بە كار هێنانی سلیكۆن بۆ جوانكاری ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات

بە كار هێنانی سلیكۆن بۆ جوانكاری ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات

د- شەهلا رەشید
* ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتان بۆ جوانكاری لە روخسار و جەستە روویان لە بەكار هێنانی بۆتۆكس كردووە، مەترسییەكانی چین؟
- بۆتۆكس ماددەیەكی دروستكراوە لە بواری پزیشكی و جوانكاری بە كاردێت، بە شێوەی گشتی بە كارهێنانی بۆتۆكس لە روخسار و جەستە بە مەبەستی جوانكاری زیانی نییە، ئەگەر لەلایەن پزیشكی پسپۆر بەكار بهێندرێت و نەخۆش پاش ئەنجامدانی بۆتۆكس بە تەواوی پابەندی رێنەماییەكان بێت.
بەڵام وەك هەر ماددەیەك بچێتە ناو لەش مەترسی تووش بوون بە هەستیاری دەبێت، كە بە شێوەیی خووران یا ئەستوور بوون بەرچاو دەكەوێت، یا هەندێكجار نەخۆش تووشی هەناسە سواری دەبێت و پێویستە زوو چارەسەر بكرێت. لەوانەیە نەخۆش تووشی نارێكی لە روخسار و دوو بینینی( خێلی) و كەوتنی برۆ یا پێلوی چاو و ئەوانەش بۆ ماوەیەكی كاتییە.
* ئایا راستەوخۆ مەترسییەكانی سەر جەستە یا روخسار بەدیار دەكەون؟
- مەترسییەكان ئەگەر بە شێوەی هەستیاری لە دەرمانەكان بێت، راستەوخۆ دەردەكەوێت، بەڵام مەترسییەكانی تر كە لە سەرەوە ئاماژە مان پێ دا دوای سێ رۆژ تا هەفتەیەك لە دانانی بۆتۆكس دەردەكەوێت.
* ئەو نەخۆشییانەی دەشێ لەم رێگەیەوە تووشی مرۆڤ ببێت چین؟
-هیچ نەخۆشییەك نییە پەیوەندی بە بۆتۆكس هەبێت.
* زۆر جار لە شوێنەكانی جوانكاری و بێ چاودێری پزیشك، یا پسپۆر كردەی بۆتۆكس ئەنجام دەدرێت، مەترسی ئەمە چییە؟
- ئەنجامدانی بۆتۆكس لە جێگایەكی بێ چاودێری پزیشكی و پسپۆر مەترسی هەیە، چونكە ئەو مەترسییانەی ئاماژەمان پێدا زیاتر ئەگەری هەیە تووشی بەكارهێنەر بێت، هەروەها بەكارهێنەر ئەگەر تووشی هەستیاری بێت ئەوە تەنیا پزیشك دەتوانێت چارەسەری بكات.
* جیاوازی نێوان بۆتۆكس و سلیكۆن چییە و كامەیان مەترسیدار ترە؟
- سیلیكۆن ماددەیەكە ساڵانی پێشوو بۆ پڕكردنەوەی هەر شوێنێكی لەش بەپێی حەز و پێویست بەكار دەهێندرا، بەڵام دەركەوت ئەم ماددەیە لەگەڵ كاتدا كاریگەری خراپی لەسەر پێست هەیە و مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات، بەڵام فیلەر ماددەیەكە لە ناو پێكهاتەی جەستەی مروڤ بە شێوەیەكی سروشتی هەیە، لەگەڵ كاتدا كم دەبێتەوە، بۆیە بەو شێوەیە دروستكراوە كە زیان بە پێست و جەستە نەگەیەنێت و ماوەكەی وەك ئاماژە پێكرا كاتییە، بۆیە زیانی زۆر كەمترە لە سیلیكۆن كە بەشێوەیی هەمیشەیی بمێنێتەوە.
* بەشێكی زۆر پزیشكانی بواری جوانكاری بۆتۆكس بۆ خۆیان ناكەن، بۆ ؟
- بە دڵنیاییەوە ئەگەر پێویست بكات ئەوانیش لای پزیشكی هاوڕێی خۆیان بۆتۆكس بەكار دەهێنن.
* ئامۆژگاریت بۆ خانمان چییە؟
- هیچ كاتێك ئیشی جوانكاری ئەنجام نەدەن بێ زانیاری و بێ ئەوەی پێویستیان پێ نەبێت، واتە وەك چاو لێكەری و تەنیا لەبەر ئەوەی كەسێكی نزیك ئەنجامی داوە ئەوانیش ئەنجامی نەدەن، بەڵام ئەگەر حەزیان كرد لە شوێنی وا ئەنجام بدەن كە پزیشكی پسپۆر لەو بوارەدا لەوێ ئامادە بێت.

زۆرترین بینراو