تۆمەتبارێك لەسەر دزی كردن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران دستگیر كرا

تۆمەتبارێك لەسەر دزی كردن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران دستگیر كرا

زاری كرمانجی-سۆران: دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 25 رۆژ بەسەر رووداوی دزی كردن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران كەسێك بەو تۆمەتەوە دەستگیر كرا.
مقەدەم شەمال دێواری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند " رۆژی 5-1-2020  لەلایەن پۆلیسی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران ئاگادار كراینەوە بەبوونی ڕوداوێكی دزی كردن لە بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، كە تیایدا دوو قاسە شكێندرا بوون و بڕی 8 ملیۆن و 134 هەزار دینار دزرا بوو، دوای هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر لەلایەن بەڕێوەبەر و ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیسی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران، بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، لە ناو خودی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم رووداوە پێكهات، دواجار توانیان كەسێك بەناوی (ه-ح- ح) بدۆزنەوە، كە گومان هەبوو دەستی لەتاوانەكەدا هەبووبێت، دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەری و لێكۆڵێنەوە كردن لەگەڵی، دواجار تۆمەتبار دانی نا بەتاوانەكەی".
روونیشی كردەوە " چۆنیەتی ڕووداوەكە ئەوەبوو دوای ئەوەی قەیرانی دارایی باڵی كێشا بەسەر هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا ئەو فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە خانووی كرێ دان،بگوازرێنەوە بۆ بینایە حكومییەكان، بەمەش بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران و بنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی سۆران گوازرانەوە، ناو بینایەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، تۆمەتباریش لەبەرئەوەی ئەركی لەهەمان شوێنە، ئەو هەڵەی قۆستۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە قێزەونە، ئێستا تۆمەتبار بە پێی مادەی 444 ی یاسای سزادان دەستگیركراوە لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی سۆران".

 

زۆرترین بینراو