تەندروستی جیهان هەواڵێكی مژدەبەخش لەبارەی چارەسەری كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە

تەندروستی جیهان هەواڵێكی مژدەبەخش لەبارەی چارەسەری كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە

رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت ئەم هەفتەیە دەستپێشخەرییەكی گەورە بۆ خێراكردنی دیراسەكردن و بەرەوپێشبردنی پێكوتەی دژە كۆرۆنادا بكرێت.

لە كۆنگریەكی رۆژنامەوانیدا تێدرۆس ئەدهەنۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی ناوبراو گوتی: "هیوایەكمان هەیە كە ئەم هەفتەیە دەستپێشخەرییەكی گەورە دەكرێت بۆ خێراكردنی دیراسەكردن و بەرەوپێشبردنی ڤاكسینەكانی دژ بە كۆرۆنا".

تێدرۆس ئەدهەنۆم گێبریسۆس دووپاتی كردەوە، "لەو دەستپێشخەریەدا میكانیزمێك دادەنرێت، بۆ دابەشكردنی ڤاكسینەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر ئەو كەسانەدا كە پێویستییان پێیە".

ئەمە لەكاتێكدایە، لە مانگی یەنایەری ئەمساڵەوە قەیرانێكی گەورە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە و بە هۆیەوە زیانێكی گەورەی ئابووری بە جیهان گەیشتووە و بۆرسەی جیهان و كەرتی وزە و گەیشیاری تووشی شكستێكی گەورە بووەتەوە.

تا ئێستا بەهۆی ئەو پەتایەوە ملیۆنێك و 315 هەزار و 989 كەس لە زیاتر لە 170 وڵاتی جیهان تووشی ڤایرۆسەكە بوونە، لەو ژمارەیەش تا ئێستا 71 هەزار و 715 كەس بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوە، لەكاتێكدا 275 هەزار و 373 كەس بە تەواوی لە پەتاكە چاك بوونەتەوە.

بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش، ژمارەیەك وڵات هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی پێكوتە "ڤاكسین" وەك چارەسەرێك بۆ پەتاكە چڕ كردووەتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە چین، كە پێشتر رایگەیاندبوو، 8 پڕۆژەی جیاوازیان بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستە.

زۆرترین بینراو