بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ: نەبوونی هەندێك فەرمانگە هاووڵاتییانمان ناچار دەكات بچنە رواندز

بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ: نەبوونی هەندێك فەرمانگە هاووڵاتییانمان ناچار دەكات بچنە رواندز

دیمانە/ زاری كرمانجی-وەرتێ: موسڵیح زرار لەم دیمانەیەی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر گرفتەكانی سنووری ناحیەی وەرتێ لە سنووری قەزای رواندز، و دەڵێت " وەرتێ رێگایەكی سەرەكی پێدا تێدەپەڕێ و دەڤەری سۆران بە دەروازەی راپەڕین لە سنووری سلێمانی دەبەستێتەوە و رۆژانە هاتووچۆیەكی زۆری بەسەرەوەیە، كەچی بنكەی پۆلیسی هاتووچۆمان نییە".
دەشڵێت" لەچەند ساڵی رابردوو حكوومەتی هەرێم نزیكەی سێزدە فەرمانبەری گرێبەستی لە سنووری شارەوانی بناری قەندیل دانابوو، بۆ خزمەتی ئەو سنوورە، بەڵام شارەوانی بناری قەندیل هاوكاری ئێمە نەبوون، بۆیە بڕیاری هێنانەوەی فەرمانبەرە گرێبەستەكانماندا.
*هەفتەی رابردوو دەستتان بە قیرتاوكردنی رێگای سەرەكی وەرتێ كرد، بۆچی بودجەكەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوەی ئیدارەی راپەڕین بۆ تەرخانكراوە؟
-ئەمە پڕۆژەیەكی كۆن بوو، پێشتر بەناوی دۆڵی پڵیناگان و مەكێ و زینی وەرتێ كەوتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام نزیكەی 600 ملیۆن دیناری لێ زیاد بوو، دوای ئەوەی بەهۆی قەیرانی دارایی ئەم پڕۆژەیە لە ساڵانی پێشتر وەستا، ئەمساڵ لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، تەواوكاری بودجەكەی بۆ تەرخانكرا، ئینجا بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوەی راپەڕین بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوەی هەولێر و بە هەماهەنگی ئێمە، تواندرا ئەم بڕە پارەیە بۆ قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی رێگای وەرتێ تەرخان بكرێت، چونكە جگە لەوەی وەرتێ شوێنێكی گەشتیارییە، هاوكات رێگای سەرەكی نێوان دەڤەری سۆران و ئیدارەی راپەڕینە و پێویستی بە چاككردن هەبوو.
*واتا ئێوە هەماهەنگیتان هەیە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەمشێوەیە؟
-ئەوە یەكەم كارە، ئەمیش بە رەزامەندی سەرووی ئێمە بووە و من لێرەوە دەستخۆشیان لێ دەكەم.
*لە ماوەی سێ ساڵدا كە جەنابتان لەم سنوورەن، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەم سنوورە بە دڵی تۆ بووە بۆ خەڵك و ناوچەكە؟
- لەو ماوەیەی من لێرە دەستبەكاربووم، هەندێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجامدراون، بەڵام بە خواستی من نەبووە بۆ خەڵكەكەی و ناوچەكە، چونكە من كە هاتم قەیرانی دارایی هەبوو، ئێستاش كۆمەڵێك گرفتی ئیداریمان هەن.
*گرفتەكانتان لە چ سێكتەرێكدان؟
- كێشەكان هەر خزمەتگوزاری نین بۆ هاووڵاتییان، بەڵكو لە سێكتەرەكانی (رێگاوبان، تەندروستی، ئاوی خواردنەوە، تۆڕی كارەبا، نەبوونی هەندێك فەرمانگە) بووەتە كێشە بۆ هاووڵاتییانی سنوورمان، چونكە شارەدێی وەرتێ دوورە دەستە، بۆیە لە بۆشایی نەبوونی هەندێك لە فەرمانگەی حكوومی، خەڵكی ئەم ناوەیە تووشی كێشە دەبنەوە.
* بەتایبەتی نەبوونی كام فەرمانگە بووەتە كێشەی هاووڵاتییان؟
- خەڵكی ئەم سنوورە خەریكی رەز و باخ و كاری ئاژەڵداری و جوتیارین، بۆیە نەبوونی هۆبەی كشتوكاڵ و هۆبەی ڤێتەرنەری بووەتە كێشەی جوتیاران و باخداران و خاوەن ئاژەڵەكانی ئەم ناوچەیە، ئەوان بۆ هەر مامەڵەیەكی ئاسایی دەبێت رێگایەكی دوور ببڕن و سەردانی قەزای رواندز بكەن، ئەمەش ئاستەنگی زۆری بۆ دروستكردووین.
* بەڵام وەرتێ رێگایەكی سەرەكی بەناودا رەتدەبێت كە دەڤەری سۆران بە ئیدارەی راپەرین دەبەستێتەوە و رۆژانە خەڵكێكی زۆر بێرەدا هاتووچۆ دەكات، كەچی بنكەیەكی پۆلیسی هاتووچۆ لێرە نییە؟
- راستە، بنكەی پۆلیسی هاتووچۆش زۆر گرنگە بۆ سنوورمان، چونكە رۆژانە ناو سەنتەری ناحیەكەمان ئۆتۆمبێلی زۆری پێدا رەتدەبێت، نەبوونی ئەم بنكەیە كێشەی زۆری بۆ دروستكردووین.
* وەرتێ شوێنێكی گەشتیاری سەرنجڕاكێشە، بەتایبەتی لەم ساڵانەدا گەشتیارێكی زۆر سەردانی ئەم ناوچەیەی كردووە و شوێنی گەشتیاری زۆریش كراونەتەوە، بەڵام بەهەمانشێوەی فەرمانگە پێویستییەكانی دیكە، بنكەیەكی گەشتوگوزاریش لە سنوورتان نییە، بۆ ئەمە چیتان كردووە؟
- بنكەی گەشتوگوزاریش لەتەك ئەو فەرمانگە پێویستییانەی كە وەرتێ پێویستییەتی پێشتر بە نووسراوی فەرمی رەوانەی سەرووی خۆمان كردووە بۆ ئەوەی كاری بۆ بكرێت و بكرێنەوە، چونكە ناوچەكەمان ساڵانە بەرێژەیەكی زۆر گەشتیار بۆخۆی رادەكێشێت.
* چی وەڵامی داواكارییەكانتان دراوەتەوە بۆ كردنەوەی ئەو فەرمانگە و هۆبانەی باسمان كردن؟
- تا ئێستا هیچ وەڵامێكیان نەداوینەتەوە.
*لەدوای راگەیاندنی كابینەی نۆیەم و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، چ پڕۆژەیەك لە سنوورتان جێبەجێكراوە؟
- هیچ پڕۆژەیەكی وا لە سنووری شارەوانی سنوورمان جێبەجێنەكراوە، تەنها ئاساری لافاوی پارساڵ نەبێت كە هەندێك شوێن خاوێنكرانەوە و چاككرانەوە، كەچی لەناو سەنتەری ناحیە پێویستیمان بە پڕۆژەی جوانكاری و خزمەتگوزاری هەیە.
* هەر لەسەر كەرتی گەشتوگوزار، چەند شوێنی گەشتیاری لە سنوورتان هەن؟
- وەرتێ لە چەند ساڵی رابردوو سەرنجی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەتا دەرەوەیشی بۆخۆی راكێشاوە، چونكە دیمەن و جوانییەكی ئێجگار جوانی هەیە، ناوچەكە سازگار و دڵڕفێنە، ئێستا لە سنوورمان نزیكەی 50 شوێنی گەشتیاری هەیە، لەگەڵ نزیكەی هەزار كەپری گەشتیاری، ئێستاش چەند پڕۆژەی گوندی گەشتیاری و مۆتێل و هۆتێل دروستدەكرێن، ئەمانە هەمووی لەلایەن كەسانی ناوچەكە و كەرتی تایبەت جێبەجێ دەكرێن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەپێی پێویست ئاسانكاری بۆ كردوون و بە گەیاندنی پڕۆژەی تۆڕی ئاو و كارەبای نیشتیمانی هاوكاری كردوون.
