بە بایەخەوە لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا دەڕوانرێت

بە بایەخەوە لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا دەڕوانرێت

ئەمریكا لەسەر پێشێل كردنی مافی كورد هاتە دەنگ 

مەسرور بارزانی لە بەغدا: دەبێت وەك قەوارەیەكی دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت


زاری كرمانجی – سۆران:

رۆژی شەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێك سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەر یەك لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە، چاودێران و مامۆستایانی زانكۆش، سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ دەزانن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوونە، مەسرور بارزانی لە دیدارەكانیدا لە بەغدا بە راشكاوانە بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە " دەبێت حكوومەتی عێراق وەكو قەوارەیەكی دەستووری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، نەك بیر لەوە بكاتەوە بە شێوەیەكی مەركەزی هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات، چونكە كوردستان خاوەن ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی و مافی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی هەیە و هەزاران خەڵكی كوردستان لەم پێناوەدا شەهیدبوون".
هەروەها پێی راگەیاندوون، لە هەرێمی كوردستان ئێمە هەر وەك چۆن ئەركمان هەیە، بەهەمان شێوەش مافی دەستووریمان هەیە، بەڵام بەداخەوە مافەكانمان پێشێلكراون.
هەر لەو سەردانەدا، مەسرور بارزانی بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە" هیچ دادگایەیەكی دەستووری نییە و ئەو بەناو دادگا ئیتحادییەش بەپێ دەستوور دروستنەكراوە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندنابێت بە بڕیارەكانی دادگاكە".
مەسرور بارزانی لە كۆشكی حكومی لە بەغدا لە گەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، مستەفا كازمی، كۆبوویەوە، لە میانەی دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی تەواوی دۆسییە نیشتمانییەكان و ئەو پرسانە كرا كە بۆ ژیانی هاووڵاتیان گرنگن، هەروەها پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و ڕێگەكانی بەردەوامیدان بە كاری هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كران، بەو ئاراستەیەی كە ئاسایشی خۆراك بۆ تەواوی عێراقییەكان دەستەبەر بكات و بەردەوامی بە دابینكردنی شایستەكانیان  بدات و ژیانێكی سەربەرزانەیان بۆ گەرەنتی بكرێت.
هەردوولا بە توندی دەستدرێژییەكانی توركیایان بۆ سەر خاكی عێراق سەركۆنە و ئیدانە كرد، بەتایبەت هێرشی ئەم دواییە، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی بێتاوان بوونە قوربانی، جەختیش لە گرنگیی ڕێككەوتن لەسەر دیدگایەكی یەكگرتوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دەستدرێژییە و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی كرایەوە، بەو ئاراستەیەی كە سەروەری عێراق بپارێزرێت‌ و كار لەسەر ئەوە بكرێت،‌ لە ئایندەدا پێشێل نەكرێت.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگیی ئەمنیی لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی فیدراڵ و هێزەكانی پێشمەرگە و‌ گرنگی ‌ بەردەوامیدان بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە كرا‌، ئەمەش لەپێناو دڵنیابوونەوە لەوەی جارێكی دیكە نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق.
لە دیدارەكەدا ڕێگە چارەكان بۆ لێكەوتەكانی تەحەدیاتی‌‌ ئابووری تاووتوێ كران، كە جیهان و ناوچەكە پێیدا تێ دەپەڕن ، هەروەها گرنگیی ڕەخساندنی دۆخێكی گونجاو بۆ گەشەپێدانی ئابووری، لەمبارەشەوە جەخت لە گرنگی بەهێزكردنی میكانیزمەكانی هاوكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە، لەپێناو باشكردنی ژینگەی كار، ڕاكێشانی وەبەرهێنەران و فراوانكردن و زیاتركردنی سەرچاوەكانی داهات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕێككەوتن كراوە لەسەر قووڵكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیدان و درێژەدان بە كاركردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی هاوبەش و گەیشتن بە حاڵەتێكی یەكگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا، بە شێوەیەك كە بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراق بەدەست بهێنێت، جەختیشیكردووەتەوە لەوەی هەمیشە ئامادەن بۆ چارەسەر، چارەسەری دۆسیەی نەوت و گازیش ئەوەیە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت و ماف و ئەركەكانی هەر لایەك دیاریبكات و لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت.
