توركیا لە هەوڵی داگیر كارییە لە هەرێمی كوردستان

توركیا لە هەوڵی داگیر كارییە لە هەرێمی كوردستان

"چەكدارانی پەكەكە بیانووی سەرەكین بۆ هاتنی سوپای توركیا "


" هەڵوێستی بەغدا تەنها سەركۆنە كردنی زارەكییە"


شیلان بوڕهان هەركی – سۆران:

هەرێمی كوردستان كە شوینێكی ستراتێژییە چەندین ساڵە بوویتە مەیدانی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا و بە تۆمەتی بوونی هێزی پەكەكە، خاكی باشووری كوردستان تۆپ باران دەكرێت لە لایەن توركیاوە، ئەمەش جگە لە دەستدانی هاوڵاتیانی ناوچەكە كارێگەری لەسەر لایەنی ئابووری و سەربازی دروست كردووە بوویتە جێی مەترسی لەسەر هاووڵاتیانی كوردستان بە تایبەتی ناوچە سنووریكان كە مەترسی زۆری لەسەرە".
لە رۆژانی رابردوو، هێزێكی زۆری توركیا بە هیلیكۆپتەر دابەزیوون بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان لە سنووری قەزای زاخۆ و چەند نوفتەیەكی سەربازیان درووست كردووە و دەستیان كردووە بە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی و بەردەوامیش لە هاتنەپێشدان، ئەمەش ترسی هەڵگیرسانی شەڕی لای خەلك درووست كردووە و ئەو بەزاندنەی سنوور هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقیشی نیگەران كردووە.
لە مانگی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی( چڕنووكی پڵنگ )، توركیا لە چەندین شوێنی ستراتیژیی سنووری ناحیەی باتیفا لە سنووری زاخۆ جێگیربووە، ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی لێدان لە بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە " بەردەوامە و ئامانجی ئەوەیە ناوچە سنوورییەكانی قەزای زاخۆ لە هەبوونی هەر چاڵاكییەكی چەكداری پەكەكە پاكبكاتەوە .
جاری یەكەم نییە، هێزی سوپای توركیا بێگوێدان بە شكاندنی یاسا و پێشێل كردنی شكۆ و بەزاندنی خاكی وڵاتان هەوڵی داگیر كاری دەدات و لە ساڵانی رابردوو لە هەوڵی داگیر كردنی چەندین شوێنی سووریا و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی داوە، لە كۆتای ساڵی 2017ــدا لەچەند شوێنێكی ستراتیژی لە سنووری ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆرانییش نیشتەجێ بوونە و هێزێكی زۆری پیادە بە چەكی قوڕس و سووكەوە بە بیانووی كردنی ئامانجی پەكەكە و نەهێشتنی لە سەرسنوورەكانی، بە مەودایی دەیان كیلۆمەتر لەو ناوچەیە داخلی نێو خاكی هەرێمی كوردستان بوونە و هەریەك لە ناوچەی كانیەڕەش و چیای كتكین و چیای دێل، چیای كەوێت، چیا سۆرك، شەكیو، شووشان، ئاودەل، بەرزایەكانی خەلیفان بە دەست هێزی توركیان و قەرەقۆل و نوقتەی سەربازیان قایم كردووە و بەپێی زانیاریەكان، هیچ شوێنێكی دیاری كراو ئێستە لە ژێر كۆنتڕۆڵی پەكەكەدا نەماوە و دۆخێكی نائارام دەڤەرەكە دروست بوەوە و بەردەوام شەڕ و پێكدادان لە نێوان هەردوولا هەیە.
لەو بارەیەوە، د.رێبین سەلام چاودێری سیاسی بۆ زاری كرمانجی گووتی" بوونی هێزەكانی توركیا مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و رێكەوتننامەی سنوری نێوان عێراق وتوركیا لەساڵی( ١٩٨٨) كە هەردوو وڵات بۆ سەركوتكردنی هەر بزوتنەوەیەكی كوردی بۆیان هەیە هەتا " ١٠ "كم بچنە خاكی یەكدیەوە، پاشان لە شەڕی ناوخۆدا لە ساڵی (١٩٩٤)لەبەر پەل كێشكردنی هێزەكانی پەكەكە لە لایەن ( یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ) تا پێكەوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بچنە شەڕەوە!، ئەمە بووە مایەی هەنجەتی زیاتر بۆ زیاد بونی هێزەكانی توركیا لە كوردستاندا نەك هەر لە عێڕاق بەڵكو لە سوریا وئێرانیش توركیا هەر جێیەكی بوێت داگیری بكات هێزەكانی پەكەكەی لێ بووە".
