توركیا لە زاخۆ و برادۆست دەیان كیلۆمەتر داخلی خاكی هەرێم بووە

توركیا لە زاخۆ و برادۆست دەیان كیلۆمەتر داخلی خاكی هەرێم بووە

موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی: ماوەی چەند رۆژێكە هێزێكی زۆری توركیا بە هیلیكۆپتەر دابەزیوون بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان لە سنووری قەزای زاخۆ و چەند نوفتەیەكی سەربازیان درووست كردووە و دەستیان كردووە بە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی، ئەمەش ترسی هەڵگیرسانی شەڕی لای خەلك درووست كردووە و ئەو بەزاندنەی سنوور هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقیشی نیگەران كردووە.
لە مانگی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی( چڕنووكی پڵنگ )، توركیا لە چەندین شوێنی ستراتیژیی سنووری ناحیەی باتیفا لە سنووری زاخۆ جێگیربووە، ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی لێدان لە بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە " بەردەوامە و ئامانجی ئەوەیە ناوچە سنوورییەكانی قەزای زاخۆ لە هەبوونی هەر چاڵاكییەكی چەكداری پەكەكە پاكبكاتەوە، هێرشەكان بۆ سەر ناوچەكانی چیای خامتیر لە دەڤەرەكە بە چڕكراونەتەوە و لە لە ماوەی تەنها دوو رۆژدا 20 جار دەوروبەری ئەو چیایە و گوندی منینێ و شاقولێ تۆپبارانكراوە، بەرپرسێكی سەربازی ناوچەكەش دەڵێت" ئەگەر رێگریی لە ئۆپەراسیۆنی توركیا نەكرێت، پلان هەیە چەندین شوێنی هەرسێ ناحیەی كانی ماسێ، باتیفا و دەركارێ لەلایەن توركیاوە كۆنترۆڵ بكرێن.
كوردستان وەك قەوارەیەكی دانپێنراو لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا، خاك و سنوور و جوگرافیای دیاری كراوە، بە یاسا رێگە بە هیچ هێزێك نادێت بێ ئاگاداری و بێ هەماهەنگی حكومەتی هەرێم و عێراق هێزی بیانی داخلی نێو خاكی باشووری كوردستان ببێت و ئەمە بە پێشێل كردنی یاسا و شكاندنی شۆكی هەرێم دادەندرێت.
جاری یەكەم نییە، هێزی سوپای توركیا بێگوێدان بە شكاندنی یاسا و پێشێل كردنی شكۆ و بەزاندنی خاكی وڵاتان هەوڵی داگیر كاری دەدات و لە ساڵانی رابردوو لە هەوڵی داگیر كردنی چەندین شوێنی سووریا و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی داوە، لە كۆتای ساڵی 2017ــدا لەچەند شوێنێكی ستراتیژی لە سنووری ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆرانییش نیشتەجێ بوونە و هێزێكی زۆری پیادە بە چەكی قوڕس و سووكەوە بە بیانووی كردنی ئامانجی پەكەكە و نەهێشتنی لە سەرسنوورەكانی، بە مەودایی دەیان كیلۆمەتر لەو ناوچەیە داخلی نێو خاكی هەرێمی كوردستان بوونە و هەریەك لە ناوچەی كانیەڕەش و چیای كتكین و چیای دێل، چیای كەوێت، چیا سۆرك، شەكیو، شووشان، ئاودەل، بەرزایەكانی خەلیفان بە دەست هێزی توركیان و قەرەقۆل و نوقتەی سەربازیان قایم كردووە و بەپێی زانیاریەكان، هیچ شوێنێكی دیاری كراو ئێستە لە ژێر كۆنتڕۆڵی پەكەكەدا نەماوە و دۆخێكی نائارام دەڤەرەكە دروست بوەوە و بەردەوام شەڕ و پێكدادان لە نێوان هەردوولا هەیە.
بەرپرسێكی سەربازی لە فەرماندەی ئەو هێزەی پاسەوانیی سنووری عێراق، كە لە دەوروبەری زاخۆ بڵاوەیان پێكراوە بە زاری كرمانجی رایگەیاند، لە چەند خاڵێكی ستراتیژی لە سنووری هەردوو ناحیەی باتیفا و دەركار جێگیربوون. هەروەها حكومەتی عێراق، توركیای لە جووڵەپێكردنی ئەو هێزانە ئاگادار كردووەتەوە.
لەبارەی جووڵەی هێزەكانی پاسەوانیی سنوور لە دەوروبەری زاخۆ، رایگەیاند دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا و سەردانیكردنی فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانیی سنوور بۆ ناوچەكە، لیژنەیەك لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە پێكهێنرا و سەردانی ناوچەكەیان كرد، پاشان فەرمان درا بەوەی هێزەكانی 1ی پاسەوانی سنوور بجووڵێن و دەست بەسەر چەند پێگەیەكی ستراتیژی لە ناوچەكەدا بگرن.بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ بەو هێزانە بكرێت و هێزی دیكە لە عێراقەوە بهێنرێتە شوێنی هێزەكانی ئەوان. هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەش هەیە و دۆخی نێوانمان ئاساییە".