بەپێی زانیاریەكان، سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، جەختی لەسەر گرنگیی كاركردن بە گیانی یەك تیمی و گرنگیدان بە شتە هاوبەشەكان كردەوە بەو شێوەیەی كە ئاسایش و سەقامگیری و بەرەوپێشچوون بۆ گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە دابین بكات.
د . رێبین سەلام، مامۆستای زانكۆ لە بارەی سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە زاری كرمانجی گووت:" لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی ئەوەكراوە سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستاندا هەیە دەبێت چارەسەر بكرێن، لە دواین سەردانی سەرۆكوەزیرانی كوردستانیش بۆ بەغدا وەڵام و پشتگیری ئەو نامەیە بوو كە لە لایەن مەسرور بارزانی بۆ جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا نێردرابوو، باسی ئەو خڕوقاتە دەستووریانەی كردبوو كە عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان چەند ساڵە جێبەجێی دەكات و مافەكانی كورد نادات، ئەمریكا لەسەر پێشێل كردنی مافی كورد هاتە دەنگ و ئەو كۆبونەوەیە هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی لەمەودوا عێراق مافی كورد بدات و چیتر پێشێل نەكات، لە كۆبوونەوەشیدا لەگەڵ مستەفا كازمی باسی تەواوی كێشەكان كراوە و هەوڵی رژد هەیە بۆ چارەسەر كردنییان . 
ئەو مامۆستای زانكۆ، ئاماژەشی بەوەدا:" عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەوە دڵخۆشبن یاخود دڵتەنگ بن، هەرێمی كوردستان لە بواری وەزە لەئاستی جیهان پێگە و جێگەی خۆی هەیە و حساب بۆ كراوە و توانیوەتی بەهۆی دیلبۆماسی بەهێزی لە وڵاتان بە گرنگی زۆرەوە لێی بڕوانن، ئەو سەردانەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گەواهیدەری ئەوە دەدات كە دەستی ئاشتی درێژ دەكەین و هەموو هەوڵێك بۆ چارەسەری كێشەكان دەدەین و دەمانەوێ بابەتەكانمان بەشێوەی دیبلۆماسی چارەسەر بكرێن نەك شەڕ و ناكۆكی .
گووتیشی:" ئەو سەردانەی مەسرور بارزانی بە راشكاوانە پێی راگەیاندوون وەرن كێشەكان بە یاسایی یان سیاسی چارەسەر بكەن و واز لەو ململانێیە بهێنن.
لای خۆشیەوە، د . مەهدی ستوونی، چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی گووت:" سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا گرنگی خۆی هەیە و لەسەر داواكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگهێشت كرابوو، لەو كاتەشدا كۆبونەوە و لەیەك نزیك بوونەوە لە بەغدا بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشەكان تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە جیهان تووشی قەیرانی وزە و ئاسایشی خۆراك بۆتەوە تا رادەیەك شەڕی روسیا و ئۆكڕانی هۆكارن . 
زیاتر گووتی:" مەسرور بارزانی لە ئاستی نێودەوڵەتی بە كارێزمایەكی سەركەوتوو دادەندرێت، هەمیشە هەوڵی باشتر كردنی ژیانی خەڵكی داوە و هەموو هەوڵێك بۆ بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستانی داوە، ئەمەش وای كردوە كە لە ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی بە كەسایەتیەكی دیبلۆماسی بەهێز دابندرێت و بەردەوام هەوڵیداوە لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتی كێشەكان بە لێكتێگەیشتن و یاسایی چارەسەر بكرێن . 
د . مەهدی ستوونی، دووپاتی كردەوە:" لەو سەردانە باسی پرسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كراوە، كە لە رێگەی دادگای فیدڕای عێراق چەند جارێك ئەو پرسە جوولێندرا و باسی نایاسایی بوون و ئەو بابەتانە دەكرا، بەشێوەیەكی گشتی سەرجەم ئەو كێشانەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق باسی لێوەكراوە، بەپێی زانیاریەكان كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو بووە و بەو هیوایەن لە داهاتوودا ئامانجی باشی هەبێت.
جەختی لەوەشكردەوە:" بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقیشدا هەیە، لە ئێستادا پێویستیان بە یەكڕیزی و ئارامی هەیە، ئەمەش بە رێكەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كاریگەری خۆی دەبێت و عێراق تا رادەیەك سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت".