بەهەشتی هەندەران لە نێوان رێگەی مەرگ و ژیان دا

بەهەشتی هەندەران لە نێوان رێگەی مەرگ و ژیان دا

پشتیوان كەریم – سۆران:
لەنێوان ساڵی 2003 بۆ 2015 زیاتر لە 55 هەزار هاووڵاتی كورد لە ئەوروپا گەڕانەوە باشووری كوردستان، لەبەرامبەریشدا بە هەزران گەنج لەپێناو ژیانێكی شایستەتر بۆ خۆیان و بە بیانووی گەیشتن بە بەهەشتی هەندەران رێگەی مەرگ و ژیانیان هەڵبژارد.
رۆژانە لە سەر زاری خۆیانەوە گوێبیستی دەییان چیرۆكی پڕ لە تراژیدیا دەبین و لە شاشەی تیڤیەكانیشەوە دیمەنی نقووم بوونی یەختەكان و قوربانیان دەبینین، سەرەڕای ئەوەش كۆچی گەنجان بەرەو دەرەوەی وڵات بەردەوامی هەیە، بۆیە زاری كرمانجی بە پێویستی زانی بەدواداچوونێك لەسەر ئەو پرسە بكات و هۆكارەكانی كۆچی گەنجان دەربخات.
محەممەد عالی تەمەن 25 ساڵ دانیشتوی قەزای سۆرانە پێی وایە بێكاری یەكێكە لەو هۆكارانەی كە بوونەتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ ئەوەی گەنج كۆچ بكات، ئەو دەڵێ‌"بێكاری وای لەگەنج كردوە بیر لە هەندەران بكاتەوە، من وەك گەنجێك هیچ كارێك نییە كەوا بیكەم ئامادەشم گەر كار هەبێت بە 150هەزاریش كار بكەم بەڵام كار نییە، شەوان تاكوو چواری بەیانی لەرێگەی موبایلیەوە خەریكی یاریكردنم و لە ڕۆژیشدا خەوتووم لەبەر بێكاری، بێتاقەتی وای لەگەنج كردوە تووشی خەم و خەفەت بێت"، محەممەد هێما بۆ ئەوە دەكات كە جاروبار رێكخراوە بیانییەكان دەبنە فریاد رەسەی گەنجان و بۆ ماوەیەك دەیانخانە سەر كار"رێكخراوێكی ئەڵمانی بۆ ماوەی 40 رۆژ كارێكی پێداین و رۆژانەكەشی 25 هەزار دینار بوو، لەو چەند رۆژەیە زۆر خۆشحاڵبووم وامدەزانی هەموو دونیا ئی منە، بۆیە داواكارم لە حكومەت ئاورێك لە چینی گەنج بداتەوەو هەلی كاری بۆ بڕەخسێنێ بە تایبەت لە كەرتی تایبەت چونكە ئەوە سوودی هەم بۆ حكومەت و گەنجانیش دەبێت، كاتێ‌ گەنج خاوەن كاری خۆی بوو هەرگیز بیر لە هەندەران ناكاتەوە".
دژوار مەلا تەمەن 18ساڵ دانیشتوی سۆرانە، لەبەر خراپی بارودۆخی ماددی خێزانەكەی ناچاربووە واز لە خوێندن بهێنێ و روو بكاتە بازار و بە دوای كاردا بگەڕێت"لە پۆلی هەشتەمی ئامادەی وازم لە خوێندن هێناو بەدوای كاردا گەڕام، كارم دەست ناكەوێت"، ئەو دەڵێ‌ ئامادەم بچمە هەندەران بە مەرجێك زەمانەتی گەیشتنم پێ بدرێت بەو وڵاتەی مەبەستمە "ئەوەی سەت لەسەت بەلێنی ئەوەم پێ بدات كەوا بەسەلامەتی بم گەینێتە هەندەران ئامادەم بڕۆم، چونكە كار نییە گەنج بێكار و بێزارە هاوڕێی واشم هەبووە باوكی ئۆتۆمبێلی بۆ فڕۆشتوەو ناردوویەتی بۆ دەڕەوەی وڵات"، دژوار دەڵێ‌ گەر حكومەت بە جددی ئاوڕ لەگەنج نەداتەوە، كوردستان گەنجی تێدا نامینێ.