لەو بارەیەوە، د. ناسر هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زاری كرمانجی راگەیاند" فەرماندەی پاسەوانی سنوور ناوچەی " 1 "مان هەیە كە بارەگایان لە هەولێرە ئەو فەرماندەیە سێ لیوای تایبەتی هەیە و بەسەر هەرسێ پارێزگەی هەرێم دابەش كراون، لەگەڵ پۆلیسی گۆمرك كە لە دەڤەری سحێلا تا خانەقین سەرجەمییان پاسەوانی سنووری فەرمانەی ناوچەی یەكن و تەواوی ئەفسەر و پۆلیسەكانیشیان كوردن، بەپێی دەستوور ئەو فەرماندەیە بەرپرسن لە پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق".
زیاتر گووتی" هیچ هێزێكی عێراقی نەهاتووە سنووری زاخۆ بەبێ ئاگاداری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو هێزانەی ئێستا لە زاخۆ بوونیان هەیە لە حاجی ئۆمەران و لە زۆر ناوچەی تر هەیە و هێزی نوێ نین بەڵكو چەندین ساڵە لە ناوچە سنوورەیكانن و مەبەستیان پاراستنی سنوورەكانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتیشی" وەزارەتی بەرگری عێراق و سەرۆككومار و لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئیدانەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی توركیایان كردووە، عێراق بە شێوەیەكی گشتی كار لەسەر ئەوە دەكات كە ئەو دەستێوەردانەی توركیا و خۆ سەپاندنە رابگرێت، بەڵام لە هەمانكاتدا وەك رای لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نابێت هیچ گرۆپێكی سیاسی هیچ بیانویەك بداتە دەست توركیا كە سنوور ببەزێنێت و هێرش بكات، بە بەردەوامی كار لەسەر ئەوە دەكەین بە رێگای پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان وە لەگەڵ كۆمەڵێك سیناریۆی تر لەبەر دەستی عێراق هەن بۆ رێگری كردن لە ئۆپەڕاسیۆنی توركیا بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان".
میران بەكر سكترێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" هاتنی هێزی سوپای توركیا و بەزاندنی خاكی كوردستان، پرسێك نییە تەنها پەیوەندی دار بێ بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەلكو كاری سەرەكی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمە لەسەر ئەو بابەتە قسە و كاردانەوەیان هەبێت، هەر لە سەر ئەو بابەتە لەلایەن فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی وەزیری پێشمەرگەیان كردووە و لە ماوەی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە وەزیر قسە و روون كردنەوەی تەواوی دەبێت".
لەبارەی دەنگۆی هاتنی هێزی سوپای عێراقی و داگیر كردنی خاكی كوردستان، سكترتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەی كوردستان رەتی دەكاتەوە و دەڵێ" لە دووای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 سوپای عێراق لە هەر شوێنێك نیشتەجێ بووبێت هەر لەو شوێنانەن و یەك مەتریش نەهاتوونەتە پێش. هێزی پاسەوانی سنووری كە سەر بە عێراقن، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاگاداری و هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چەند شوێنێكی سەرسنووری زاخۆ جولێندراون و لەوێ جێگیر كراون بۆ پاراستنی سنوورەكان و رێگری كردن لە هەرێزێكی بیانی بۆ نێو خاكی كوردستان و عێراق .
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكراشی كرد" هیچ جوولەیەكی نائاسایی لە ناوچە سنووریەكان لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا بوونی نییە، بەپێچەوانەوە نێوان ئێمە و سوپای عێراق زۆر خۆشە و هەماهەنگی باشمان هەیە، بۆ زانیاری خەلكی كوردستان هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای پێشمەرگە بۆ هەماهەنگی زیاتر سەردانی بەغدایان كرد و بڕیاردرایە لە چەند شوێنێك بازگەی هاوبەش لە سوپای عێراقی و پێشمەرگە بەیەكەوە دابندرێت".
لای خۆشیەوە، شاخەوان رەئووف سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" ئێمە لە كۆبوونەوەی رابردوو پێشنیاری ئەوەمان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد سەردانێكی مەیدانی بكرێت لە رێگەی سێ لیژنەی تایبەتمەندەوە بۆ شوێن و ناوچە سنووریەكان كە بەزاندنی سنووری تێدا كراوە یا بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەكانی ولاتانی دراوسێ هاووڵاتییان و گوندنشینان قوربانیان داوە، خۆشبەختانە پێشنیارەكەمان بە هەند وەرگیرا و پەسەند كرا و بە شێوەی مەیدانی سەردانی ناوچە سنووریەكان دەكەین و هەموو سەرپێچییەك و دەستدرێژیەكی وڵاتانی دراوسێ لەسەر ئاستی پاێزگەی هەولێر، دهۆك، سلێمانی و هەڵەبجە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزی دەكەینەوە و لە تەواوی وردەكاریەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاگاداریان دەكەینەوە و تا لە پەرلەمانیش گفتووگۆی زیاتر لە سەر ئەو بابەتە هەستیارە بكەین".
زیاتر گووتی" ئاگاداراین بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەكانی توركیا و ئێران، خەلكێكی زۆری سڤیل و پیشەدار بوونەتە قوربانی، ئێمە بەهەموو شێوەیەك هەوڵ ئەدەین تا بە ماددی قەرەبووی زیان لێكەوتانی دەستی تۆپباران و بۆردومانەكانی وڵاتانی دراوسێ بكرێتەوە و مافیان نەخورێت".
شاخەوان رەئووف، ئاماژەشی بەوەدا" هەرچەندە یاسایەكی كارپێكراو هەیە كە لە ساڵی 1992 دەرچووە، هەموو داگیركاری و بەزاندنی سنوورەكان لەلایەن هەر وڵاتاێكەوە بۆ سەر خاكی كوردستان رووبدات رێگە پێدراو نییە و بەپێشێل كردنی سیادی عێراق و شكاندنی شكۆی هەرێمی كوردستان دادەندرێت، ئێمە وەكو لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی كوردستان بەلامانەوە گرنگە پارێزگاری لە خاكی هەرێمی كوردستان بكەین و رێگە نەدەین بەزاندنی سنوورەكانی هەرێم ببێتە نەریت و فەرهنگ و كلتوور".
لەلایەكی تریشەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بووەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ چەند ناوچەیەكی سنووری هەرێمی كوردستان، ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو، لە ئەنجامی تەقەی هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كوێستانی وێزەی دەڤەری باڵەكایەتی شوانكارێك بە سەختی بریندار كرا و زیانی زۆر بە ئاژەڵ و مەڕ و بزنی هاووڵاتییان گەیشتووە، لە ساڵانی رابردووش لە سنووری سیدەكان و سنووری سلێمانی خەلكێكی زۆری سڤیل بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەكانی ئێران بووەتە قوربانی".
لەسەر ئەم پرسە، سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی چۆمان پشت راستی هەواڵەكەی كردەوە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند" ئێوارەی رۆژی 4 – 7 – 2020 ، كەسێك بە برینداری گەیەندرایە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی چۆمان، بەناوی ( هەڵوێست ئیسماعیل )، تەمەن 15 ساڵان، پیشەی شوانكار بووە، بەهۆی تەقەكردن لە سەر سنووری هەرێمی كوردستان و ئێران لە كوێستانی گوندی وێزە برینداربووە. دوای ئەوەی چارەسەری سەرەتای بۆ كرا، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ڕەوانەی هەولێر كرا.
ئەم رووداوە و دەیان رووداوی تر بەهۆی تەقە كردن و تۆپبارانەكانی ئێران هاووڵاتییانی سڤیل و گوندنشینیان بوونەتە قوربانی و زیانی گیانی و ماددیی زۆریان لەدەست سوپای پاسدارانی ئێران پێگەیشتووە. هەر بە پێی زانیاریەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتووە، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش هێزی بۆ ناوچە سنووریەكانی پارێزگەی سلێمانی رەوانە كردووە و بەمەودای چەند كیلۆمەترێك داخی خاكی هەرێم بووە لەو پارێزگایە".
هاوكات، دوێنێ یەكشەم، گوتەبێژی حكومەتی عێراق لە راگەیێنراوێكدا داوای لە توركیا كرد هێرشەكانیان رابگرن و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەكات هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە بنێن.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی حكومەتی عێراق لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند،" هێزەكانی توركیا هێرشەكانیان بۆ سەر خاكی عێراق چەندبارە دەكەنەوە و ئێمە ئەم كارانە رەتدەكەینەوە و بڕوامان وایە زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەل دەگەیێنن". گوتەبێژی حكومەتی عێراق داوادەكات، "دەستبەجێ هێرشەكان رابگیرێن كە زیان بە ئاسایشی هەرێمایەتی دەگەیەنن و هاوكات دەستدرێژین بۆ سەر سەروەری و گیانی عێراقییەكان".
مەلا تەڵاڵ ئاماژە بەوە دەدات، "حكومەتی عێراق دوو نامەی فەرمیی بە زمانێكی تووند بە باڵیۆزی توركیا داوە و جەختی كردووەتەوە كە بۆ چەسپاندنی مافی عێراق لەپێناو رەتكردنەوەی ئەو دەستدرێژییانە و وەستاندنیان پەنا بۆ چوارچێوەی یاسایی و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان دەبات".
گوتەبێژەكەی حكومەتی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە، "لە هەر كارەساتێكی مرۆیی و ماددیدا توركیا بەرپرسیارێتیی یاسایی و رەوشتی هەڵدەگرێت. ئەو دەستدرێژییانە بەزاندنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و ئاسایشی گەلەكەیەتی. هەر لە راگەیێندراوەكەدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كراوە هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە بنێت و پشتیوانی لە مافی عێراق بۆ پارێزگاری لە خاكەكەیی و گەلەكەی بكات".

زۆرترین بینراو