تەواوی رزگاربووانی ئێزدی بە یارمەتی نێچیرڤان بارزانی ئازاد كراون

تەواوی رزگاربووانی ئێزدی بە یارمەتی نێچیرڤان بارزانی ئازاد كراون

رەمەزان هەرنی – دهۆك : دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 كوردانی ئێزدی بەتایبەتی ئەوانەی سنووری شنگال تووشی كارەساتێكی گەورەیی مرۆیی بوون، لەسەر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە هەزاران كەس رفێنراون و تائێستا دوای پێنچ ساڵ هێشتا هەندێك ئازاد نەكراون و لەدەست داعش ماون.
حوسێن قایدی, بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوەكان لە پارێزگای دهۆك بە زاری كرمانجی گووت:" لە كاتی هێرشی نامرۆڤانەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە 3 ی ئابی ساڵی 2014 بۆ سەر قەزای شنگال بە هەزاران كەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهشت و بە هەزاران كەسیش كەوتنە دەست داعش و بێ سەرو شوێن كران، بەتایبەت لەو كاتەدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر كچ و ئافرەتی ئێزدی رفێنران هەندێكیان بە رێگە جیاوازەكان ئازاد كراون و هەندێكیش تائێستا بێ سەرو شوێنن و چارەنووسیان نادیارە".
حوسێن، گووتیشی:" لە كاتی هێرشەكەدا بۆ سەر شنگال 6417 كوردی ئێزدی كەوتنە دەست ئەو رێكخراوە، تا ئێستا 3 هەزار و 525 كەس لەو رفێنراوانە ئازادكراون و 2889 كەسیش تا ئێستا لە دەست داعش ماون و چارەنووسیان نادیارە، هەوڵەكان بۆ رزگاركردنی ئەوانیش بەردەوامە".
حوسێن، ئەوەشی خستەڕوو:"ساڵی 2014 نووسینگەیەكی تایبەت بۆ رزگاركردنی كوردانی ئێزدی كراوەتەوە، ئەو نووسینگەیە لەسەر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە ئەو كات سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو كراوەتەوە، بێجگە لە نێچیرڤان بارزانی، هیچ كەسولایەنێك یارمەتی ئێمەی نەداوە بۆ رزگاركرنی رفێنراوەكان نە حكوومەتی عێراق نە وڵاتە عەرەبییەكان نە وڵاتە ئەوروپییەكان یارمەتی ئێمەیان نەداوە, نووسینگەی ئێمە راستەوخۆ سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی یە، ماددی و مەعنەویی یارمەتی دەرێ ئێمە بووە".
قایدی، ئەوەشی روونكردەوە:" لێگەریان و بەدواداچوون بۆ رزگار كراوەكانی ئافرەتانی ئێزدی لە دەست داعش بەردەوامە, راسپاردەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە هەر ئەوەیە كە بەردەوامبین لە لێگەریان تا ئەوانەی لەدەست داعش ماون رزگار بكرێن و بێنەوە ناو كەسوكاری خۆیان, دوای ئەوەی كە ئەو كەسانە رزگاردەكرێن یەكسەر لە لایەن دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم و رێكخراوەكان خولیان بۆ دەكرێتەو، بۆ ئەوەی لەرووی دەروونییەوە ئارام بكرێنەوە".

زۆرترین بینراو