توندوتیژی خێزانی بەرهەم هێنی مرۆڤێكی بێ ئیرادە و ترسنۆكە

توندوتیژی خێزانی بەرهەم هێنی مرۆڤێكی بێ ئیرادە و ترسنۆكە

ئا- مینا تەها
لێدان ئازارو ئەشكەنجە ئەو كردەوەیەی زۆرێك لە ئافرەتان و منداڵان، لە چوار چێوەی خێزاندا ڕووبەووی دەبنەوە، لەلایەن هاوسەر، برا، باوك و كەسانی سێیەمی خێزان، وەك مام و خاڵ,
توندوتیژی خێزانی دیاردەیەكە لە نێوان دوو كەسی نزیكی یەكتر ڕوو دەدات، كە لە چوار چێوەی یەك خێزان ژیان بەسەر دەبەن, سەر هەڵدانی ئەم دیاردەیە لەوە دەست پێ دەكات, كە كەسێك بە مەبەستی دابینكردنی دەسەڵات، یا زۆرجار پیشاندانی هێز توندوتیژی لە بەرامبەر تاكەكانی خێزان ئەنجام دەدات,
توندوتیژی ناو خێزان بە تەنها تایبەت نیە بە ئافرەت، بەڵكو كێشەیەكە تەواوی كۆمەڵگە دەگرێتەوە, كە نایەكسانی‌و نەبوونی پەروەردەیەكی تەندروست هۆكاری دروستبوونی ئەم دیاردەیەن,
ئافرەتێكی تەمەن (28) ساڵان كە خۆی بە سارا ناساند گووتی" توندوتیژی خێزانی یەكێك لە گرنگترین ئەو كێشەكانە كە كاریگەری هەیە, بەسەر گشت ئەندامانی خێزان و دواتر كۆمەڵگا، ئەم دیاردەیە زیاتر ڕووبەڕوی ئافرەتان و كچان دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی نەتوانن بڕیاری گونجاو بدەن, لە سەر بابەتەكانی ژیانیان ئەمەش وادەكات دوور بن لە تەواوی حەز و ویستەكانیان، یان بەشێوەی نهێنی حەز و ویستەكانیان بدركێنن,
سارا بە ڕاشكاوی باسی خۆی دەكات و دەڵێت " زۆربەی شتەكان لە ماڵی ئێمە بۆ كچان ڕێگەپێنەدراوە، بۆ نموونە بەكار هێنانی موبایل، پۆشینی جل و بەرگی كراوە، قسەكردن لەگەڵ میوانان، هەتا زۆرجار بە هۆكاری بەرز بوونی دەنگی پێكەنینم تووشی لێدان بوومە، ئەمە تەنها حاڵی من نییە, بەڵكو بەشێكی زۆری كچانمان ئەگەر لە سەر پێكەنین, لێدانیشیان بەرنەكەوتبێت و لە ڕووی جەستەیی ئازاریان نەچێشتبێت، ئەوە لە ڕووی ڕوحی و شكاندنەوەی نێرەكانەوە ڕووبەڕوی ئازاری ڕوحی بوونەتەوە, ئەو گووتیشی" هۆكاری ئەم توندوتیژییە بۆ دایكم دەگەرێنمەوە، لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە دایكم تەواوی ویستەكانی باوكمی جێبەجێ كردووە، تەنانەت بۆ پۆشینی جل و بەرگ بەیاسا و ڕێسای خۆیان پەیڕەو دەكرد، تا دواتر ئێمە هاتینە دونیاوە و ویستیان بە لێدان و ئازار دان, لە قوتابخانە و گشت ئازادییەكان بێ بەشمان بكەن، بە بیانوی ئەوەی كە كچان لە ڕووی دینی و كۆمەڵایەتی و تەواوی پێوەرەكان تەنها دروست كراوە, بۆ كاری ناو ماڵ و چێشت لێنان,
سارا ئێستا لە یەكێك لە قوتابخانەكانی كوردستان مامۆستایە، ئەو زیاتر گووتی" ئەو هەموو گرفت و ئازار دانە لە خێزانەكەمدا، ڕێگر نەبوو لە بەر دەمم و بە نهێنی و دوور لە چاوی دایك و باوكم، جلی كراوەم دەپۆشی و قسەم لەگەڵ هاوڕێ كانم دەكرد, تەنانەت بە دەنگی بەرزەوە پێدەكەنیم,
هەر چەندە لەو سەردەمەدا ئافرەتان خۆیان ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام دیارترین توندوتیژییەكان كە لە بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێت توندوتیژی خێزانییە، كە لە هەر سێ ئافرەت، یەك ئافرەت لەسەرتاسەری جیهان لە قۆناغەكانی ژیانی، ڕووبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەبێتەوە، ئەم ئامارە سەرتاسەرییە كە تۆمار كراوە باسی توندوتیژی لە بەرامبەر پیاوانیش دەكات، بەڵام ئافرەتان و منداڵان زۆرترین قوربانییانی ئەم دیاردەیە پێك دەهێنن,
