تۆپبارانەكانی ئێران رووبەرێكی زۆری پوش و پاوان لە باڵەكایەتی دەسووتێنن

تۆپبارانەكانی ئێران رووبەرێكی زۆری پوش و پاوان لە باڵەكایەتی دەسووتێنن

یونس ئەمین-چۆمان: باڵەكایەتی: لە رۆژانی رابردوودا ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و سمیلان، لە سنووری قەزای چۆمان، لەلایەن تۆپخانەكانی سوپایی پاسدارانی ئێران، بەسەختی تۆپباران كران، بەهۆیەوەش ترس و دڵڕاوكێی زۆری لە دڵی خەڵكی گوندە سەر سنوورییەكان و جوتیارو كۆچەریان دروستكردووەو پێشیانوایە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كراونەتە بیانوو كە ناوچەكە بۆردومان و تۆپباران بكرێت.
هاوڕێ حمەدەمین هاووڵاتییەكی دانیشتووی گووندی ئاڵانە لە دەڤەری باڵەكایەتی، بەزاری كرمانجی راگەیاند "ئەم تۆپبارانەی هەفتەی رابردوو سوپای ئێران، لە ناوچەكانی دۆڵی ئاڵانە و زنجیرە چیاییەكان و گوندی كانیەڕەش و مارێن و بێشە و چەند ناوچەیەكی دیكەی سنووری باڵەكایەتی، جگەلە ئاوارە بوونی خەڵكی گوندەكان و كۆچەری و جوتیاران، زیانی زۆریشی بە رەزو باخی هاووڵاتیان گەیاندووەو روبەرێكی زۆری دارستان پاوان لە ناوچەكە سووتاوە، داواكارین لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكانیان توندوتۆڵتر بكەنەوەو گفتوگۆ لەگەڵ دەستەڵاتدارانی ئێرانی بكەن، بۆ ئەوەی ئەم كارەساتە دووبارە نەبێتەوەو چیتر خەڵكی سڤیل لەسەر خاكی خۆیان نەبنە قوربانی".
سەلاحەدین ئەیوب، دانیشتووی قەزای سۆران، ساڵانە بۆ بەرهەمهێنانی بەربوومی كشتووكاڵی روو لە كوێستانەكانی دەڤەری باڵەكایەتی دەكات، بە زاری كرمانجی گووت "چەندین ساڵە بۆ كاری كشتوكاڵی روو لە ناوچە سنوورییەكانی دۆڵی رۆست دەكەین، یەكەمینجارە بەم شێوەیەو بەچڕی ناوچەكە لەلایەن كۆماری ئیسلامی بۆردومان و تۆپباران دەكرێت، ئەمەش مەترسی خستۆتە سەر سەرو ماڵ و گیانمان و لەدەستدانی كارو كاسبی كشتوكاڵییەكەمان، داواكارین لەسەرجەم ئەم هێزە كوردیانەی پارچەكانی دیكەی كوردستان، چالاكییەكانیان بگۆازنەوە بۆ پارچەكانی كوردستانی خۆیان، بۆ ئەوەی چیتر ئێران و توركیا، ناوچە سنووریەكانی كوردستانی باشور بۆردومان و تۆپباران نەكەن و ئەم هێزانە نەكەنە بیانوو بۆ ئەوەی سنوور ببەزێنن.
ئەحمەد قادر، قائیمقامی چۆمان بەزاری كرمانجی راگەیاند " لەم تۆپبارانی سوپایی پاسدارانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و سمیلان و چەند شوێنێكی دیكەی باڵەكایەتی، هەرچەندە زیانی گیانی خەڵكی سڤیل لە سنوورەكەمان نەبووە، بەڵام لە رووی دەروونی و ترس و دڵە راوكێ‌ كاریگەری زۆری لەسەر هاووڵاتیان دروست كردووە، هەروەها رووبەرێكی زۆری پوش و پاوان و دارستان لە دەڤەرەكە سووتاوە.

زۆرترین بینراو