تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان شوێنێك بۆ دۆزینەوەی باوەش

تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان شوێنێك بۆ دۆزینەوەی باوەش

"تەمەنێك بەدوای پیاوێكی باش گەڕام نەمدۆزیەوە، خۆزگە بتوانم لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بیدۆزمەوە" ئەمە وتەی ئافرەتێكی ئێرانییە كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوی كردۆتەوە، بە قسەی خۆی بەدوای پیاوێك دەگەڕێت كە حەزە جنسییەكانی بۆ دابین بكات، هەر چەندە ناوی هەموو ئەوانەی داوای ئەمجۆرە لە پەیوەندییە دەكەن خوازراوە، بەڵام ناوی (شادی مانە)ی لە خۆی ناوە.
ئێستا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی ئێران پر بوونە لەو جۆرە داوایەی ئافرەتان كە دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ پیاوان دروست بكەن بۆ بابەتی لەش فرۆشی.
هەندێك لەو ئافرەتانە ئاماژەیان بەوەداوە كە پارەیان ناوێت و خانووشیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە پیاوە ئامادەن خەرجییەكانی پیاوەكەش دابین بكەن بە مەرجێك لەگەڵیان بێت. لە بەرامبەریشدا هەزاران ئافرەت لە رێگەی ئەنترینێتەوە داوای پەیوەندی سۆزداری دەكەن لە بەرامبەر پارە، كارتی موبایل و ئەنترنێت و گەشت، لە نێویشیاندا ئافرەتانێك هەن ئاماژە بەوە دەدەن لە هاوسەرەكانیان جیا بوونەتەوەو پێویستیان بە پیاو و باوەشێكی پر لە سۆزی پیاوانەیە.
هەندێك لەو ئافرەتانە بارودۆخی خراپی ئابووری ئێران بە هۆكاری زۆربوونی دیاردەی لەش فرۆشی دەزانن، بەتایبەتی چەند ساڵێكە بەهۆی ئابڵۆقەكانەوە بێ كاری و هەژاری بێ ئەندازە رووی لە ئێران كردووە، بەجۆرێك لە مێژوویی دوور و نزیكی ئێران نموونەی نەبووە.
یەكێك لەو ئافرەتانە نووسیویەتی " بێوەژنم و خاوەن سێ منداڵم، بوكەڵە دروست دەكەم و دەیفرۆشم تا خەرجی ماڵەوە دابین بكەم، بەڵام هیچ كڕیارێك نەماوە لەبەر ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری هاووڵاتییان بەسەختی تووشی قەیرانی دارایی بوونە، بۆیە پارە بەم شتانە نادەن، منیش ناچارم بۆ دابین كردنی بژێوی منداڵانم پەنا بۆ لەش فرۆشی ببەم".
داوا كردنی هاوسەرگیری كاتی( سیخە) لە لایەن ئەو ئافرەتانەی كە زۆر لە رووی ئابوورییەوە تووشی قەیران بوونە ئێستا بۆتە دیاردە، ئەو جۆرە ئافرەتانە نایانەوێت لەرووی شەرعییەوە تووشی گوناه ببن، بۆیە بۆ ماوەیەكی كاتی هاوسەرگیری دەكەن لە بەرامبەر پارەیەكی كم، ئەمەش دەست هەموو ئافرەتێك ناكەوێت بۆیە دۆخی ئافرەتانی بێ هاوسەر زۆر ناڵەبارە.
میترا، ناوی خوازراوی یەكێكە لەو ئافرەتانەیە بە هۆی هەژارییەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان داوای هاوسەرگیری كاتی دەكات، بەڵام وەك خۆی نووسیویەتی "بەهۆی زۆر بوونی لەش فرۆشی لە ئێران و زۆری ئافرەت بۆ ئەم كارە لە هەموو تەمەنێك كەس ئامادە نییە هاوسەرگیری كاتی (سیخە) بكات، بۆیە ژیانی ئەوانەی وەك ئێمە نەك خراپە بەڵكو كارەساتبارە".
هەندێك لەو ئافرەتانە لەگەڵ كەسانی دەرەوەی ئێران پەیوەندی دروست دەكەن و لەگەڵیان رێك دەكەون، كە یا پیاوەكە بچێتە ئێران و لەوێ پێكەوە بن، یا ئافرەتەكە بچێتە وڵاتی ئەوان، یا هەر دوویان رێك دەكەون و دەچنە وڵاتی سێیەم، تێچووی ئەم رێككەوتنانەش لە ئەستۆیی پیاوەكە دەبێت.
س، م، ناوی كوڕێكی دانیشتووی كوردستانە ئەو لە قەزای سۆران دادەنیشێت و تەمەنی 30 ساڵە، دوای ئەوەی لە رێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە لەگەڵ یەكێك لە ئافرەتە ئێرانییەكان رێك دەكەون دەچێتە ئێران، ئەو بۆ زاری كرمانجی گووتی " ئەو ئافرەتە زۆر بە باشی پێشوازی لێ كردم، وەك دوو هاورێ پێكەوە بووین و حەزەكانی یەكتریمان دابین دەكرد". زیاتر گووتی " ئەو ئافرەتە جێ و خانوویی گونجاوی هەبوو، ئەو ماوەیەی لەوێ بووم چەند شارێك پێكەوە گەڕاین و چێژێكی زۆرمان لە یەكتری وەرگرت".
هەر چەندە ئەو گەنجە بەختی باشی هەبووە كە ئەو ئافرەتە تووشی هیچ كێشەیەكی نەكردووە، بەڵام زۆرن ئەو گەنجانەی بەدوای پەیامی ئەو ئافرەتانە‌و حەزی خۆیان چوونە و لە ئێران تووشی كێشە و كارەسات و رووتكردنەوە و هەڕەشە بوونەتەوە.
مەترسییەكانی رووبەڕووی ئەو پیاوانەی دەچنە ئێران تەنها لە رووی ئاسایشی جەستەییەوە نییە، بەڵكو مەترسییەكی دیكە كە تووشی ئەو پیاوانە دەبێتەوە نەخۆشییە گوازراوەكانە وەك ئایدز و هەستیاری و ئاوسان، لەبەر ئەوەی بەهۆی قەدەغەی پەیوەندی ناشەرعی لە ئێران چاودێری تەندروستی ئەو ئافرەتانە ناكرێت و ئاوێتەبوونی جنسی لەگەڵیان مەترسیدارە.
بە پێی ئامارێكی نافەرمی ئێستا نەخۆشی ئایدز لە نێو ئافرەتانی ئێرانی كە كاری لەش فرۆشی دەكەن بۆ خوار تەمەنی 18 ساڵیش هاتووە، بۆیە هەمیشە پزیشكان لە ئێران و هەتا لە كوردستانیش هۆشداری دەدەنە پیاوان كە لە ئاوێتە بوونی جەستەیی لەگەڵ ئافرەتانی ئێرانی وریای خۆیان بن.
لە بەشێكی زۆری وڵاتانی دراوسێ ئێران وەك توركیە، عێراق، كوردستان، جۆرجیا، ئەرمنیا و وڵاتانی عەرەبی هەتا هەندێك وڵاتی ئاسیایی ئافرەتانی ئێرانی بەمەبەستی كار كردن بوونیان هەن، كە زۆربەیان لە كافتیرا و نادی شەوانە رستورانتەكان كار دەكەن و رێژەیەكیشیان كاری لەش فرۆشی دەكەن.
كچانی هەڵاتوو( دختران فراری) بەو كچانە دەگوترێت كە بەهۆی كێشەی خێزانی، كۆمەڵایەتی، هەڵسوكەوتی توند و خراپی باری ئابووری یا هەر بابەتێكی دیكە لە ماڵەوە هەڵاتوون و شەوانە لە نێو باخچە و پاركەكان و سەرشەقامەكان دەمێننەوە، ئامارە نافەرمییەكانی ئێرانی رێژەی ئەو كچانەی بۆ نزیكەی نیو ملیۆن كچ خەملاندووە، ئەوانیش بەشێكن لەوانەی كە دەبنە نێچیری ئەو كەسانەی بارزگانی بە مرۆڤەوە دەكەن، بۆیە هەر زوو ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەكان دەبن و دەكەونە چەنگی مافیا جۆراوجۆرەكانی ئێرانی و بەكار دەهێندرێن، بەشێك لەو كچانە جگە لەوەی لەشفرۆشیان پێ دەكەن، گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر دەبن و كاری بازرگانی ماددەی هۆشبەریشیان پێ دەكەن، ژمارەیەكیشیان بە رێككەوتن لەگەڵ بازرگانەكانی لەش فرۆشی دەنێردرێنە وڵاتانی دیكە، هەندێك لە مافیاكان یا بازرگانانی مرۆڤ ئافرەتانن كە سەرپرشتی گرووپەكان دەكەن، ئەوانیش بەر لەوەی ببنە سەرۆك گرووپ بەخۆیان قوربانی دۆخی خراپی ئابووری ئێران بوونە و تاڵی و ئازاری زۆریان چێشتووە، ئێستا هەمان ئازار و نەهامەتی دەرخواردی هاورەگەزەكانیان دەدەن، وەك بڵێی ئەمە قەدەری ژمارەیەكی بەرچاوی ئافرەتانی ئێرانی بێت و بەشێوەی میرات لە نەوەیەكەوە بدرێتە نەوەیەكی دیكە.
ئەمەی ئاماژەی پێدراوە بەشێكی كمی نەهامەتی دۆخی خراپی ژمارەیەكی بەرچاوی ئافرەتانی ئێرانە كە تەنها ئاماژە بە چەند بوارێكەوە دراوە، لەكاتێكدا لە گشت بوارەكانەوە مێینەی ئێران بە هەموو نەتەوەو مەزهەب و شارەكانەوە بە دەستییەوە گیرۆدە بوونە و تا دۆخەكە وابێ كێشەكانیش زیادتر دەبنەوە.

زۆرترین بینراو