بەهێز تر لە جاران پێشمەرگە لە ئامادەباشی دایە

بەهێز تر لە جاران پێشمەرگە لە ئامادەباشی دایە

رەمەزان هەرنی – هەولێر: دوای راگەیاندنی هەواڵی كۆشتنی ئەبووبەكر بەغدای خەلیفەی داعش لە عێراق و شام, كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، جیهان بەم هەواڵە دڵخۆش بوو، چونكە زیانی زۆری بە مرۆڤایەتی گەیاند، فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك دەڵێ:" بە كۆشتنی ئەبووبەكر بەغدادی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كۆتایی ناهێت، بەڵكو بەهێزتر دەبێت، بەشداریكردنی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لەسەنگەرەكانی پێشەوە بەرامبەر بە هەموو چەكێك بوو، پێشمەرگە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك لە ئامادەباشی تەواودایە.
ئێوارەی رۆژی 27 ی ئۆكتۆبەری 2019 , دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە فەرمی رایگەیاند، كاتێك هێرشیان كردۆتە سەر ئەبووبەكر بەغدادی، ناوبراو خۆی و سێ لە منداڵەكانی لە پارێزگای ئیدلب تەقاندۆتەوە, دواتری هێز و لایەنی جیاواز بە شێوەی جۆراوجۆر بانگەشەی ئەوەیان كرد كە ئەوان شوێنی بەغدادیان ئاشكرا كردووە، بەغدادی 5 ساڵ سەرپەرشتی گرووپە تیرۆریستییەكانی داعشی دەكرد لە عێراق , دواتر لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان داعش تێكشكێنرا.
لیوا تارق سلێمان هەرنی، فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك بە زاری كرمانجی گووت:" هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ماوەی سێ ساڵ گەورەترین بەرپەرچدانەوەیان هەبوو بەرامبەر چەكدارانی تیرۆریستانی داعش كە ساڵی 2014 ـە هێرشیان كردە سەر كوردستان بە هێزو بازووی پێشمەرگە قارەمانەكان بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی پێشمەرگەی كوردستان توانی سەركەوتن بەدەست بێنیت، بۆ جیهان سەڵماندی كە هێز بەچەك نیە، بەڵكۆ بە ئیرادەیە پێشمەرگە چەكی گەوەری بەدەستەوە نەبوو، بەڵام ئیرادەیەكی پۆلاینی هەبوو، بەشداریكردنی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لەسەنگەرەكانی پێشەوە بەرامبەر هەموو چەكێك بوو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان, پێشمەرگە قەت هێرشبەر نەبوو، بەڵام بەرگریكارێكی سەرسەخت بوو، وای كرد جیهان بجووڵێت و بە هانای پێشمەرگەوە بێت, هاوپەیمانی دژی داعش دروست بكرێت".
لیوا تارق، گووتیشی:" چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەفەرمی رایگەیاند، كە لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی سەربازی دا ئەبووبەكر بەغدادی خەلیفەی داعشیان كوشتووە، بەڵام ئەوە ئەو چەندە ناگەینێ كە كۆتایی بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش دێت، وای دەبینم داعش لە دوای نەمانی خەلیفە ئەبووبەكر بەغدادی بەهێزتر دەبێت و دڕندەتر دەبێت بەدانانی كەسێك لە شوێنی ئەو كە شارەزایی زیاتری هەبێت لە كردەوە تیرۆریستیەكان، بە كۆشتن و لەنابردنی خەلیفەی داعش هیچ كاریگەری لەسەر رێكخراوی تیرۆرستی داعش دروست نابێت و ئەو رێكخراوە كۆتایی ناهێت، چونكە لەناوبردنی داعش بە كەسێك لەناو ناچێت، بەڵكو پێویستە فكرەی داعش نەمێنیت تاكو داعش كۆتایی بێت, ئەگەر یەك كەس بمێنێت لە رێكخراوی تیرۆرستی داعش، ئەو رێكخراوە هەر ماوە بەڵام بە نەمانی بیر و فكری داعش ئەو كات دڕندەیی داعش كۆتایی دێت، بەو پێەی دروستكردنی داعش لەسەر بنەمایی خراپ دروست بووە هەر كەسێك ببێتە جێگرەوەی ئەبووبەكر بەغدادی هەمان كارەكانی پێشووتر ئەنجام دەدات هەمان پەیڕە و پڕۆگرامی داعش جێبەجێ دەكات.
تارق سلێمان روونیشكردەوە:" هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام لە ئامادەباشی تەواو دانە لە سەنگەرەكان، سەر سنووری كوردستان، پێشمەرگە نەك تەنها بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلامارەكانی داعش بۆ هەر دووژمنێك كە بیەوێت هێرشی سەر كوردستان بكات، ئێمە لە ئامادەباشی تەواو داین بە ورەیەكی بەهێزتر لە جاران، راستە مەترسی سەر هەڵدانەوەی داعش لە ئارادایە، بەڵام بەهێز تر لە جاران پێشمەرگە لە ئامادەباشی دایە، پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەباشیدایە بۆ هەر دەستدرێژیەك كە دەكرێتە سەر كوردستان لەلایەن هەر دووژمنێكەوە بێت، ئێمە ئامادەین گیانمان بەخت بكەین لە پێناو پاراستنی كوردستان و گیانی خۆمان بكەینە قوربانی و لەسەر رێبازی شەهیدەكانمان و هاوسەنگەرەكانمان بەردەوامبین بۆ پاراستنی كوردستان".

زۆرترین بینراو