بە یەك هەنگاو یەك دەوڵەت

غەفور عەبدولا

 

بە گەڕانەوە بۆ ڕەوتی مێژوویی نەتەوەی كورد، هەر لە پەڕی یەكەمەوە دەبینین دەستپێكی مێژووی نەتەوەی كورد بە هەوڵدان و تێكۆشان دەست پێ دەكات تا بە شۆرش و خەباتكردن بۆ نیشتیمان و دروستكردنی دەوڵەت كۆتایی پێدێت.
هەربۆیە كورد لە دێرزەمانەوە یەك ئامانجی هەبووە لەو تێكۆشان و خەباتەی كە بە درێژایی مێژوو هەوڵی بۆداوە و جەنگاوە، ئەویش گەیشتن بە ئازادی خاكی خۆی و بەدەست هێنانی شەهادەی دەوڵەت.
هەر لە میرنشینەكان و شۆرشە یەك لە دوای یەكەكانی نەتەوەی كورد تا دەگاتە دوا شۆرشی مەلا مستەفای بارزان دەتوانین بڵێن پێش ئەوانیش جگە لە خەبات و تێكۆشان و بەرگریكردنی خاك و داواكردنی مافی نەتەوەی كورد بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان هیچ مەبەستێكی تریان نەبووە، كەواتە هەموو مێژووی كورد و هەوڵەكانی كورد دەڕخەری ئەوەن كە تا ئازاد بن و ببن بە یەكێ‌ لە دەوڵەتە دیارەكانی نەخشەی جیهان، بویە لێرەدا دەتوانم بڵێم بەو هەوڵانەی كە كورد داویەتی و بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوتە ئەو ئامانجەی كە لە دێرزەمانەوە بەدوای وێڵە كە ئەویش بە دەست هێنانی سەربەخۆی بونە و بون بە دەوڵەتە، یەكێك لە فاكتەرەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەكرێزی و یەكگرتن لە نێو ماڵی كوردا، كەوا دەبینین بەم دۆخەیی ئێستای بەرهەمهیناوە.
بەپێ مێژوو نەتەوەی كورد بۆ هاتنە نێو كایەكانی سیاسی و حكومرانی نوێیە و هیچ كاتێك وەكو ئێستا كورد نەبۆتە هەرێم و خاوەنی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكی هەریمی خۆی، بۆیە ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی لەم فەترەی حكومرانی كوردستان كە دەسەڵات و هێزیان هەیە، بەڕاستی باشترین كار ئەوەیە كە بیكەن ئەو هەلە زێڕینەی حكومرانیە لە بەرژەوەندی خاك و نەتەوەی خۆیان بقۆزنەوە بەرەو ئەو ئامانجەی كە خۆیان چاوەرێن كە ئەویش دەوڵەتی كوردە.
هەروەكو دەبینین ئاڵۆزییەكانی جیهان و دەوڵەتانی دڕاوسێمان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ و ئالۆزتر دەبێت و بێگومان كاریگەریەكی خراپ تەواو بەسەر كورد دروست كردووە هیچ لایەك وەكو دۆست و بەرژەوەندی كورد دانانرێت، بۆیە حزب و لایەنە سیاسیەكان لێرەدا دەبێت پێكەوە خاڵە لاوازەكانیان پربكەنەوە كە ئەویش بە یەك گرتن و یەكرێزی دیتە بوون، لە كاتێك دا بە داخەوە لایەنە سیاسەكان و دەسەڵاتدارانی كورد جگە لە بەرژەوەندی خۆیان و هێشتنەوەی دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەكانیان و بە هیچ شێوەیەك بیر لەو ئامانجە مێژوویەی خۆیان ناكەنەوە كە ئەویش بوون بە دەوڵەتە، بۆیە هەریەكە بەلای خۆیەوە هەوڵی بەدەست هێنانی دەسەڵات دەدات و لە خەمی حزبەكەی خۆیەتی و دەیەوێت كایە سیاسییەكانی حزبەكەی سەربخات، بۆیە گەر بەم شێوەیە ئەم بیركردنەوە لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی كورد بمێنێ گەیشتن بە ئامانجە مێژووەكە دادەروخێت و سەربەخۆی بوون ئەستەم دەبێ.
بۆیە تا یەك ریز و یەك دەنگ نەبین و پێكە وە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان كۆنەبینەوە نەیارانمان و دوژمنەكانمان لێناگەرێن یەك چركەش خەون بە سەربەخۆیی بوون ببینین ، بۆیە لە كۆتایدا دەڵێم دڵنیا بن لەوە كە هیچ لایەك و دەوڵەتێك كار بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی كورد ناكات و كەس لەگەڵ كوردا نیە، یەكگرتن و هەنگاونان بە یەكەوە چارەسەری هەری گەورەیی ئازادی بوونە.

 

زۆرترین بینراو