بەڕێوەبەری پەیمانگەی زاگرۆسی ناحكوومی : ئەمساڵ زیاتر لە (110) قوتابیمان وەرگرتووە

بەڕێوەبەری پەیمانگەی زاگرۆسی ناحكوومی : ئەمساڵ زیاتر لە (110) قوتابیمان وەرگرتووە

دەرچوانی پۆلی 9 تا 11ی ئامادەیی دەتوانن لە پەیمانگەكەمان درێژە بەخوێندن بدەن
لە رووی نرخەوە ڕەچاوی بارودۆخی ناوچەكە كراوە
دیدار-محەمەد هەسنانی: بۆ یەكەمینجار پەیمانگەی (زاگرۆس)ی ناحكوومی، لەسنووری قەزای رواندز لە دەڤەری سۆران كراوەتەوە، بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی شێوازی خوێندن و وەرگرتنی قوتابیان و بەشەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست، بەڕێوەبەری ئەم پەیمانگەیە زانیاری بۆ زاری كرمانجی دەخاتەروو.
مامۆستا رەسوڵ فاخر جادر، بەڕێوەبەری پەیمانگەی (زاگرۆس)ی ناحكوومی، لەدیدارێكی زاری كرمانجیدا رایگەیاند " ئەمساڵ لە 31-7-2019 مۆڵەتی وەزارەتی پەروەردەمان پێدرا بە كردنەوەی ئەم پەیمانگەیە، كە لەبینایەكی سەر رێگای (رواندز –جوندیان) كراوەتەوە، منیش وەك بەڕێوەبەری پەیمانگەكە دەست بەكار بوومە لەگەڵ ستافێكی بە ئەزموون و شارەزا لە مامۆستایان و كارمەندان، كە یەكەمین جارە لە دەڤەری (سۆران و رەواندز و چۆمان و مێرگەسۆر) بەشەكانی ژمێریاری و كارگێڕی بكرێتەوە و قوتابی و خوێندكاری دەرچووانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و (10 و 11) ئامادەیی دەتوانن پسپۆری خۆیان هەڵبژێرن و لە پەیمانگە كەمان درێژە بە خوێندنەكەیان بدەن".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەی ئاشكرا دەكات " كە پەیمانگەی (زاگرۆس)ی ناحكوومی لە بەشەكانی (ژمێریاری و كارگێڕی و كۆمپیوتەر) پێكدێت و بە باشترین پێوەرەكانی خوێندن و بە كوالیتی بەرز و ستاندەرەكانی نێودەڵەتی دەستی پێكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی نرخەوە ڕەچاوی بارودۆخی ناوچەكە كراوە و تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 110 قوتابی لەم بەشانە وەرگیراون، كە دانیشتووی سنووری (هەریر و خەلیفان و چۆمان و مێرگەسۆر و سۆران و رەواندز) و چەند شوێنێكی دیكەن، كە ئامانجە سەرەكیەكانی پەیمانگە: بریتین لە گرنگی دان بە كوالیتی خوێندن، ئامادە كردنی كادیری لێهاتوو بۆ بازاڕی كار، پێگەیاندنی نەوەیەكی كارامە لە بوارەكانی تەكنەلۆجیای زانیاری،پێگەیاندنی داهێنەری ژمێریاری بە توانا، ئاوێتەكردنی تەكنەلۆجیای سەردەمیانە لە بوارەكانی بەرێوەبردن و ژمێریاری".
بەڕێوەبەری پەیمانگەی (زاگرۆس)ی ناحكوومی، تیشك دەخاتەسەر گرینگی بەشەكانی پەیمانگەكەو بۆ زاری كرمانجی گووتی " ئامانجی بەشی كارگێری پێگەیاندنی دەرچووان لە بواری كارگێڕی كە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیان دەبێت، لە دامەزراوە گشتییەكان و بەڕێوەبردنی یەكە كارگێڕیەكان دەزگا گشتییەكان، بەپێی ئاستەكانی كارگێڕی لە پلاندانان و رێكخستن و سەركردایەتی كردن و پەیوەندی و هەماهەنگی و دانووستان و چاودێری و چالاكی بەرهەمهێنان و دارایی و تاكەكان و دەركردنی بڕیاری كارگێڕی سەركەوتوو، كە لەسەر بابەتی بوون لە كارگێڕی زانستی بونیات نراوە .
ئامانجی بەشی كارگێڕی
بەشی كارگێڕی خوێندنێكی فراوان بەو لایانەنانەی كە پەیوەندیان بە سیستمەكانی كارگێڕی هەیە. ئەم بەرنامەی خوێندنە هەموو ئەو داواكاری و پێویستیانەی لەخۆ گرتووە، كەوا لەقوتابی بكات بتوانێت بچێتە نێو بواری بەڕێوەبردن و كارگێڕی و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت وگشتی و تێكەڵ، بەشێوەیەك كە توانای ئەوەیان هەبێت چارەسەری نوێ و سەردەمیانە پێشكەش بكات، بۆ باش كردن و گەشەپێدان و بەڕێوەبردنی كەرتی گشتی لەئاستی ناوەخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، چونكە پێوەری پێشكەوتن و ژیاری گەلان و بەرزبوونەوەی ئاستی كۆمەڵگە و بژێ و و خۆشگوزەرانیان بریتیە لە بەرزی ئاست و كوالێتی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی دامەزراوە گشتیەكانی ئەو وڵاتە‌. ئەم بەشە دەرچوانی ئامادەیی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی وەردەگرێت.
ئامانجی بەشی كۆمپیوتەر
بەشی زانستەكانی كۆمپیوتەر بە یەكێك لە بەشە زانستییە گرنگەكانی ئەمڕۆی جیهان ئەژمار دەكرێت. ئەم بەشە گرنگی دەدات بە بەكارهێنانی شێوازە تیۆری و پراكتیكیەكان بۆ چارەسەركردن و گواستنەوەی زانیاریەكان لەرێگەی كۆمپیوتەرەوە. دەرچووانی ئەم بەشە بڕوانامەی دبلۆمیان پێدەدرێت لە بواری زانستەكانی كۆمپیوتەر . ئەم بەشە گرنگی دەدات بە بونیاتنانی زانیاری و مەعریفی تایبەتمەند لای قوتابیان لە بواری كۆمپیوتەردا بەمەبەستی ئامادەكردنیان لە بوارەكانی پڕۆگرامسازی و بەكارهێنانی تۆڕی كۆمپیوتەری و پەرەدان بە سیستەمە جیاوازەكانی كۆمپیوتەر لە دەزگا فەرمیە جۆراوجۆرەكان, هەروەها لە دامەزراوە و كۆمپانیا تایبەتەكان، لە دوای دەرچوون لە پەیمانگە, بەمەش شیاو دەبێت بۆ چوونە نێو بازاڕی كار بە سەركەوتوویی .
دانانی بنكەیەكی زانستی لە داهێنانكاران و پسپۆڕان لە زانستی كۆمپیوتەری و پڕۆگرامسازی و وێب دیزاین ئەو بوارانەی كە پەیوەندیان هەیە بە زانست و ئەپڵیكەیشنەكانی كۆمپیوتەر, لەگەڵ هەوڵی بەردەوام بۆ ئامادەكردنی پلانەكان بۆ پەرەپێدانی ئامرازەكانی خوێندن، بەمەبەستی گەرەنتی كردنی تەواوكردنی پێوەرەكانی باشی . هەروەها گرنگی دان بە ئامادەكردنی دەرچووی جیاواز و ناوازە كە بتوانێت داواكاری و پێویستیەكانی بازاڕی كار پڕبكەنەوە و دوانەكەون لەو گەشەسەندنە گەورەیەی كە لە بواری تەكنەلۆژیای زانیاریەكان و گەیاندندا هەیە. كە بتوانن خوێندنی بەكالاریۆس لە زانكۆكانی هەرێم تەواو بكەن و درێژە بە خوێندن بدەن بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەی بەكالاریۆس لەبوارە پسپۆڕییەكان.
ئامادەكردنی دەرچووی شیاو كە بتوانن لێهاتوویانە مامەڵە لەگەڵ پڕۆگرامەكان و پڕۆگرامسازی و نێتوۆرك و وێب دیزاین و زانیاریەكان بكەن لەگەڵ كاركردن لەسەر فەراهەمكردنی هەلی گونجاو بۆ گەشەدان بە تواناكانی كۆمەڵگە, سوود وەرگرتن لەو پێشكەوتنەی كە رووی داوە لە تەكنەلۆژیای زانیارییەكان سەرەڕای پێشەنگی لە بواری فێركردن و پەروەردەیی و ئەكادێمی, بەشێوەیەك وا لەبەشەكە بكات كە بتوانێت پڕۆگرامسازی خاوەن كارامەیی بەرز و لێهاتوو بخاتە نێو كۆمەڵگە كە توانایان هەیە بەشدار بن لە بونیاتنانی دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی و گواستنەوەی زانیاری بۆی.
ئامانجی بەشی ژمێریاری
مەبەستی سەرەكیمان لە بەشی ژمێریاری ئەوەیە كە ببێتە‌‌ یەكێك لە ناوەندە سەرەكیەكان و پێشەنگ بێت لە پڕۆگرامەكانی خوێندن و چالاكی لە بواری زانستەكانی ژمێریاری ئاسایی و زانستەكانی ژمێریاری ئەلیكترۆنی، بە شێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ پێوەرەكانی كواڵێتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، وە لەهەمان كاتدا وەڵامی داواكاری و پێداویستی بازاڕی ناوخۆ و هەرێمیش بداتەوە . كە ئامانجی سەرەكی ئەم بەشە بریتیە لە ئامادە كردنی كادیری ژمێریاری پیشكەوتوو و كەشێكی زانستی گونجاو بۆ قوتابیان فەراهەم بكات ، كە تێیدا قوتابی بتوانێت بگات بە ئەزموونێكی جیاواز و پێویست بۆ سەركەوتنی ئەكادیمیانە، كە بەدرێژایی ژیانی كرداری لەگەڵیدا دەبێت و مەعریفەی ژمێریاری پێویستی بۆ فەراهەم بكات لە هەردوو بواری تیۆری و پراكتیكی . جگە لەمە دەرچووی بەشەكەمان ئەو شێوازە زانستیانەی پێدەدرێت كە تایبەتن بە چۆنیەتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر لە بواری ژمێریاری لەڕێی ووتنەوەی وانەی تایبەتمەند بە تەكنەلۆجیای زانیاری بە درێژایی هەر پێنج ساڵی خوێندندا.
ئامانجمان لە بەشداریكردنی كاریگەرانە لە پێكهێنانی سەرمایەی فیكری و پەرەدان بە لێهاتوویەكان و پتەوكردنی كارامەیی پیشەیی لە بواری ژمێریاریی نوێ، بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری پێویستیەكانی بازاڕی ناوخۆ ، هەروەها خزمەتكردنی بابەتەكانی گەشەسەندن و چارەسەركردنی گرفتەكانی، لەگەڵ بەردەوام بوون لە بەرزبوونەوە، بە كوالێتی و دەرەنجامەكانی پرۆسەی فێركردن و چالاكی بەپێی پێوەرەكانی كوالێتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
لەكۆتا قسەكانیدا مامۆستا رەسوڵ فاخر جادر، بەڕێوەبەری پەیمانگەی (زاگرۆس)ی ناحكوومی، رایدەگێنێت " بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ لەم بەشانەی خوێندنی پەیمانگەكەماندا زیاتر لە (110) قوتابیمان وەرگرتووەو دەستیان بە خوێندن كردووە، ئەو قوتابیانەش كە كوڕو كچی شەهیدانن، لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان كرێ‌ و پارەی خوێندنەكەیان بۆ دابین دەكرێت، بەشێوەیەكی گشتی كردنەوەی ئەم پەیمانگەیە گرنگی و تایبەت مەندی خۆی دەبێت، بەهیواین بتوانین بەم ستافەكاراو لێهاتووەی هەمانە ببینە پەیمانگەیەكی نموونەیی لەرووی زانست و پەروەردە لە دەڤەرەكەدا.

بیروڕا

زۆرترین بینراو