تاكە یانەیە لەم وەرزە هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە

تاكە یانەیە لەم وەرزە هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە

رائیب شێروانی- بڵێ: لە میانەی یارییەكانی خولی پلە یەكی كوردستان بۆ تۆپی پێ, یانەی هەڵۆ لە یاریگەی خۆی لە شارەدێی بلێ میوانداری یانەی هەڵەبجەی شەهیدی كردو توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی میوان بباتەوەو ژمارەی خاڵەكانی بەرز كردەوە بۆ 14 خاڵ و سەركەوت بۆ ریزبەندی چوارەم بە جیاوازی پێنج خاڵ لەگەڵ یانەی چەمچەماڵی یەكەمی ریزبەندو یانەی رزگاری بە دوو خاڵ لە دووەم و یانەی كۆیە بە تەنها خاڵێك لە پلەی سێیەم.
ئەمەو لە خولەكی 24 ی یارییەكە لوقمان عەبدولڵا گۆڵی یەكەمی بۆ یانەی هەڵۆ تۆماركرد، دوای دوو خولەكی دیكەو واتا لە خولەكی 26 یاریزان ئیبراهیم غازی لە لێدانێكی بەهێز گۆڵی دووەمی بۆ یانەكەی تۆمار كرد، هەر بەو ئەنجامەش نیوەی یەكەم بە كۆتاهات.
لە نیوەی دووەمدا یانەی هەڵەبجەی شەهید ریزەكانی خۆی رێك خستەوە و لە هەوڵی ئەوەدا بوو هەر زوو گۆڵێك تۆمار بكات، بۆ ئەم مەبەستە بە هێرش بردن دەستی پێكرد، ئەوە بوو لە خولەكی 60 گۆڵێكیان تۆمار كرد، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەكەی رەتكردەوە، لە خولەكی 77 ئەحمەد خەمیس گۆڵی یەكەمی بۆ هەڵەبجە تۆمار كردو جیاوازییەكەی بۆ گۆڵێك كەم كردەوە، دوای چەندین هێرشبردنی بێ ئەنجامی هەردوولا كات گەیشتە خولەكی كۆتایی و ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكەی لێدا بە سەركەوتنی یانەی هەڵۆ بە ئەنجامی 2-1 .
بەم بردنەوەیە یانەی هەڵۆ ژمارەی خاڵەكانی خۆی لە 8 یاری بۆ 14 خاڵ بەرزكردەوە، تاكە یانەیە لە خولەكەدا تا ئێستا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، 5 یەكسان و سێ بردنەوەی هەیە.

بیروڕا

زۆرترین بینراو