بەڵێ بۆ لامەركەزی لە پێناوی بەهێزكردنی مەركەزی هەرێمی كوردستان دا

هۆشیار سیوەیلی

ڕێكخستنی دەسەڵاتەكان لە نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگەدا بەقەد كۆنی سەرهەڵدانی دەسەڵات لە ناو كۆمەڵگە سەرەتاییەكان دا كۆنە. هەمیشە ململانێ لە نێوان دەوڵەت یان حكومەت یان دەسەڵات و كۆمەڵگە و خەڵك دا هەبووە. دارۆن ئاسمۆگلۆ و جەیمس ڕۆبینسۆن كە بە نووسینی (بۆچی نەتەوان شكستدەهێنن) ناسران، لە دوا كتێبیان دا كە لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوكرایەوە، دەربارەی چۆنییەتی پەرەسەندن و بەردەوامیی سەربەستی لە ناو كۆمەڵگەكان دا و سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی دیموكراسی لایان وایە كە بە شێوەیەكی گشتی و بە درێژایی مێژوو دەوڵەت بە سێ جۆر خۆی نمایشكردوە: بوونێكی لاواز كە بۆتەهۆی باڵادەستی كۆمەڵگە و لە ئاكامیشدا دروستبوونی ئاژاوە و ئەناركیزم و بوونێكی بەهێز كە دەوڵەتێكی زۆردار یان دیكتاتۆری دروستكردووە یان بوونێك كە لەسەر بنەمای پەیوەندییەكی هاوسەنگ لە نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگەدا دەمەزرابێت. دەوڵەتانی دیموكراسی كە تیایان دا سەربەسەتی تاك و دەسەڵاتی كۆمەڵگە لە ڕێگەی دەستوورێكی مەدەنی كە دەسەڵاتەكانی جیاكردبێتەوە، لە ڕێگەی دروستكردنی ئەو پەیوەندییە دروستەوە دامەزراون.
دەوڵەتی بەهێزی دوور لە زۆرداری و دیسپۆتیزم، پێویستی بە كۆمەڵگەیەكی بەهێز و كراوە و متمانە بەخۆبوو هەیە كە لە ڕێگەی ئەو میكانیزمانەی هەن چاودێری حكومەت بكات و كۆمەلگای بەهێز و سەربەست و خاوەن دیموكراسیش بە بوونی دەوڵەتێكی بەهێز كە بتوانێت سەروەریی یاسا و سەقامگیریی بپارێزێت و خزمەتگوزارییە گشتییەكان دابینبكات، زیاتر گەشەدەكات.
بۆیە زۆر سروشتییە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان داوای دەسەڵات و پێگەی زیاتر بكەن بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكانیان و نا سروشتیش نییە حكومەتی هەرێم هەوڵبدات ئەو دەسەڵاتانە سنووردار بكات. ئەم ململانێیە كۆنە و سروشتی و تەندروستیشە، بەمەرجێك لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و لە چوارچێوەی دەستوور و یاساكان دا ڕێكبخرێن. ئەوەی زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت دەسەڵاتی ڕەهای یەكێك لە دوو جەمسەرەكەی هاوكێشەكەیە. هەروەك لە كیمیادا هەیە هاوكێشەی نێوان كۆمەڵگە، گەل، نەتەوە، لە لایەك و دەوڵەت لە لایەكی تر پێوستی بە هاوسەنگی هەیە و تەواوكاری یەكترن. كوردستان هەمیشە گیرۆدەی دەستی باڵادەستی ناوەند بووە و فیدراڵیزم شێوازێكی دابەشكردنی دەسەڵاتە.
پێدانی بەشێك لە دەسەڵات بە پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان پێویستە و یاسای پارێزگاكانی ساڵی ٢٠١٩ لەو پێناوەدا دەركراوە. ئایا یاساكە توانیوێتی پەیوەندییەكە بەشێوەیەكی گونجاو ڕێكبخات یان نا، ئەمە مەسەلەیەكی ترە، یان ئەوەی لە یاساكەدا هاتووە جێبەجێكراوە، پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن هەیە و هەمواركردنەوەی پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستاندن هەیە لە نێوان پارتەكان و لە نێوان فراكسیۆنەكان و لە نێوان پەرلەمان و حكومەت دا. قەتیسكردنی هەموو یان زۆربەی دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبەری و كارگێڕیی و دارایی لە هەولێر سیستەمێكی مەركەزی رەق دروستدەكا و بواری دەسپێشخەرییە جەماوەری و لۆكاڵییەكان تەسكدەكاتەوە و پشتگوێخستنی یاساكانی دەوڵەت و ڕێماییەكانی حكومەت و ڕەفتاركردن و حوكمڕانیكردنی هەر پارێزگایەك بۆ خۆی و بە ئارەزووی خۆی و بە پێی تەنیا بەرژەوەندییە خۆجێیەكان، پارچەبوون و پاشاگەردانی دروستدەكات.
ئەو هەوڵانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەناوی سیستەمی لامەركەزی بۆ سلێمانی ئەیدەن، دەبێت گشتگیر بن و پارێزگاكانی تریش بگڕنەوە چونكە ناكرێت لە سلێمانی سیستەمێك پەیڕەو بكرێت و لە سێ پارێزگاكەی تر سیستەمێكی تر. ڕەنگە هۆكاری بەشێك لە گلەیی و گازندەكانی پارێزگای سلێمانی لە كەمی دەسەڵاتیان یان نایەكسانی لە دابەشكردنی داهاتی هەرێمەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، بەڵكو ڕەنگە هۆكارەكەی لاوازی شێوازی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی حكومەت بێت بە گشتی. پارێزگای سلێمانی بە پێی ئەو ڕێژەیەی هەر لەسەرەتاوە داهات یان بودجەی پێ دابەشكراوە، پشكی خۆی بۆ دانراوە بەڵام ڕەنگە نەیتوانیبێت هەمووی خەرجبكات. بەشێك لە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتنی بڕیاردان لە سەر بودجەی ساڵانە (تا ٢٠١٣) و چەند كیشەیەكی تری ئیداریی كە ڕوبەڕوی پارێزگاكانی تر و وەزارەتەكانیش بۆتەوە. هیچ ساڵێك نەتوانراوە هەموو ئەو بودجەیەی دانراوە بۆ وەبەرهێنان خەرجبكرێت و پارەی ئەو پرۆژانەی نەدەچوونە بواری جێبەجێكردن دەگەڕایەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دەخرایە سەر بودجەی تەشغیلی. ڕەنگە باشتركردنی ئەدای حكومەت و شێوازی حوكمڕانی و ئەنجامدانی چاكسازی بەشێك لەو كێشانەی پارێزگاكان هەیانە چارەسەر بكات.

زۆرترین بینراو