بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیا، 450 گوندی هەرێمی كوردستان چۆڵكراون

بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیا، 450 گوندی هەرێمی كوردستان چۆڵكراون

بەهۆی بەکارهێنانی سنووری هەرێمی کوردستان، لە لایەن پەکەکەوە، تەنگژەی زۆر ڕووبەڕووی ئەو ناوچانە بۆتەوە و جموجۆڵەکانی پەکەکە ڕێگا خۆشکەرن بۆ بۆردوومان و تەداخولی سەربازی وڵاتی تورکیا لەو ناوچە سنوورییانەی هەرێمی کوردستان، کە زۆرجاریش گوندنشینانی ئەو ناوچانە دەبنە قوربانی و شەهید و برینداریان دەبێت، لە کاتێکدا هیچ بەرژەوەندییان نە لەگەڵ پەکەکە و نە لەگەڵ وڵاتی تورکیادا نییە، لە ئێستاشدا پەکەکە بە ناڕاستەوخۆ دەیەوێت هێزی سەربازی بە فەرمی لەو ناوچە سنوورییانە دروست بکات، لەمبارەیەوە، ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگە لە کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ئاماژەی بەوە کردووە، پەکەکە مافی دروستکردنی هێزی نییە لە هەرێم، چونکە هەرێم هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ بە پێی یاسا دەیپارێزن و لە هەمانکاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە، بەهۆی شەڕی پەکەکە و بۆردومانی سوپای تورکیا ٤٥٠ گوونی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگە، لە لێدوانەکەیدا، دەڵێت:" بۆردوومان و تۆپباران كردنی سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە بەھۆی بوونی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكانە لەسەر سنوورەكان، ئەو بابەتە بابەتێكی سیادییە و دەبێ حكوومەتی عێراق لەسەر بەزاندنی سنوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ بكات، چونكە بەپێی دەستوور ھەرێمی كوردستان ناتوانێت لەسەر سنوور گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان بكات".
وە ڕایدەگەیەنێت:" بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیا تائێستا زیاتر لە 450 گوندی ھەرێمی كوردستان چۆڵكراون، خەڵك ناتوانن بگەڕێنەوە سەر رەز و باخەكانیان، لەم ماوەی دوایشدا چەند ھاووڵاتییەك بەوھۆیەوە شەھید و برینداربوون، كە ھیچ پەیوەست نین بە شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا، دەبێ ئەو لایەنانە تێبگەن بەكارھێنانی سنووری ھەرێمی كوردستان دژی وڵاتانی دراوسێ دەبێتە ھۆكاری تێكدانی رەوشی ئەمنی و ھاووڵاتیان دەبنە قوربانی، دەبێ لەوە تێبگەن نابێ خاكی ھەرێمی كوردستان بۆ لێدانی وڵاتان بەكاربێنن، بەڵكو دەبێ خۆیان دۆخەكە لەبەرچاو بگرن، چونكە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان قازانجە بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان".
سەبارەت بە بوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە، جەبار یاوەر دەڵێت:" ھیچ جۆرە پەیوەندی و ھەماھەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پەكەكە دا نییە، پێشمەرگە ھێزێكی فەرمی و یاسایی ھەرێمی كوردستانە و یاساكان رێگە نادەن كە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دیكە ببەستێت، ئێمە دەمانەوێت كێشەی ھێزەكانی ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین و ھەموو ھێزەكان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخەین، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامبدەین".
هەروەها ڕایدەگەیەنێت دروستکردنی هێز لە لایەن پەکەکەوە نایاساییە و لەمبارەیەوە دەڵێت:" ئەوە ھەڵەیە پەكەكە دەیكات، لە ھەرێمی كوردستان حكوومەت و پەرلەمان ھەیە و ھێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ ھێزی فەرمی ھەرێمی كوردستانن و كار و ئەركیان بەپێی یاسا رێكخراوە، ھەرێمی كوردستان بە ھێزە فەرمییەكان دەپارێزرێت، نابێ ھیچ ھێزێك لەدەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دابمەزرێت، چۆن دەبێ ھێزێك كە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دیكە بێت و بڵێ ھەرێمی كوردستان دەپارێزین؟".
هێزەکانی پەکەکە، کە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتی تورکیان، پێشتر و لە ئێستاشدا، چالاکییەکانیان لە نێو سنووری هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن، ئەمەش زیانێکی زۆری مادی و گیانی لە دانیشتوان و گوندنشینانی ئەو ناوچانە داوە و حکومەتی هەرێم، چەندینجار نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی جموجۆڵەکانی هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانە، وڵاتی تورکیا بێ گوێدانە سنوور بەزاندن ڕەوایەتی بە بۆردومانکردنی ئەو ناوچانە دەدات و حکومەتی هەرێمیش لە ئێستادا جدی تر لەم مەسەلەیە دەکۆڵێتەوە و داوای وەستانی دەکات.

زۆرترین بینراو