تكایە فریایی پاركی گۆڤەند بكەون

تكایە فریایی پاركی گۆڤەند بكەون

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران:
سەرەڕای هەبوونی گلەییان لە كەمی رێژەی پاركی و باخچەی نیشتیمانی لە شاری سۆران، هاووڵاتیان گلەییان لە خراپی دۆخی پاركەكانی شاری سۆران هەیە، ئەمەش وایكردووە رێژەی سەردانیكردنی هاووڵاتیان بۆ پاركەكان كەم ببێتەوە.
پاركی گۆڤەند دەكەوێتە گەڕەكی هەرێم و لە ساڵی 2007 دروستكراوە، هەرچەندە پاركەكە لەسەرەتای كردنەوەیدا یاری منداڵان و نافورە و دار و ئامرازەكانی روناك كردنەوەی تێدابوو، بەڵام لە ئێستادا جگە لە چەند دارێك هیچی دیكەی تێدا نەمایە.
شاكر خۆرشید موختاری گەڕەكی هەرێم بە زاری كرمانجی راگەیاند" دوای تەواوبوونی پاركەكە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی سەردانی ئەم پاركەی دەكرد، بەڵام لە ساڵی 2012 دیواری پاركەكە و چەند یاریكەی منداڵان و ئامرازەكانی روناككردنەوەی پاركەكە تێكشكێنران، هەرچەندە لێپێچینەوەمان لە ئەنجامەرانی ئەم كارە كرد، ئەو كات بەپێی بڕیاری شارەوانی دەبوایە ئەنجامەرانی ئەم كارە بە بڕێك پارە سزا بدرێن، ئێمەش لای خۆمانەوە ئەو كەسانەمان ئاگادار كردەوە، بەشێكی زۆریان بڕێكی پارەیان دا بۆ چاكردنەەی پاركەكە، بەڵام دواتر هەموویان ئامادەنەبوون پارەكە بدەن، بوویە ئێمەش دەستمان لە بابەتەكە هەڵگرت"
موختاری گەڕەكی هەرێم ئەوەشی گووت" سالانی رابردوو چەندین جار داوامان كردووە تاكو پاركەكە روناك بكرێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن سەردانی بكەن، بەڵام هەوڵەكانمان سوودی نەبووە"
موختاری گەڕەكی هەرێم زیاتر دەشڵێت" پێشتر لە ناو پاركەكە چەند كەسێك بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون، ئەمەش لەبەر ئەوەی پاركەكە زۆر تاریكە و هاوولاتیان سەردانی ناكەن، بوویە زانیاری هەبوون لەوەی چەند كەسێك بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ئەوێ دەكەن، بەڵام خۆشبەختانە بە هاوكاری خەڵكی ناوچەكە برایانی ئاسایش توانیان چاودێری بخەنە سەر ئەم شوێنانە و چەند كەسێكی دەستگیر بكەن"
هاووڵاتیانی نزیك ئەم پاركە دەڵێن" لە سەرەتای كردنەوە پاركێكی خۆش بوو، بۆ هەڵكیشانی هەناسەیكی پاك و و نزیكبوون لە دۆستان سەردانی ئەم پاركەمان دەكرد، بەلام دوای ئەوەی چەند دیوارێكی پاركەكە رۆخێنراون و هەرچی یاری و گڵۆپە شكێنراون، لە ئێستادا پاكەكە زۆر تاریكە و هیچ دیمەنێكی جوان و سەرەنج راكێشی تێدا نیە بوویە ئێستا بووەتە جێگای نێرگلە كێشان"
ئەندازیار ئەمیر فاخر، بەرێوەبەری شارەوانی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئەم پاركە ساڵانێكی زۆرە دروستكراوە، لە سەرەتادا جگە لە سەوزایی چەند یاریكی منداڵانی تێدابووە، خەڵك بەردەوام سەردانی دەكرد، بەڵام دواتر هەرچی یاری و دیوار و ئامرازەكانی روناك كردنەوەیە لە لایان چەند كەسێكەوە تێكشكێنراون، ئێستادا ئەم پاركە جگە لە چەند نەمام و دارێك هیچی دیكەی تێدا نەماوە.
ئەمیر فاخر ئەوەشی گووت"دوای دەستبەكاربوونمان داواكاریەكمان بەرزكردوتەوە بۆ ئەوەی بڕێك پارە خەرجبكرێت تاكو بتوانین پارك و باخچەكانی سۆران نۆژەن بكەینەوە، چونكە ئەم پارك و باخچانە ساڵانێكی زۆرە نۆژەن نەكراوەنەتەوە، ئەگەر چی تاكو ئێستا وەڵامی داواكریەكەمان نەدراوتەوە، بەڵام ئەگەر بێتو پارەكە خەرجبكرێت دەتوانین پاركی گۆڤەند و تەواوی پارك و باخچەكانی سۆران نوژەن بكەینەوە".

زۆرترین بینراو