تۆپبارانی سیدەکان بەردەوامە

تۆپبارانی سیدەکان بەردەوامە

 

ئەمشەو تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆپبارانی گوند و ئاوایەکانی سیدەکانی کردەوە و تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە بەردەوامی هەیە .

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە, تۆپخانەکانی ئێران بە چڕی گوند و ئاوایەکانی سنووری ناحیەی سیدەکانیان لە سنووری قەزای سۆران تۆپباران کرد و بەو هۆیەوە سێ کەسی یەک خێزان بوونە قوربانی .
موڕشید برادۆستی پەیامنێری زاری کرمانجی لە سیدەکان رای گەیاند" کاتژمێر 11:30 خوولەکی ئەمشەو تۆپخانەکانی ئێران بە مەبەستی لێدان لە پێشمەرگەکانی دیموکرات و نەهێشتنی بارەگاکانیان تۆپبارانی گوندەکانی مهاجر دەست پێکردووە و دەنگی تۆپبارانەکە بە ئاسانی لە سەنتەری ناحیەكە دەبیسترێ .

دووپاتی کردەوە, تا ئێستا زیانەکانی تۆپبارانەکەی ئەمشەو دیار نییە و بێگومان لە کات و ساتی تۆپبارانەکەدا پوش و پاوان و رەز و باغی هاووڵاتییان زیانی زۆری پێدەگات و ترس و دڵەراوکێی زۆریش درووست دەکات و هەر بەو هۆیەشەوە پێنج گوندی ناوچەکە بەهۆی نائارامی و بەردەوامی تۆپبارانەکان چۆڵ کراون و خەڵکەکە گوندەکانیان جێهێشتووە .

لەلای خۆشیەوە, ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە زاری کرمانجی راگەیاند" کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگای پێشمەرگەکانی دیموکرات بە هەڕەمەکی تۆپبارانی ناوچەکەی کردووە و بەو هۆیەوە کچێکی تەمەن 15 ساڵان بەناوی " زەیتوون قادر " شەهیدبووە و دووبرای تریشی بەناوەکانی ئیسماعیل قادر, سیروان قادر بە سەختی بریندار بوونە و رەوانەی سۆران و هەولێر کراون .

زۆرترین بینراو