زیاتر گووتی" بوونی ئەم هێزە بەناو كورد و بەناوەڕۆك ناكوردانە زیانی گەورە و مەترسی زۆری هەیە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەزموونی ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتووەكانمان بینی لە كاتی هێرشەكانی توركیا بۆسەر كوردستانی رۆژئاوا، یەكێتی ئەوڕوپاشی لەگەڵدا بێت تەنیا بە زەبری ئابووری وەڵامی توركیایان دایەوە، كە زەبرێكی كاریگەرە و پاوانخوازیەكانی سەرۆكی توركیا سەری ئابوریەكەی توركیای خوارد و رۆژ بە رۆژیش بارودۆخی ئابوری توركیا لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت، چونكە سەرۆكی توركیا كەوا وەهمیەكەی سوڵتانێتی خۆی لە چەندین داوی دڕكاوییەوە ئاڵۆزاندووە كە ئەستەمە لێ ی قوتار بێت، تەنانەت لوتی ژەندۆتە شەڕەكانی لیبیاش بە پێ ی مادە (١١٠ /دەستوری عێڕاق، بەڵام دەبینین كە هەڵوێستی بەغدا لە تەنها سەركۆنە كردنێكی زارەكی زیاتر هیچ هەنگاوێكی دیكەی لەبەرامبەر ئەو لەشكركێشییە و هاتنی سوپای توركیا نەناوە، تەنانەت كاتێك كە سەفیری توركیا لە بەغدا بانگ دەكرێت وپێی دەڵێن: دەمانەوێت پێتان رابگەیەنین كە عێراق نیگەرانە سەبارەت بەو بۆردومان ودەست درێژیانەی توركیا، لە وەڵامدا سەفیرەكەی توركیا دەڵێت: ئێمەش دەمانەوێت پێتان رابگەیەنین كە بەردەوام دەبین هەتا هێزەكانی پەكەكە لەوێ مابن".
جێگر محمد، راگەیاندكار لە رادیۆی دەنگی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" توركیا دەیەوێت لە رێگای تۆپباران كردنی هەرێمی كوردستان پەیام بگەیەنێت بە یار و نەیارەكانی لە ناوەوەو دەرەوەی توركیا كە هەر كەس دژ بە سیاسەتی توركیا بێت ئێمە شەڕی لەگەل دەكەین، بەشێكی دیكەی هۆكاری توركیا ئەوەیە دەیەوێت نەنگی و خراپیە نێوخۆییەكانی بە هێرش كردن بۆ سەر هەرێم دابپۆشێت بۆ ئەوەی هێرشەكان وابكات بیر و لێكدانەوەی خەلكی خۆی پێ ئالۆز بكا، لەلایەكی دیكەش پەكەكە زۆر جار خۆی بیانو دەداتە دەست توركیا تا بوێر تر بێت لە تۆپباران كردنی هەرێم، كە راست وایە پەكەكە بیر لە بەرژەوەندی حكومەت و خەلكی هەرێم بكاتەوە یا ئاشتی رابگەیەنێت یا چاڵاكیەكانی لەڕێگەی هەرێمەوە نەبێت، كەباسی بیانومان كرد كاریگەریەكانی بیانوو هەبون بۆ توركیا لە دەرەوەی توركیا كاریگەریەكانی زیاتر دەبێت ئەم هۆكارەش وایكردەوە ڕای نێودەوڵەتی بەباشی لەسەر خەت نەبێت و رۆڵی باشی لە نێوەند گێڕی نەبێت، ئەوەی حكومەتی هەرێمیش لەدەستی بێت تەنها ئیدارەكردنە، ئیدارەكردن ڕەنگە كەم لەباتەكە بگۆرێت بەلام بەپێ ی ئەوەی حكومەتی هەرێم لەنیو خاكی عێراق دایە زۆرترین شتە كە لەدەستی هاتبێت".
لای خۆشیەوە، ئەرشەد لۆڵانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە سەرەتای نەوەدەكانی رابردوو، توركیا هەموو سالێك بە بەردەوامی بۆردمانی ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە ئەمەش بە بیانووی هەبوونی هێزی پەكەكە بووە لە ناوچەكە ،ئەگەر توركیا هەر ئارمانجێكی هەبێت جا جیۆ سیاسی بێت یان فراوانكردنی دەسەلاتی خۆی بێت بێگومان چاڵاكیەكانی پەكەكە لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە ناوچە سنوریەكانی بیانوی داوە بە توركیا و هاندەر بووە بۆ ئەو بار و دۆخە نەخوازراوەی كە ئێستا درووست بووە، ئەگەر نا خۆیان باش دەزانن كە هەرێمی كوردستان مەیدانی شەری هەردووك لایەن نییە".
ئەرشەد لۆڵانی، گووتیشی" خەلكەكەی زەرەرمەندی یەكەمە لە ئەگەری هەر كێشە و دروست بوونی شەڕێك، .ئەگەر سەیر بكەین ئێستا بێدەنگیەك هەیە لە هەموو ئەو شوێنانەی كە توركیا ئۆپۆزسێۆنەكانی خۆی تێدا ئەنجام دەدات چ لە هەرێمی كوردستان تا سوریاو لیبیا من پێموایە كە عێراق ئێستا ولاتێكی بە هێز نییە كە بتوانێت سیادەی خۆی بپارێزێت وە لە زۆر رووەوە بەتایبەتی لەرووی سەربازی وە لاوازی ئێستای یەكێتی ئەوروپا كە زیاتر سەرقاڵی كێشەكانی ناو یەكێتیەكەن ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ئەوەی توركیا بە ئاسانتر دەست تێوەردان بكات لە وتەكانی تر خۆی شەرمەزار كردنی هێرشی لەشكركێشی توركیاو داوا كردن لە هێزەكانی پەكەكە لەلایەن هەرێمی كوردستان".
دووپاتی كردەوە، پێم وانیە كاریگەریەكی ئەوتۆی هەبێت لەبەر ئەوەی دەبێت دیراسەی ئەوە بكەین كە ئایا هەرێمی كوردستان ئەو هێزەیە كە بتوانێت بەرامبەر ولاتێكی وەكو توركیا شەر بكات لەو بارودۆخەی كە هەیە یان نە ؟ وە شەڕكردنیش لەگەل پەكەكە لە فەرهەنگی هەرێمی كوردستان دا نییە".

زۆرترین بینراو