تەنها 19 توشبووی كۆڕۆنا لە چۆمان لەژێر چاودێری تەندروستی ماون

تەنها 19 توشبووی كۆڕۆنا لە چۆمان لەژێر چاودێری تەندروستی ماون

 

زاری كرمانجی_چۆمان: تا دێت رێژەی توشبووانی كۆڕۆنا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان رووی لە كەمی دەكات و توشبووەكان دوای چاكبوونەوەیان بەپێی پشكنینی تەندروستی رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە.
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان بە زاری كرمانجی راگەیاند: بەپێی دوا ئاماری ئێمە تا ئێستا هەزار و 279 نموونەی پشكنینی كۆڕۆنامان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە، لەم رێژەیە 130 توشبوو تۆماركراوە، بەڵام خۆشبەختانە رێژەیەكی زۆر توشبووان دوای وەرگرتنەوەی سامپڵ، پشكنینەكانیان نێگەتیڤ بووە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، واتا لەكۆی 130 توشبوو، 109 كەس چاكبوونەتەوە و بە یەكجاری نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و تەنها 19 توشبوو لە سەنتەری هەڵگورد بۆ چارەسەری كۆڕۆنا ماون و لەژێر رێنمای و چاودێری تەندروستی دان.
بەپێی ئاماری تەندروستی چۆمان تا ئێستا لە ناوچەكە دوو كەس كە تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بوو، بە هۆی نەخۆشی كۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە.
لەلایەكی دیكە، هەڵمەت كەریم، بەرپرسی تیمی تەندروستی بۆ پشكنینی كۆڕۆنا لە تەندروستی چۆمان بە زاری كرمانجی راگەیاند: چەند رۆژێكە سامپڵمان لە هاووڵاتییان وەرنەگرتووە، چونكە هەندێك لە بەركەوتووان و گومانلێكراوان ئامادە نین پشكنینی كۆڕۆنا بكەن و هاوكاری تیمەكانی تەندروستی ناكەن، ئەوەی هەیە لێژنەكەمان لە نەخۆشخانەی چۆمان كار دەكات و پێشوازی لەو كەسانە دەكەین كە بە رەزامەندی خۆیان دێن و نیشانەیان هەیە بۆ ئەوەی پشكنینی كۆڕۆنایان بۆ ئەنجام بدەین.
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان راشیگەیاند: بەپێی رێنمایی رێكخراوی تەندروستی جیهانی كە وەزارەتی تەندروستی ئاراستەی ئێمەشی كردووە، هەر تووشبوێكی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كە چاكبووەوە، دەبێت بۆ ماوەی 14 رۆژ خودپارێزی ئەنجام بدات و نابێت بەركەوتەی لەگەڵ هاووڵاتییان و خزم و كەس وكار و دەوروبەری هەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی سنوورەكەمان دەكەین ئەو 109 كەسەی چاكبوونەتەوە خۆیان بپارێزن، رێنماییەكانی تەندروستی جێبەجێ بكەن.

زۆرترین بینراو