تیپە وەرزشییەكانی یانەی سۆران بەردەوامن لە گەیشتن بەخولی پلە نایابەكانی كوردستان

تیپە وەرزشییەكانی یانەی سۆران بەردەوامن لە گەیشتن بەخولی پلە نایابەكانی كوردستان


یانەی سۆران لە وەرزی ئەمساڵدا وێرای ئەوەی نەبوونی پشتگیری و یاریكای تایبەت بەخۆی توانی بە ئاستێكی بەرز و بەهێز خۆی دەربخات، تیپی تۆپی پێی لە سەر ئاستی خولی پلە یەكەكانی كوردستان، سەركەوتنی بە دەستهێنا بۆ گەیشتن بە خولی پلە نایاب و لە تۆپی دەستیش بەهەمان شێوە دوای ئەوەی لە یاری یەگلاكەرەوە رووبەرووی یانەی رواندز بوەوە و بە ئەنجامی 34-22 گۆڵ سەركەوتنی تۆماركرد خولی پلە نایابی مسۆگەر كرد و ئاهەنگی سەركەوتنیان لە هۆڵی سكولی وەرزشی زانكۆی سۆران گێرا.
پانۆرامای یارییەكە لە چەند ووشەیەك و وێنەیەكدا.
خولی تۆپی دەست بۆ یانە پلە یەكەكانی كوردستان، یانەی سۆران و رواندز لە یارییەكی یەكلاكەرەوە و چارەنووسسازدا لە هۆڵی داخراوی سكولی وەرزشی زانكۆی سۆران رووبەرووی یەك بوونەوە.
هەردوو یانە چاویان لە سەركەوتنی یارییەكە بوو، چونكە سەركەوتن لە یارییەكە بەواتە گەیشتن بە خولی پلە نایاب بۆ وەرزی داهاتوو.
یارییەكە بەهێزو ئاستێكی بەرز دەستی پێكرد، یاریزانانی یانەی سۆران باشتر و لێهاتووتر خۆیان دەرخست و هەر لە دەستپێكدا لە رێگای یاریزان دلۆڤان محسین توانیان چەند جارێك تۆری گۆڵی یانەی رواندز بهەژێنن. یاریزانانی یانەی رواندزیش لە هێرشكردندا كەمتر دەر دەكەوتن و كەمی ئەزموون پەلەكردنی یاریزانانیان زۆرێك لە هێرشەكانیان بێ‌ سوود دەبوون، كورانی سۆران لە ئەزموون و تەكتیكی یارییدا بەشێوازێكی هێمن و بەرزتر یارییان دەكرد.
گێمی یەكەم بە باڵادەستی یاریزانانی یانەی سۆران بە 15 بە 10 گۆڵ بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە كۆتا هێنا.
گێمی دووەم یاریزانانی سۆران بە هەمان ستایل و ئاستی گێمی یەكەم دابەزین و تەكتیك و پلانی یاری خۆیان نەگۆری و بەردەوام گۆڵیان تۆمار دەكرد، یاریزانانی یانەی رواندز لەگەڵ زێدەكردنی جیاوازی گۆڵەكان لەلایەن یانەی سۆران، بێهیوایان لێ‌ دەر دەكەوت.
یارییەكە درێژەی كێشە یاریزانانی سۆران بەردەوام بوون لە كۆنترولكردن و سەپاندنی یاری خۆیان بە سەر یاریزانانی یانەی رواندز، یاری بەرەو كۆتایی دەرۆیشت و كورانی سۆرانیش بەتایبەت هەردوو یاریزان محەمەد رەساب و سواد موستەفا لە تۆماركردنی گۆڵ بەدەوامیان هەبوو، یارییەكە بەئەنجامی 34 بە 22 گۆڵ بە سەركەوتنی یانەی سۆران تەواوبوو، بەمەش یانەی سۆران سەركەوتنی بۆ خولی پلە نایاب مسۆگەر كرد بۆ وەرزی داهاتوو.

 

زۆرترین بینراو