تیتێ: پێم خۆش بوو نەیمار گۆڵ تۆمار بكات

تیتێ: پێم خۆش بوو نەیمار گۆڵ تۆمار بكات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: تیتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، پەسنی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەكەی دا و گووتی"حەزم دەكرد نەیمار گۆڵ بكات".
هەڵبژاردەی بەرازیل، لە یەكەم هەنگاویدا لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەردا لەسەر یاریگەی ئارێنا كۆرنسیانزدا میوانداری هەڵبژاردەی بۆلیڤیای كردو بە 5 گۆڵی بێ بەرامبەر لێی بردەوە.
راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەكە قسەی بۆ رۆژنامەوانان كردو پەسنی نەیماری دا و گووتی" ئەوەی لەبارەی نەیمارەوە گرنگ بوو لەم یارییەدا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد، ئەگەر پرسیاریش ئەوەیە كە ئایا من حەزم دەكرد گۆڵ بكات؟ بێگومان بەڵێ، بەڵام ئەو زۆر بەشداری لە گۆڵەكاندا كردو ئاسیستی هەبوو".
تیتێ لە دواساتەكاندا بڕیاریدا یاری بە نەیمار بكات، كاتێك تیمی پزیشكیی هەڵبژاردەی سیلیساو گڵۆپی سەوزی بۆ یاریكردن بۆ نەیمار هەڵكردو ئەو یاریزانە توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، كە سەرەڕای ئەوەی لە 5 گۆڵەكەی بەڕازیل هیچ گۆڵی تۆمارنەكرد، بەڵام دوو ئاسیستی بۆ هاوڕێكانی كرد.
تیتێ، لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی نەیمارەوە بە رۆژنامەوانانی گووت" هەندێك جار یاریزان بە یارمەتیدانی هاوڕێكانی ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات. لەم یارییەدا نەیمار وایكرد، ئاسیستێكی بۆ كۆتینیۆ و یەكێكیشی بۆ فێرمینیۆ كرد، بەشداری لە گۆڵێكی دیكەشدا كرد، ئیدی تۆپی پێ یارییەكی بەكۆمەڵەو نەیماریش لەگەڵ هاوڕێكانی یارییەكی گەورەیان پێشكەش كرد".
نەیمار كە تا ئێستا 61 گۆڵی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی تۆماركردووە، زۆر هەوڵیدا لەم یارییەدا ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتییەكانی زیادبكات، بەڵام شاناس یاوەری نەبوو، هیچ گۆڵی تۆمارنەكرد.

زۆرترین بینراو