* بەڵام ئەو گەشتیارانەی روو لە ناوچەی وەرتێ دەكەن، هەمیشە گلەیی لە گرانی نرخی مانەوە و شوێنە گەشتیارەكان دەكەن، ئێوە بەدواداچوونتان بۆ ئەوە كردووە؟
- ئێمە لە چوارچێوەی لێژنەی زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانی ئیدارەی وەرتێ، لێژنەیەكی چاودێریمان هەیە لەسەر نرخی كەپر و شوێنە گەشتیارییەكان، سەرپەرشتی شوێنە گەشتیارییەكان و دانانی نرخەكان دەكەن و زۆرێك لە شوێنە گەشتیارییەكانیشمان سزاداون بە هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی شوێنە گەشتیارییەكان لە سنوورمان، بەڵێ بەداخەوە ئێمەش ئەو گلەییەمان لەلایەن گشتیارانەوە پێگەیشتووە، لەهەر شوێنێك كە تازە گەشتیار رووی تێدەكات، دەبێت هەموو ئاسانكارییەك بكرێت بۆ ئەوەی گەشتیار زیاتر رووی تێ بكات، نەك بە جارێك و دووان نەگەڕێتەوە شوێنەكە، بۆیە دەبێت هەم حكوومەت چاودێر بێت بەسەر ئەو ناوچانە، هەمیش خاوەن شوێنە گەشتیارییەكانیش متمانە دروست بكەن و دەبێت متمانە لەپێش قازانج بێت.
* لە سنووری ئیدارەی وەرتێ، چەند گوند لە سنووری قەندیلن، واتا چەكدارانی پەكەكە تێیدا باڵادەستن؟
- ئێمە دوو گوندمان لە سنووری پەكەكەن، نزیكەی سێ تا چوار گوندیش وەك ئەوەی لێهاتووە كە بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەكانی حكوومی لە سنوورمان ناتوانن سەردانی ئەو شوێنە بكەن بەهۆكاری نزیكەی چەكدارانی پەكەكە لەو گوندانە.
* واتا پەكەكە رێگرە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە؟
- بێگومان، نەك تەنها بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گوندانە، بەڵكو بوونەتە هۆكاری نائارامی ئەو ناوچانە و ژیانی خەڵكی ئەو ناوچانەیان خستۆتە مەترسی، ئەمەش بووەتە گرفتی ئێمە.
*پێشتر چەند فەرمانبەرێكی گرێبەستتان لە سنووری شارەوانی بناری قەندیل دانابوون بۆ ئەوەی لەم سنوورە كار بكەن و ئەركی فەرمانبەری خۆیان رابپەڕێنن، ئیستاش ئەم هەماهەنگییەتان هەیە؟
-راستە پێشتر، واتا پێش ئەوەی من ئەم پۆستە وەربگرم، نزیكەی سێزدە فەرمانبەری گرێبەست لە شارەوانی بناری قەندیل كارەكانی خۆیان رادەپەڕاند، ئەمەش بۆ خزمەتكردنی ناوچەكە و هاووڵاتییانی ئەم سنوورە بوو، بەڵام بەداخەوە شارەوانی بناری قەندیل هاوكاری ئێمە نەبوون، واتا بەشێوەیەك لە شێوەكان نرخی ئەو یارمەتییەی حكوومەتی هەرێمیان لەبەرچاو نەبوو، بۆیە حكوومەتی هەرێم بڕیاریدا فەرمانبەرە گرێبەستەكان بگەڕینێتەوە سنووری شارەوانی وەرتێ، ئێستا لێرە خزمەت دەكەن و كارەكانیان رادەپەڕێنن، بۆیە دەڵێم نەخێر هەماهەنگیمان نییە.

زۆرترین بینراو