زەكەریا قوتابی زانكۆی سۆرانە 22ساڵە خەڵكی قەزای ئاكرێیە دەڵێت"نەبوونی هەلی كار و ڕەخساندنی ژینگەیەكی باش لە ڕوویی ئابووری وا دەكات تاك ڕوو لە دەرەوەی وڵات بكات، بۆیە ئەگەر سەیر بكەین لەنێو خودی كۆمەڵگەدا زۆر جار بەجێهێشتنی وڵات وەك نەریتی لێهاتووە، لەم روانگەیەوە دەشێ بڵێین بەشی زۆری ئەوانەی كۆچ دەكەن بەرەو دەرەوەی وڵات، یان لەبەر كێشەیەكی تایبەت وەیان گشتی یە، هەندێ جار دەوڵەمەندبوون و بوون بە خاوەن سەرمایەكی باش، پاڵنەرە بۆ گەنج كە بەدوای ژیانێكی شایستەتر بگەڕێ و روو لە وڵاتێك بكات كاری تێدا بێ، چونكە پێم وایە بەرهەمێنان لە دەرەوەی وڵات قازانج و بەرهەمێكی باشتری هەیە، لە هەموو دونیا گەنج وەك داینەمۆیی پێشكەوتن وەسفدەكرێت، بۆیە هێزی وڵات وابەستەیە بە هێزی گەنج، كەم بوونەوەی رێژەی گەنج لەنێو هەرێمی كوردستان حكومەتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەروەها دانانی سنوور و سیستەمێك بۆ وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی كەوا روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بە مەبەستی كاركردن، چونكە زۆربوونی پەنابەر لە هەرێمی كوردستان كاریگەری درووست دەكات لە هەبوونی هەلی كار بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان".
هێلین جەعفەر ٢١ ساڵ قوتابی زانكۆی سۆران لەم بارەیەوە دەڵێ‌"ئەو پاڵنەرانەی وا لە گەنجان دەكەن كۆچبكەن، نەبوونی ئازادی و كار و عەشق و چەندان پاڵنەری ترە كە وا لە گەنج دەكەن بیر لە جێهێشتنی نیشتمان بكەنەوەو روو لە وڵاتانی بیانی بكەن"، هێلین پێی وایە زۆربەی گەنجان توڕەن لەو بارودۆخەی كوردستانی گرتۆتەوە"زۆربەی گەنجان توڕەن بەم بارودۆخەی تیای دەژن، حكومەتی كوردستان نەیتوانیوە پێداویستەكانی بۆ پربكاتەوە، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی خاوەن بڕوانامەی بەرزن و وەكو پێویست گرینگیان پێ نەدراوە لەلایەن حكومەت، ئەمەش وایكردووە بێ ئومێد ببن و بیر لە كۆچكردن بكەنەوە"،
هێلین ی قوتابی سەردەمی ئێستا بە سەرمایەداری ناو دەبات و دەڵێ‌"ئەمرۆ سەردەم، سەردەمی سەرمایەدارییە. باری ئابووریت باش نەبێ لەزۆر شت بێ بەش دەبێت، چونكە دەبینین زۆربەی گەنج باری ئابوریشیان باشە، كەچی كۆچ دەكەن بۆ دەرەوە، ئەویش بەهۆی نەبوونی ئازادی، كۆچكردنی رەگەزی نێر كە رۆژ بە رۆژ رێژەكەی بەرز دەبێتەوە، راستەوخۆ كاریگەری خراپی لەسەر رەگەزی مێ دەبێ، رێژەی هاوسەرگیری كەم دەبێتەوە"،
هێلین داواكارە لە حكومەتی كوردستان كە بە زوویی چارەسەریەك بۆ ئەو بارودۆخە بدۆزێتەوە"حكومەت دەبێ بۆ چارەسەركردنی ئەم رەوشە ناڵەبارە، كار لەسەر هزری گەنجان بكات بەشێوەیەكی پراكتیزە نەك تەنها بەقسەی رووت، وەیان تەنها رووكەشی بێت، بەڵكو دەبێ كار و ئازادیان بۆ فەراهەم بكات".
سەعدوڵا شێرزاد جیهانگیری: تەمەن 46 ساڵا مامۆستای زانكۆ بەشی كومەڵناسی لە زانكۆی سۆران كۆچكردنی گەنجان وەك دیاردەیەك دەبینی و هۆكارەكانی كۆچیش لەچەند خاڵێكدا باس دەكات و دەڵێ‌"ئەگەر چاو لێ بكەین لە كۆچی گەنجان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی بووە بە دیاردەیەكی گەورە، بەڵام ئەم دیاردەیە چەندین هۆكاری هەیە.
رێژەی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئێجگار پەرەی سەندووە، پەرەسەندنێكی نازانستیانەی بە خووە بینیوە بە واتای ئەوەی كە زانستی دانیشتووان باسی بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوین دا ئەو زانستە ئێستاش گرنگی پێنەدراوە، لەبەر ئەوەی ئەو زانستە بەئێمە دەڵێت زۆری رێژەی دانیشتوان چۆن كۆنترۆڵ بكرێت. كە بە پێی گەشەسەندنی دانیشتوان ئێمە چەندەها خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و زانكۆ لەگەڵ نەخۆشخانە یا ئەم رێژەیەی كە زیاد دەكات لە داهاتوو دا پێویستە دەرفەتی كاری بۆ برەخسێت. ئەوە زانستی دانیشتوان ناسییەكە پێمان دەڵێت" بەداخەوە لە رۆژهەڵاتی ناوین دا هیچ گرنگی بەم زانستە نەدراوە، لە ئەوروپا ئەم زانستە گرنگییەكی تایبەتی پێدەدرێت. لەبەر ئەوەی ئەوروپا ڕیژەی دانیشتوان كۆنترۆڵ دەكات. هەر كاتێك ویستی رێژەی دانیشتوان كەم و زیاد دەكات. بەگوێرەی گەشەسەندن لە قوتابخانەیەك یا نەخۆشخانەیەك. بودجەو خۆشگوزەرانی باش بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان دیاری دەكات. زۆری دانیشتوان وای كردووە كە لە كۆنترۆڵ كردن كێشەیان هەبێت، بەهۆی زۆری نانەوەی منداڵا، پەرەسەندنێكی نازانستیانە بە خۆوە بینیوە.
لەناو دەستهەڵاتی سیاسی. گەنج ئەم دەستهەڵاتە بە هی خۆی نازانێت، كۆچ كردنیش دیاردەیەكی تازە نییە. مێژووی كۆچ كردن لە ئەفریقا سەری هەڵدا. لەهەرشوێنێك رێژەی دانیشتوان زۆر بوو ئەوە تۆ بیرۆكانە بكەن بە ئەنجام بگەیەنێت.ناتوانیت بەرنامەو پلانی باش دابنێیت. بۆئێمەی كوردیش گەنجان داینەمۆی كۆمەڵگەیەكە دەتوانێت بیرو هزری نوێ‌ بێنێتە ئاراوە. كوردستان ئاو و هەوایەكی گونجاوی هەیە بۆ بەرهەم هێنانی كەرتی كشتوكاڵا واتە نابێت تەنها پشت بە نەوت ببەسترێت و پێویستە لە هەموو بوارەكان دا هەڵی كار برەخسێندرێت و كار بكرێت. ئێران لە ماوەی ساڵێك دا توانیویەتی 180 هەزار نوخبەی لە گەنج وەرگرتووە و فرۆشتویەتی ئەركی حكومەتیشە دامەزراندنی شوێنێكی تایبەت بۆ وەرگرتنی بیرۆكە جیاوازەكانی گەنجان و كەسانێك هەبن پاڵپشتی ئەو كارە بكەن".

 

زۆرترین بینراو