆراوجۆری لە بوارەكانی هونەری و رۆشنبیری و ژینگەیی و گشتی ئەنجامداوەو لە پاڵ ئەوەی یارمەتی گۆرانبێژو بەهرەمەندانی دەڤەرەكەی دەكات لە بواری هونەریدا.
حەسەن بابەكر, بەڕێوەبەری بەشی رۆشنبیری و هونەری بارزان بە زاری كرمانجی گووتی" ئێستا سەرقاڵی چەند چالاكییەكین لە بواری گشتیدا وەك ئەنجامدانی سمینار لە قوتابخانەكان لەسەر هوشیاری تەندروستی و ژینگەیی و كۆمەڵایەتی، ئەم سمینارانە لەلایەن كەسانی پسپۆر بۆ قوتابییان شڕوڤە دەكرێن, لە هەمانكاتدا ژمارەیەك خۆلی جۆراوجۆرمان كردوتەوە بۆ بەهرەمەندانی دەڤەرەكەمان لەبواری موزیك و كاری دەستكردو چەندین بواری تر، زیاتر لە 50 بەشدار بوو سوودیان لێ بینیوە, لە ماوەی رابردوو چەندین ئاهەنگی هونەریمان ئەنجام داوە، بە بەشداری هونەرمەندان و بەهرەمەندانی دەڤەرەكە بۆ یادە جیاوازەكانی كوردستان".
حەسەن گووتیشی" لە سەرەتای دامەزراندنی سەنتەرو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەدەڤەرەكەمان رۆڵێكی زۆریان هەبوو تا گەیشتە ئەو رادەیەی رادیۆ، گۆڤار و رۆژنامە دەركەن، بە هەفتانەو مانگانەو وەزری، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی لە كوردستان و نەمانی پێشینە لەلایەن حكوومەتەوە هاوكاری نەكردنی كەرتی تایبەت بووە هۆكار بۆ وەستانی گشت كارو چالاكییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا لە دەڤەرەكەماندا".
حەسەن ئەوەشی خستەروو" توانیمان گرووپی موزیكی و هونەری دروستبكەین بۆ هونەرمەندانی گورانی بێژ و شانۆكار و چەندین بەشی تری هونەری، توانیمان رێز لێنان و رێورەسم بۆ هەمووان رێكبخەین و بەپێی توانا پاڵپشتی لە كارو چالاكییەكانیان بكەین, لەگەڵ رێكخستن و ئەنجامدانی چەندین كۆنسێرێت بۆ هونەرمەندانی دەڤەرەكەمان لە شوێنە جیاوازەكان ئەمە لەخۆیدا پاڵپشتییەكی زۆر بوو بۆ ئەو كەسانەی تازە هاتوونەتە ناو بواری هونەری".
حەسەن بابەكر ئەوەشی گووت" لەم كۆتاییانەدا خۆلێكی موزیكمان كردەوە لەدەڤەرەكەمان بۆ ماوەی سێ مانگ، لەگەڵ رێكخستن و سازدانی چەندین سمینارو كۆبوونەوە بۆ گۆێ گرتن لە داواكارییەكانی هونەرمەندانی دەڤەرەكە، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگای سەرووی خۆمان بۆیان چارەسەر بكەین, ئێمەش وەك بەشی رۆشنبیری و هونەری بارزان لەسەر خەتین لەگەڵ سەرووی خۆمان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هونەرمەندان و رۆشنبیران و ئەوەی لەدەستیشمان بێت بۆیان دەكەین".
حەسەن ئەوەشی ئاشكرا كرد" لە پاڵ ئەوەی ساڵانە فیستیڤاڵی كولتووری بارزان ئەنجام دەدەین, گەشتێكمان رێكخست بۆ رۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی كوردستان و هەموو پارێزگانی كوردستان لە ناو سروشتی دەڤەری بارزان، لەگەڵ كردنەوەی پێشانگایەكی گوڵ و سروشت بۆ رێكخراوی گوڵ و سروشت لەگەڵ رێكخستنی ئاهەنگێكی هونەری, پلانمان هەیە ژمارەیەك سمینار بۆ ئافرەتان رێكبخەین لەسەر هوشیاری تەندروستی و نەخۆشییەكانی تایبەت بە ئافرەتان, لەگەڵ كردنەوەی چەندین پێشانگای فۆتۆگرافەری و شێوەكاری و كاری دەستی بۆ هونەرمەندان و بەهرەمەندانی دەڤەرەكەمان, لەگەڵ كردنەوەی خۆلی موزیك و كۆمپیوتەر و ئەنجامدانی چەندین دیدار لەسەر بارودۆخی كوردستان و رۆژەڤ , گرووپی موزیكی تایبەت بە دەڤەری بارزان دروستكراوە، بەڵام زیاتر پاڵپشتی لێ دەكەین, لەگەڵ گرووپی هەڵپەركی تایبەت بە دەڤەری بارزان و ئەنجامدانی چەندین پێشبركێی تایبەت بە خوێندنەوەی پەرتووك, و رێكخستنی چەندین كۆڕی شیعر خوێندنەوە بۆ شاعیرانی دەڤەرەكە و ئەنجامدانی چەندین كۆنسێرتی هونەری و موزیك و دابەشكردنی رێز لێنان بەسەر هونەرمەندان و خەمخۆرانی بواری هونەری لە دەرڤەی بارزان".

زۆرترین بینراو