تارق گەردی: هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو كێشەكان لەگەڵ عێراق چارە بكات

تارق گەردی: هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو كێشەكان لەگەڵ عێراق چارە بكات

چاوپێكەوتن – ڕائیب شێروانی: تارق گەردی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی روونیكردەوە:" هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەكردنی كێشەكان و ناردنی ئەو بڕە نەوتەی كە پێویستە رەوانە بكات، باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ دەستوور و یەكلابوونەوەی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراق، لەوانەش هی هەرێمی كوردستان، چونكە چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دەستوور و گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراقی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقە، بەتایبەتی كورد.
گەردی، گوتی:" گفتوگۆ و ئەو سەردانانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێن، دەستپێكێكی زۆر باشە كە جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەر دوو لا، بەتایبەتی ئەو بڕگە دەستووریانەی كە تاكو ئێستا جێبەجێ نەكراون، ئەوە لە بەرژەوەندی حكوومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی جێبەجێ كردنی ماددەی 140، هەروەها بابەتی یەكلاكردنەوەی نەوت داهێنانی یاسای نەوت و گاز لە عێراق، بابەتی یەكلاكردنەوەی بودجە و مووچەی پێشمەرگە و هەروەها ناردنی تەواوەتی مستەحەقاتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵانەی عێراق، بۆ ئەوەی ئاگادار بین لە ئەنجاجی ئەو وتووێژانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كابینەی نۆ، بەرنامەكەی جەختكردنەوەیە لەسەر پێكەوەژیان و ئاشتی و چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە رێگای گفتوگۆ و لەژێر سێبەر و چەتری دەستووری عێراقی، چونكە تەنیا لە رێگەی جێبەجێ كردنی دەستوور دەتوانین بگەینە ماف و ئامانجەكانمان، دەستووری عێراقی زیاتر لە 90% ئامانجەكانی گەلی كوردستانی تێدایە، بۆیە دەبێت پێداگری بكەین لە جێبەجێ كردنی هەموو بڕگە و ماددەكانی دەستوور.
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران روونیشی كردەوە:" كوتلە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی شیعە، ئەوان جاری وا هەیە لەناو خۆیان كێشەیان هەیە، ئەو كێشانە ڕەنگ دەداتەوە بۆ ئەوەی ئەزمەكە لای خۆیان قوڵتر نەبێتەوە كێشەكە دەكەنە كێشەی كورد و عەرەب، كێشەی شیعە و سوننە، لایەنێك حەز ناكات لایەنێكی دیكە سەر بكەوێت، ئەو كاتە بەهانە دەگرێت، ئەگەرنا ئەوان خۆیان لە گێلی نەدەن، باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ دەستوور یەكلابوونەوەی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراق، لەوانەش هی هەرێمی كوردستان، بۆیە چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دەستوور و گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراقی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقە، بەتایبەتی كورد.
تارق گەردی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوەشكردەوە:" هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەكردنی كێشەكان و ناردنی ئەو بڕە نەوتەی كە پێویستە رەوانە بكات، بەڵام پێویستە هەموو مستەحەقاتی ناو بودجە بۆ هەرێمی كوردستان بێت، تەنیا خۆ مووچە نیە، كۆمەڵێك بڕگەی دیكە هەیە، لەناو بودجەی عێراق كە هەرێمی كوردستان پشكی هەیە دەبێت ئەوانە جێبەجێ بكات".

زۆرترین بینراو