تێنسی سەرزەوی و وەستانی پاڵەوانییەتییەكان

تێنسی سەرزەوی و وەستانی پاڵەوانییەتییەكان

زاری كرمانجی- ساڵح بێخاڵی: لە جیهاندا یاری وەرزشی تێنسی سەرزەوی لە دوا تۆپی پێ زۆرترین هەوادارو هاندەری هەیە, ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چەندین پاڵەوانیەتی بۆ ئەم یارییە بەڕێوەدەچن لەسەر ئاستی هەردوو رەگەزی نێرو مێ, مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی 15 كاتێ لە وڵاتی فەڕەنسا سەریهەڵدا لەژێر ناوی یارییە سپیەكە دواتر گۆڕیان بە یاری پاشاكان, یەكەم پاڵەوانییەتی ئەم وەرزشە بە فەرمی لە وڵاتی ئینگڵتەڕ ساڵی 1887 لە ویمبدڵدۆن بەڕێوەچوو لەژێر ناوە تازەكەی بە ناوی یاری تێنس, ئیتر لەو كاتەوە كرا بە نەریت و ساڵانە وەك پاڵەوانییەتییەكی گەورە ویمبڵدۆن بەهێزترین یاریزانەكانی جیهان لەخۆ دەگرێت, لە هەندێك سەرچاوەش باس لەوەدەكرێت گوایە لە سەدەی 12 هێنری هەشتەمی فەڕەنسا بە هاوڕێیەتی پێڕێرا و دوو لە دكتۆرەكانی سەردەمی خۆی یانەیەكی تێنسیان ساڵی 1844 دامەزراندبێ بە ناوی (یانجمتۆن), لە جیاتی رێكت تەنها بە دەست یارییان كردووە.
ساڵی 1874 ئۆیۆنگ كەسایەتی بەناوبانگی ئەمریكی یارییەكەی گواستەوە وڵاتەكەی و ساڵی 1880 یەكەم پاڵەوانیەتی بەڕێوەچوو, ساڵی 1881 یەكەم پاڵەوانیەتی ئەمریكای كراوە بۆ پیاوان و ساڵی 1887 ژنانیش چوونە نێو پاڵەوانیەتییەكە, ساڵی 1905 پاڵەوانیەتی ئوسترالیای كراوە دەستێپێكرد.
ساڵی 1968 بۆ وەرزشی تێنسی سەرزەوی بە سەردەمی كراوە ناوزەند دەكرێت, كاتێ هەرچوار پاڵەوانییەتییە گەورەكە گراندسلام (ئوستڕالیای كراوە, فەڕەنسای كراوە, ویمبڵدۆن و ئەمریكای كراوە) رێككەوتن لەسەر ئەوەی یاریزانە پیشەگەرەكان لە هەر چوار پاڵەوانییەتییەكان بەشداربن و ركابەری یاریزانەكانی تر بكەن ئەوانەی تەنها بۆ خۆشی یاری دەكەن و بەشدار دەبن لە پاڵەوانییەتییەكان.
یارییەكە 3 یاریگەی جیاوازی هەیە (خۆڵ, رەق و چیمەن), درێژی یاریگەكە 23 مەترو 77 سانتیمەترە, پانی 10 مەترو 97 سانتیمەترە, لە یارییە جووتەكان (زوجی) تەنها لە پانی هەردوو لای یاریگەكە مەتریك و 37 سانتیمەتر زیاترە وەك لە یارییە تاكەكان, ناوەڕاستی یاریگەكە تۆڕێك بە بەرزی 91 سانتیمەترو 5 ملیم یاریگەگەكە دەكاتە دووبەش.
سەرتای یارییەكە تا ئێستا زۆرێك لە یاریزانە بانەوبانگەكان بوونەتە پاڵەوان و چەندین نازناویان دەستەبەر كردوون و لەم یارییەدا خەڵاتی گرانبەها بەدەست دێنن و وەك پێشتر لە هەواڵێك بڵاومان كردەوە فیدرێری یاریزانی وڵاتی سویسڕا بۆ ساڵی 2020 دەوڵەمەندترین وەرزشكاری جیهان بوو لە كۆكردنەوەی زۆرترین داهات كە توانی پێش هەردوو یاریزانی تۆپی پێ كریستیانۆو مێسی بكەوێتەوە.
ئەمساڵ بە هاتنی نەخۆشی كۆڕۆناو بڵاو بوونەوەی بە تەواوی جیهان تێنسیش وەك هەر وەرزش و سێكتەرەكانی ژیان زیانی زۆری بەركەوت, تێكڕای یاریزانەكان پەكیان كەوت و لە تۆپە زەردەكە دووركەوتنەوە, هەرچەندە بڕیار وایە لە كۆتایی مانگی 8 ی ئەمساڵ پاڵەوانیەتی ئەمریكای كراوە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچێت, لای خۆیەوە راجیف رام یاریزانی جووتی ئەمریكی دەڵێ" هیچ متمانەیەكم بە بەشداربوون و بەڕێوەچوونی پاڵەوانییەتییەكە نیە بە هۆی ئەم پەتایە, لەبەر ئەوەی چارەسەری نەخۆشیەكە نەدۆزراوەتەوەو یاریزانی تێنسیش هەموو كاتێك بۆ پێكان ئامادەیە".
نادالی ئیسپانی كە ئێستا لە دووەمی ریزبەندی جیهانی دێت سەبارەت بە پاڵەوانیەتی رۆڵان گاڕۆسی فەڕەنسی گووتی" جیهان نابێ بووەستێ و دەبێ رێز لە ئازاری خەڵك بگرین, چارسەری ئەم پەتایە ئازادی و سەربەستیمان پێ ئەدات بۆ بەردەوام بوونمان و گەڕانەوەمان بۆ نێو یاریگەكان, كارەكە ئاسان نیەو دەبێ لە سەدا سەد دڵنیابین لە نەمانی پەتاكە ئنجا ژیان ئاسایی ببێتەوە".
ئانا ئیڤانۆڤیچی سڕبی كە لە تەمەنی 20 ساڵی بووەتە پاڵەوانی رۆڵان گاڕۆس باوەڕی وایە لە دووبارە دەستێكردنەوەی هەر پاڵەوانییەتییەك دەبێ بیر لە خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییەكان بكرێ و ئامادەنەبوونی هاندەران تام و چێژ نابەخشێتە یارییەكان.
لە دوا ریزبەندی جیهانی لە پیاوان جۆكۆفیچی سڕبی لە پلەی یەكەم دێت و ئاشلی بارتی ئوستڕالی لە ئافرەتان پلەی یەكەمی گرتووە.
ماوەتەوە بڵێین لە جیهاندا بە هۆی پەتای كۆڕۆنا خەڵكێكی یەكجار زۆر تووشی نەخۆشیەكە بوون و بە هەزارانیان گیانیان لە دەستدا, تەواوی وەرزشەكان و خول و پاڵەوانییەتییەكان وەستێندران, یاریزانەكانی تێنسی سەرزەوی وەك هەر وەرزشكارێك و یاریزانێك تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ نێو یاریگەكان.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو