بە‌بڕی ٤ تڕیلیۆن دینار ترانزێتی بازرگانی كراوە

بە‌بڕی ٤ تڕیلیۆن دینار ترانزێتی بازرگانی كراوە

زاری كرمانجی- سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە تەنیا لە ساڵی ڕابردوو، ٨١٣ كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون، ئەوەش وای كردووە كە بزاوتی ئابووری و جووڵەی بازاڕەكانی كوردستان گەشە بەخۆوە ببینێت بە شێوەیەك بەبڕی ٤ تڕیلیۆن دینار ترانزێتی بازرگانی كراوە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان، بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دیاركرد:" بەهۆی ئاسانكاری ڕێكارەكان لە ‌وەزارەتی بازرگانی بۆ پێدانی مۆڵەت بە ‌كۆمپانیاكان، تا دێت ژمارەی كۆمپانیا نێوخۆی و بیانییەكان لە كوردستان ڕوو لە زیادبوون دەكەن، بۆ نموونە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئەو زەمینەیەی كە ڕەخساوە بۆ پەرەپێدانی بواری ئابووری ٣٠ هەزار و ٢٢٣ كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون، كە سێ هەزار و ٣١٤ بیانی و ٢٦ هەزار و ٩٠٦ ناوخۆیین، بە‌كۆی گشتی توانراوە لەو ڕێگایەوە ٢٤ هەزار و ١١٤ هەلی كار بۆ گەنجان و لاوان بڕەخسێنرێت".
سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێم باسی لەوەشكرد، سەرەڕای قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی كۆرۆنا توانراوە لە ساڵی رابردوو، ٨١٣ كۆمپانیای ناوخۆیی تۆماربكرێت.
مستەفا شێخ عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەشكرد، لە پارێزگای هەولێر دوو هەزار و ٤٦٩ كارگە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، لەوانە ٦٩٠ كارگە لە ئێستادا كاردەكەن و ٧٧٩ كارگەش لە كاركەوتوون، لە ساڵی ٢٠٢٠ هەلی كار بۆ هەشت هەزار ٨٧١ كەس رەخساوە، لە سلێمانی هەلی كار بۆ هەشت هەزار و ٩٥ كەس رەخساوە، هەزار و ٢١ كارگە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە ٥٥٥ لەوانە لە ئێستادا كاردەكەن و ٤٦٦ ی دیكەش لە كاركەوتوون، لە دهۆكیش ٣٦١ مۆڵەتی كارگە دراوە، لەوانە ٢١٦ كاردەكەن و ١٤٥ لە كاركەوتوون، حەوت هەزار و ٣٤٨ هەلی كاریش لەو پارێزگایە رەخساوە".

بابەتى پەیوەندیدار ناوخۆ

زۆرترین بینراو