تا ئێستا نزیكەی 120 جۆری گوڵی سرووشتی كۆ كراونەتەوە

تا ئێستا نزیكەی 120 جۆری گوڵی سرووشتی كۆ كراونەتەوە

 

ئا: رەمەزان هەرنی: بە مەبەستی گرنگیدان بە پاراستنی گوڵی سرووشتی، لە دەڤەری بارزان رێكخراوێكی تایبەت بە گوڵ دامەزرا و گوڵە سرووشتییەكانی ئەو ناوچەیە دەپارێزن.

تاهیر ساڵح ئاڵكەیی، سەرۆكی رێكخراوی گوڵ و سرووشت لە دەڤەری بارزان بە زاری كرمانجی گوت:" وەك دەستپێشخەرییەك بۆ پاراستنی گوڵ و گوڵزار لە هەرێمی كوردستان و دەڤەری بارزان ئەو رێكخراوەمان دامەزراندووە.

سەرۆكی رێكخراوی گوڵ و سرووشت لە دەڤەری بارزان گووتیشی:" رێكخراوەكە ئەركی پاراستن و ئاشكراكردنی گوڵە سرووشتییەكانی دەڤەری بارزان لە ئەستۆ دەگرێت و تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر گوڵی سرووشتی لە دەڤەری بارزان ئاشكرا كراون كە پێشتر خەڵك زانیارییان لەسەر نەبووە و نەیانبینیوە، رێكخراوەكە دەكەوێتە دەڤەری بارزان، بەڵام لە هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان نوێنەرێك دەستنیشان كراوە، بۆ ئەوەی هاوكاربن بۆ دەستنیشانكردنی جۆر و شێوەی گوڵە سرووشتییەكان، وێنەكان بە داتا  و زانیاری كۆ دەكرێنەوە بۆ ئەوەی بزانین چەند جۆر و شێوەی گوڵ لە كوردستان و ناوچەكە هەن.

تاهیر ساڵح ئاڵكەیی، ئاشكراشی كرد:" دوای كۆكردنەوەی هەموو جۆر و شێوەی گوڵەكان لە كتێبێكی تایبەتدا بڵاو دەكرێنەوە و تا ئێستا بە هەوڵ و كوششی ئەندامانی رێكخراو كە پێكهاتووە لە سێ كوڕ و دوو كچ، توانراوە نزیكەی 120 جۆری گوڵی سروشتی كۆ بكەنەوە كە لە ناوچە جیاوازەكانی دەڤەری بارزان و كوردستان كۆ كراونەتەوە بە تایبەتی لەناو سرووشتی جوانی دەڤەری بارزان كە چەندین ساڵە دەپارێزرێن.

سەرۆكی رێكخراوی گوڵ و سرووشت لە دەڤەری بارزان روونیشكردەوە:" سرووشت و ئاژەڵەكانی بارزان هەر لە كۆنەوە پارێزراون و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كولتووری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و بەو هۆیەوە دەیان جۆر ئاژەڵی كێوی كە لە ناوچەكانی تری كوردستان لەناو چوون، بەڵام لەو ناوچەیە بە پارێزراوی ماونەتەوە".

زۆرترین بینراو