تەنها 30 مەتر لە ماڵان دوورە...كارگەیەكی قیڕ لە دیانا ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێدەكەوێتەوە

تەنها 30 مەتر لە ماڵان دوورە...كارگەیەكی قیڕ لە دیانا ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێدەكەوێتەوە

موڕشید برادۆستی – دیانا: لە گوندی بادلیانی سەر بە ناحیەی دیانا بەهۆی كارگەیەكی درووست كردنی قیڕ دانیشتوانانی ناوچەكە بێزاری خۆیان دەردەبڕن و لە رێگەی زاری كرمانجی داوای گواستنەوەی كارگەكە دەكەن.
لە سنووری ناحیەی دیانا سەر بە قەزای سۆران، جیا لەو كارگەیە چەند كارگەیەكی قیڕ و درووست كردنی بلۆك و كەرستەی خانووبەرە لە دەشتی دێلزیان و هاودیان بوونی هەیە و هاووڵاتییانی ناوچەكە لە تۆز و خۆڵ و زیانەكان بێبەش نیین !.
شێرزاد خورشید بادلی گەنجێكی دانیشتووی ناوچەكەیە بە زاری كرمانجی گووت " لە هەموو یاسا و پڕەنسیپەكانی كارگەكان، بە مەبەستی سەلامەتی خەلك و راچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی، پێویستە شوێنی گونجاو لە بەرچاو بگیرێت بۆ دانان و دامەزراندنی كارگە، كارگەی بادلیان شوێنێەكەی گونجا و تەندرووست نییە و كاریگەری خراپی لەسەر تەندرووستی دانیشتوانانی سنوورەكە هەیە .
شێرزاد ئاماژەشی بەوەدا" ئەم كارگەیە بریتیە لە دووبەشی جیاوازی پڕ لە زیان، كە پێكهاتووە لە بەشی هاِراوی بەردی واتە ( كەسارە ) كە بەردەكان دەهاڕێت و ورد و درشت لێكیان جیا دەكاتەوە بە مەبەش دەنگێكی بێزاركەر و ژاوەژاوێكی یەكجار زۆر درووست دەكات و تۆز و خۆڵێكی زۆریش دروست دەكات .بەشی دووەمی كارگەكە لە درووست كردنی قیڕ پێكهاتووە، وەك روونە ئەو دووكەڵ و گازانەی لێوەیی دەردەچن راستەوخۆ كاریگەریان دەبێت لە سەر هەناسە دان و توشبوون بەنەخۆشی رەبۆ و بگرە نەخۆشیە درێژخایەنەكانیش .
گووتیشی " كارگەكە بە دووری تەنها 30 مەتر لە ماڵان هەڵكەوتووە، بەپێی یاسایی شارەوانی ئەم جۆرە كارگانە دەبێت بە لایەنی كەم چەند كیلۆمەترێك لە دووری ئاوایی و ماڵان بێت، بۆیە داوا لە سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دیانا دەكەین هەموو هەوڵێك بدەن بۆ گواستنەوەی تا سەلامەتی هاووڵاتییانی بادلیان پارێزراو بێت و بەهۆی ئەو كارگەوە چیتر تووشی ناخۆشی و نەخۆشیەك نەبن .
مەریوان محەمەد گەنجێكی دانیشتووی ناوچەكەیە بە زاری كرمانجی گووت" چەند ساڵێك بوو كارگەكە بەهۆی راچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی كاركردنی تێدا راگیرا بوو, بەڵام ماوەی دوو مانگ دەبێت دەستیان بەكار كردۆتەوە و قیڕ لە كارگەكە درووست دەكەن، بەو هۆیەش تۆز و خۆڵی زۆر پەیدا دەبێت و ژیان و گوزەرانمان تێكچووە .
زیاتر گووتی" تۆز و خۆڵی كارگەكە جیا لەوەی زیانی زۆری بۆ ئێمە هەیە و لەكات و ساتی ئیش كردندا ناتوانین لە ماڵ بێینە دەرەوە و ماڵمان پڕ تۆز و خۆڵ دەبێت, هاوكات زیانی بۆ دار و درەختیش هەیە و بەر و بوومەكانمان زیانیان پێدەگات، داوا دەكەین حكومەت راچاوی ژیانمان بكات و ئەو كارگەیە بۆ شوێنێكی دوور لە ئاوای بگوازێتەوە .
كارگەی درووست كردنی قیڕ چەند ساڵێكە لە رۆژهەڵاتی دیانا لە گوندی بادلیان دامەزراوە و پێشتر كاری كەسارەی مەوادیشی ئەنجامدەدرا بەو هۆیەوە تۆز و خۆڵ و بۆنێكی ناخۆش بە نێو ماڵان دەبووەوە .
لای خۆشیەوە مەغدید ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئەو شوێنەی كارگەی قیڕی لێ دانراوە پێشتر چۆڵ بووە و دوور لە ئاوای و ماڵی هاووڵاتییان بووە، لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان خانوویان لە نزیكی كارگەكە درووست كردووە، بێگومان ئەگەر كارگەكە وەگەڕ بخرێ تۆز و خۆڵییان بۆدەچێ .
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا دەڵێت" هیچ داواكاریەكی دانیشتوانمان پێ نەگەیشتووە و هەر كاتێك ناڕەزایی هاووڵاتییانمان بە رەسمی پێگەیشت بە دڵنییایەوە كار لەسەر گواستنەوەی كارگەكە دەكەین .
زاری كرمانجی زانیویەتی، كارگەی درووست كردنی قیڕ لە گوندی بادلیان رۆژانە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك كار دەكات و بەو هۆیەوە تۆز و خۆڵ ناوچەكە دادەپۆشێت .

زۆرترین بینراو