تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە هۆكارێكی گەورەی چاندنی تۆی دژایەتی

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە هۆكارێكی گەورەی چاندنی تۆی دژایەتی

زۆرن ئەو قسە و رەخنانەی رۆژانە رووبەڕوومان دەكرێنەوە، بەڵام هەموو ئەو كەسانە و ئەوەی گوێبیستی دەبین رەخنەن یا جنێو, لێرەدا پرسە جەوهەرییەكە ئەمەیە كە كێ دەتوانێ رەخنەمان لێبگرێت و چۆن دەتوانین بڕوا بە قسەی كەسێك بكەین كە لە بنەڕەتدا هیچ بنامایەكی رەخنەی تێدا نییە جگە لە زمانێكی زبر و نەشیاو.
ئا / شیلان بورهان هەركی
جوان رۆژبەیان، ئەندام پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە لۆژیكی رەخنە گرتن گوتی" بە بۆچونی من هێشتا كولتووری رەخنەگرتن لە كۆمەڵگەی كوردەواری جێگای خۆی نەكردۆتەوە, كۆمەڵگەكەمان جارێ نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی قبوڵی ئەوە بكا ڕەخنەی لێ بگیرێ, لەبەر ئەوەی لەوانەیە شێوازی رەخنەكە هەڵە بێت یاخود رەخنەكە روخێنەر بێ نەك بنیاتنەر, ناتوانم بڵێم هەموو تاكێك بەو شێوەیەیە بەڵام ڕێژەیەكی زۆر ڕەخنەیان پێ قبوڵ ناكرێت و كاردانەوەی خراپی دەبێت، بەداخەوە كولتووری رەخنە گرتن شتێكی جوانە, بەڵام ئەگەر وەكو خۆی بەكاری بێنن, خۆی هەر بابەتێك وەك خۆی بەكار نەهێت، ئەوا شێوەیەكی ناشرین وەردەگرێ و هەر ناویشی بێ یەكسەر ئەو شێوە ناشرینە دێتە بەر چاوی خەڵك و قبوڵی ناكات, رەخنەش لای ئێمە زۆری بە شكاندنەوەی یەكتر بەكار دێت نەوەك بە مانا سەرەكییەكەی خۆی، شێوازی رەخنە گرتنەكە و جۆری قسە كردن لەسەر بابەتەكە دەریدەخات كە ئەمە ڕەخنەی بنیاتنەرە یاخود روخێنەر، زۆر جار بە گۆڕینی وشەكان دەتوانی شێوازی گەیاندنەكە بە جوانی بگەیەنی یاخود بە ناشرینی, لای زۆربەی رەخنەگران وا تێگەیشتوون گەر ووشەی زبر و شكاندنەوە بەكاربێنی ئەوە دەبێتە رەخنە, لە كاتێكدا گۆڕینی ئەو ووشانە بۆ ووشەی نەرم و ڕێز، گەیاندنی كەمو كورییەكان بە جوانتر دەگات، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە هۆكارێكی گەورەی چاندنی تۆی دژایەتی، ئەمەش یەك لەو بابەتانەیە وەك خۆی بەكار نایەت و ناشرین كراوە و ڕەخنەگری راستەقینە وون بووە لەناو ئەو هەموو گێژاوە".
دڵنیا رەحمان, خاتونێكی ترە لەبارەی رەخنەگرتن لە كۆمەڵگەكەمان گووتی" لە كۆمەڵگەی كوردی شەپۆلێك لە كاروچاڵاكی بەناوی رۆشنبیریەوە دەستی پێكردووە كە ئەمە جێگای خۆشحاڵیە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئاستی تێروانین و بیری تاكی كۆمەڵگە نەگەیشتووەتە ئاستێك كە لەگەڵ ئەو شەپۆلە رۆشنبیریە خۆی رێك بخات زۆر جار كەسایەتیەكان لەبەر رەخنەیەكی بچوك یان گەورە كە لێیان گیراوە هەموو سۆشیاڵ میدیا بە نابەجێی ئەو رەخنەیە پڕ دەكەنەوە".
خاتوو دڵنیا، پێی وایە رەخنەی بنیاتنەر میتۆدێكی باشە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە، زیاتر گووتی" رەخنەگرتن بە شێوازی دروست پێویستییەكی گرینگی كۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی تاكی كۆمەڵگە كەموكۆریەكانی بۆ بەرژەەندی گشتی كۆمەڵگە چارەسەر بكات، راستە زۆرجاریش كەسێك تەنیا بە مەبەستی شكاندی كەسی بەرامبەری رەخنەی توند و نابەجێ دەگرێت، بەلام ئەمە نابێت ببێتە هۆی داخستنی دەرگاكان بۆ رەخنە گرتن بەڵكوو دەبێ كولتووری رەخنە گرتن هەر لە منداڵیەوە و لە نێو بنەماڵە و قوتابخانە و بەشێوەی دروست پەروەردە بكرێت، یەكەم باوەر بە خۆبوونە و دووەم قەبوولكردنی ئەم راستیە كە هیچ مرۆڤێك بێ كەموكوڕی نییە، كاتێك مرۆڤ باوەری بە خۆی هەیە و قەبولیش دەكات، كە رەخنە گرتن دەتوانێك یارمەتی پێشكەوتنی بدات، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەتوانێ پێگەیەكی باش بێت، بەڵام لە كوردستان نەیتوانیووە ئەو پێگە باشە بپێكێت، بەداخەوە سۆشیال میدیا و دونیای تەكنەلۆژیا زۆر بەخێرایی و بەشێوەیەكی خراپ لە نێو كۆمەڵگەی ئێمە جێگای خۆی كردۆەتەوە بەجۆرێك كە هیچ هۆشیارییەك بۆ چۆنیەتی بەكارهێنانی نییە، و كاتێكی زۆری دەوێت تا هۆشیاریەكی باش هەبێ بۆ بەكار هێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان تا ئەو كاتیش ناتوانین چاوەڕێ بین، رەخنەگرتنێكی رۆشنبیرانە و بنیاتنەرانە لە نێو تۆرەكۆمەلایەتیەكان هەبێت".
هونەرمەند ئارارات هەوال، سەبارەت بە رەخنەگرتنی نێو تۆڕا كۆمەڵایەتیەكان گوتی" لە كۆمەڵگەی كوردیدا ڕەخنە دەگیرێ، بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو بەڵام بە داخێكی زۆرەوە ڕەخنەی بێ بنەماو میزاجی، زۆربەی ڕەخنەكان لێرە مەبەستی كەسینو بۆ كەڵكی گشتی نین، ئەگەر بتەوێ ڕەخنە لە كەسایەتی من بگری شێوازی وتنی خۆی هەیەو دەتوانی بە تەنها بەمن بڵێی، و ئەگەر دەشتەوێ ڕەخنەكەت بخەیە بەرچاو دەبێ ڕەخنەكە لە كەسی دەربچێت و پیشەیی بێت، لە سۆشیال میدیادا ئەوانەی دەیان بینم ڕەخنە نین زیاتر جوێن فرۆشتنە بە یەكو ناو و ناتۆرە دروست كردنە، دەرفەت قۆستنەوەیە بۆ یەكتر ناشرین كردن"
دیا محەمەد, راگەیاندنكارە لەم بارەوە دەلێت" كۆمەڵگەی ئێمە هێشتا نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی فێری ئەتەكێتی رەخنەگرتن بێت و یاخود رەخنە قبول بكات، هەنێك قسەی نەشیاو هەیە كە ناویان لێ ناوە رەخنە، قسەی ناشرین و نەشیاو و جنێو ناچێتە قالبی رەخنە گرتنەوە، رەخنەش بە شێواز و ئەتەكێتی خۆی ئاراستە كرا، پێویستە وەك خۆی بە شێوازێكی جوان مامەلەی لەگەل بكرێ نەك بلێی ژیانی خۆمە و ئازادم, ئازادی تاكە كەس و گشتی جیایە و ئینسان پەبلیك بوو ئەبێ بە موڵكی خەڵك رەخنە دوو جۆری هەیە جۆرێكی وەك پێشنیار وایە بۆ ئەو كەسە تا هەلەیەكی راست بكاتەوە و پێشبینیەكی باش بۆ كەسی بەرامبەر ئەكا، ئەمە رەخنەی بنیاتنەرە، جۆرێكی تریش پێی ئەوترێ رەخنەی روخێنەر كە بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەیا زۆر باوە كۆمەڵگەكەمان خۆ خۆرەو سەركەوتنی یەكتری قبول ناكەن بە ناشرینترین شێواز رەخنە ئەگرن، و هەوڵی شكاندنی یەك ئەیەن كەسی بەرامبەریش هەنێ كات بەرامبەر ئەم رەخنەیە وەڵامی خراپ و ناشرینی ئەبێ، رەخنە گرتن شێوازی خۆی هەیە بەلام لێرە بەوپەری بێ رێزی ناشرینترین رەخنە ئەگیرێت، وەك وتم قسەی نەشیاو ناچێتە قالبی رەخنەوە، ئەگەر بە شێوازێكی جوان رەخنەت لێ گیرا و بە ئسلوبێكی شیاوی ناو كۆمەڵگە پێشنیارێكت ئاراستەكرا ئەمە رەخنەی بنیاتنەرە پێویستە گوێی لێ بگیرێ، رەخنە و پێشنیارە دروستكەر و بنیاتنەرە كە لە ژیانتا رەنگدانەوەی ئەبێ, چونكە هەمو ئینسانێك لە سەدا سەت كامل نییە بۆیە راو بۆچوونی دەوروبەر گرنگە, تۆری كۆمەلایەتی نەبێ كەمترین رەخنەی خەڵكم پێ ئەگات و تۆری كۆمەڵایەتی، رێ خۆشكەرە بۆ دەربرینی راو بۆچوون و فكری جیاواز لە هەر ئاست و رەگەز و تاكێكی كۆمەڵگەیا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەگرتن ئیشی هەموو كەسێك نییە كە لە شوێنی خۆیەوە ڕەخنە لە هەمووی بگرێت, چونكە ئەو كەسەی ڕەخنە ئەگرێت ئەبێت خاوەنی هەموو بنەما ڕەخنەییەكان و پڕ زانیاری بێت، لەگەڵ ڕەخنەكەدا پێشنیاری چاكسازی و باشترت بۆبكا ئەوەیان ئەكەوێتە سەر تاك و بیر و بۆچوونی كەسەكە، كەسێك چ تۆیێكی لە مێشكی چاندبێ هەر بەری ئەو دارە ئەچێنێتەوە، جا گەر كەسەكە مێشكی كراوەو تێگەشتوو بوو و بیر و فكری بۆ شتەكان فراوان بوو ئەوا هەولی بنیاتنان ئەدا، ئەگەر تەنها لە بۆشاییەكی بچوكی مێشكی بیر بكاتەوا ئەوا شتەكان وەك ئەوە ئەبینێ كە لە مێشكی خۆی دایناوە نەك وەك ئەوەی تۆ بە چ مەبەستێك كردووتە، و ئەكەوێتە سەر كەسەكە چۆن لەیەكیان جیا بكاتەوە و چۆن بە شیوازێكی ئەرینی كاری تی دەكات".

 

زۆرترین بینراو