توندوتیژی ناو خێزان بریتییە, لە هەر كردەوەیەك یان هەڕەشەیەك كە ئازاری جەستەیی و دەروونی بۆ بەرامبەرەكەی هەبێت، بۆ نموونە زیانی جەستەیی، كە بە هۆی لێدانەوە بەشێك لە جەستە بشكێنێت، یان ئازاری پێبگات، یان لەكار بكەوێت، یاخود ببێتە هۆی پەككەوتنی جوڵەی پێویست یان بیستنی و بینایی پێویست,
ئازاری سێكسی بۆ نموونە ڕەچاو نەكردنی باری تەندروستی و كرداری سەر جێیی كردن, بە شێوەیەكی توندوتیژ هەروەها ناچار كردنی مێینە بە كرداری سێكسی نا ئاسایی كە ئەو حەزی لێ نەبێت, دەبێتە هۆی
ئازاری دەرونی، ئەم ئازاردانە كاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر دەرونی مرۆڤەوە دەبێ و زۆرجاریش دەبێتە هۆی نەخۆش بوونی درێژخایەنی كەسی بەرامبەر، بۆ نموونە شكاندنەوە، جنێودان، خیانەتكردن بە ئاشكرایی، ڕەخنەی بەردەوام لە هەڵسوكەوت و كارەكانی ناو ماڵ، بە بچوك سەیر كردن و ناوهێنانی بە ئامرازی منداڵ خستنەوە و بەتاڵ كردنەوەی حەزی پیاو، وەك كویلە سەیر كردن و ریَِگە نەدان بۆ چونە دەرەوە، ڕێگە گرتن لە پەیوەندی كردن بە كەسە نزیكەكانی بنەماڵەكەیان,
هاندان بۆ ڕووكردنە كاری توندوتیژی لە بەرامبەر خۆی بۆ نموونە، خۆسوتاندن، خۆخنكاندن، خواردنی حەب، یا ژەهر، خۆ فرێدان لە بەرزایی، خۆ فرێدانە ناو ڕووبار، هەڵاتن لە ماڵ و هەتا دوایی,
بەڵام قوتابیەكی زانكۆی سەلاحەدین بە ناوی گوڵاڵە ئەحمەدی تەمەن (23) ساڵ لەمباریەوە گووتی" ڕەنگە كە باسی توندوتیژییەكان بكرێت ئێمە بیرمان بچێتە لای لێدان و ئازاری جەستە، بەڵام زۆر جار توندوتیژی دەرونی هەیە, لە ناوخێزاندا كە كاریگەری دەبێت بەسەر تەواوی لایەنی ژیانی مرۆڤەكانەوە
ئەو زیاتر گووتی" توندوتیژی دەرونی وەك هەڕەشە لێكردن، ترساندن، هاواركردن و سوكایەتی پێ كردن, دەبێتە هۆی ڕوخانی مرۆڤ بەتایبەتی ئەگەر ئەم سوكایەتی پێكردن یان هاوار كردن لە پێش چاوی گشت ئەندامانی خێزان، یان خزم و دراوسێ كان ڕووبدات، دەبێتە هۆی ڕوخانی ئەو كەسەو كاریگەری دروست دەكات, بەسەر گشت بوارەكانی ژیانی، هەروەها كەسایەتیەك دروست دەكات, كە لە بڕیاردان دەترسێت و ناتوانێت, وەك مرۆڤێكی ئاسایی بیر بكاتەوە‌و بژێت، هەروەها ناتوانێت ببێتە خاوەن خەون و ڕوئیایەكی جوان، ناتوانێت جوانییەكان وەك خۆی ببینێت، ئەو دوای ڕوخانی ئیتر ناتوانێت ئەو دەنگانەی لە ناخی ئەندامانی خێزانی پەنگی خواردووە, ببیستێت ئەو كاتێك شكێندرا ناتوانێت برینەكانی ڕوحی ئەوی تر ببینێت، ئەو ئیتر تاقەی گوێ گرتنی نییە، تاقەتی وەرگرتنی ئامۆژگاریشی نییە، ئەو ئیتر مرۆڤێكی كامڵی نێو خێزان و كۆمەڵگە نییە، ئەو دەبێتە بارگرانی بۆ هەموو كۆمەڵگە و خێزان، ئەو بیر لە بچوكی خۆی دەكاتەوەو لە جیاتی خۆشەویستی، ڕق و كینە دەچێتە ناخی ئەو لە ناخی خۆی سكاڵا لە دروستبون و هێنانی بۆ ئەم جیهانە دەكات، ئەو ئیتر گاڵتەی بە وشە و هۆتافە بریقەدارەكانی ناو مرۆڤەكان دێت، ئەو بڕوای بەوە نییە كە ئافرەت نیوەی كۆمەڵە، ئەو بڕوای بەوە نییە كە بەهەشت لە ژێر پێیەكانییەتی، ئەو بڕوای بەوە نییە كە هەمان پێگەی ناو ئەدەب و شیعری هەبێت.

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو