تۆڵە كردنەوە یا لێبوردن؟

شەهڵا سۆفی

كاتێك كەسێك خراپەیەكت لەگەڵ دەكات یەكەم شت كە بیری لێدەكەیتەوە تۆڵە سەندنەوەیە و وابیر دەكەیتەوە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی حاڵت باشتر بكات، بەڵام لە ڕاستیدا هۆكارێكە بۆ بەردەوام ئازار دانی خۆت.
لەجیاتی ئەوەی تەركیز بكەیتە سەر تۆڵە كردنەوە لە كەسێك كە خراپەیەكی لەگەڵ كردووی, باشتر وایە واز لەو بیركردنەوەیە بێنیت و دەست هەڵگریت لەو بیركردنەوەیە, بیركردنەوە نەرێنییەكان وەلاوە بنێ‌ و خۆت سەرتر بزانە لەو كێشەیە.
هەروەك كونفۆسیۆس دەڵێت: ئەگەر بیرلە تۆڵە كردنەوە دەكەیتەوە پێویستە دوو قەبر ئامادە بكەیت.
رەنگە واهەست بكەیت لە كاتی تۆڵەسەندن هەست بە ئارامی دەكەیت كەچی لە ڕاستیدا ئەمە هۆكارێكە بۆ زیاتر ئازاردانی خۆت چونكە وات لێدەكات هەستت بەرامبەر كەسەكە خراپتر بێت، توڕەبوونەكەت زیاتر بێت، تەنانەت ئەگەر دڵنیا بیت لەوەی تۆڵەی خۆت كردۆتەوە، بەڵام هەر هەستێكی ناخۆشت دەبێت.
هەموومان لە ژیاندا خراپەیەكمان بەرامبەر كراوە كە وامان لێدەكات بمانەوێت تۆڵەی خۆمان بكەینەوە, بەڵام ژیانێكی باش هەڵبژاردن باشترین شێوازی تۆڵەسەندنەوەیە, ئەگەر كەسێك ئازاری دای پێویستە وا پیشان بدەی كارەكەی هیچ كاریگەرییەكی لەسەر تۆ نییە ئەوا زیاتر كەسەكە توڕە دەكەیت.
باشتر وایە ووزە و كاتە بەنرخەكانی خۆت بە فیرۆ نەدەیت بۆ كەسانێك كە هیچ گرنگیان نییە لە ژیانی تۆ.
باشترین تۆڵە سەندنەوە ئەوەیە كە شاد بژیت, واز بێنیت و ڕێگە نەدەیت كەسانی دەوروبەر دڵخۆش بن بە بینینی ئازار چەشتنی تۆ.
ئافرەتێك دەڵێت: بەڕای من تۆڵە سەندنەوە شتێكی بێ مانایە، چونكە ڕۆژگار هەمان كارت لەگەڵ دەكات, هەمیشە وەڵامی خراپە بە خراپە نابێت, هەر كارێك بكەیت هەمانت دێتە سەر رێ.
هەمیشە خراپی نییە كە پێویستی بە تۆڵە كردنەوەیە, هەندێجار پێویستە تۆڵەی هەموو ئەو چاكانەی لەگەڵمان كراوە بە چاكە وەڵام بدەینەوە, وەك شاد كردنی كەسانێك كە لە ساتە ناخۆشەكان لەگەڵمان بوون و هۆكاری دڵخۆشیمان بوون هەموو ئەمانە دیارییەكی بەنرخن كە بە یەكتری دەبەخشین.
ئافرەتێك ڕەفتارێكی نەشیاو بەرامبەر خەسووی ئەنجام دەدات, پیاوەكە دەڵێت مادام تۆ بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ دایكم دەكەیت منیش دەزانم چۆن ڕەفتار بكەم لەگەڵ دایكت. یان ئافرەت دەڵێت تۆ لە لای هاوڕێكەم ئابڕوی منت برد منیش هەمان كارت لەگەڵ دەكەم كاتێك لەگەڵ هاورێكانت بیت, كە چی ئەم رەفتار و هەوڵی تۆڵەكردنەوەیە هیچ سوودێكی نابێت.
باشتر وایە لەجیاتی تۆڵەكردنەوە لە هاوسەر, هاوڕێ‌ یا هەر كەسێكی تر بۆ ماوەیەكی كەم لێی دوور كەویت تا توڕە بوونەكەت دادەمڕكێتەوە.
هەمیشە بۆ پاداشتی باشیەكانمان روو لە ئاسمان دەكەین، كەچی بۆ ئەو خراپەی لەگەڵكان كراوە خودامان بیر ئەچێتەوە و خێرا هەوڵی تۆڵە كردنەوە ئەدەین.
جوانترین تۆڵەسەندنەوە لێبوردنە، كاتێك چاوپۆشی لە كەسێك دەكەیت كە خراپەی لەگەڵ كردویت، لە جیاتی تۆڵە كردنەوە ئەوە دەروونی خۆت ئارام دەكەیتەوە, دڵنیابە لەوەی رۆژێك دێت باجی خراپەكارییەكانی دەداتەوە، خۆشییەكەشی بۆ تۆ ئەوەیە كە هیچ دەستێكت نیە لەو تۆڵە سەندنەوەیە. ئا ئەمەیە كە (دەڵێن داری خودا دەنگی نیە).

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو