جانتاكەم گرانە و ناتوانم هەڵیگرم

محەممەد مەحموود

 

لەم چەند ساڵەی دوایدا بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لە پرۆگرامەكانی خوێندن كراون دەبینین زۆرێك لەپەرتووكەكان گۆرانكاریان بەسەر داهاتووە هەم لەرووی ناوەرۆكەوە هەمیش لەرووی كێشەوە ، ئەمەش لەلایەن قوتابییان و كەسوكارەكانیانەوە جێگەی سەرنجە كەچۆن وەزارەتی پەروەردەو بەرێوەبەرایەتی چاپ وپرۆگرامەكان بیریان لەوەنەدەكردەوە كە چۆن دەبێت كێشی پەرتووكەكان ئەوەندە زۆر بێت قوتابێكی پۆلی یەك نەتوانێت جانتاكەی بەئاسانی لەپشتی خۆی یان بەدەست هەڵبگرێت.
كاتێكیش پرسیار لەقوتابی دەكەیت بۆبەم جۆرە جانتاكەت هەڵدەگری یان بۆخۆت هەڵی ناگرێت لەوەڵامدا دەڵێت " جانتاكەم گرانە ناتوانم هەڵیگرم، لە قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەتی پۆلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم، زیاتر ئەم گرفتەیان هەیە بەهۆی بچووكی تەمەنیان و زۆری كێشی پەرتووكەكان ، زۆرجار دایك و باوك یان خووشكو برای قوتابییەكە جانتەكەی بۆ ئەو قوتابییە هەڵگرتووە كە لەو قۆناغانەن كە ئاماژەمان پێدان ، وەزارەتی پەروەردە چۆن بیرت لەوەنەكردەوە كە كێشی ئەو پەرتووكانەی تۆ بۆ قوتابییان چاپكردووە كاتێك قوتابی دەیخاتە جانتاكەی لە كێشی خۆی زیاترە، بەمەش ئەگەر لە ئێستاش نەبێت لە داهاتوو دەكرێت گرفتی تەندروستی بۆدروستبێت بەتایبەتی لە بڕبڕەی پشتیەوە، بەناو شارەزایان و پسپۆرانی پەروەردەی ئەرێ‌ ئێوە لەناو قوتابییانن؟ هەستان بەم گرفتە كردووە؟ قوتابیتان بینیووە لەبەر گرانی جانتاكەی نەیتوانیووە نە بەپشت یان بەدەست جانتاكەی هەڵبگرێت، لای زۆرێك لە قوتابییان سەرەتای هاتنیان بۆقوتابخانەو چوونەوەیان بۆ ماڵەوە بەلاوە ناخۆشە لەبەر گرانی جانتاكەیان ، ناشكرێت هەموورۆژێك دایكو باوك یان خووشك و برای قوتابی لە گەڵی بێت بۆقوتابخانە و جانتاكەی بۆ بگێنێتە ژووری خوێندن و ئەو جا بگەرێتەوەو دواتریش بێتەوە بۆئەوەی جارێكی تر جانتاكەی قوتابیەكەی هەڵبگرێت .
دەكرێت بڵێن ئەی قوتابی خشتەی بەشەوانەكانی رۆژانەی بۆنانووسرێت و بەپێی ئەم خشتەیە پەرتووكەكان دانانێت بۆقوتابخانە، ئەگەر خشتەش هەبێت وانەكانی زاست و بیركاری لەبەرئەوەی لەهەفتەدا پێنج بەشە وانەن دەبێت رۆژانە ئەو پەرتووكانە لەگەڵ خۆی ببات بۆقوتابخانە، جگە لە وانەكانی ترو تێنووس و پێداویستیەكانی قوتابی كە مەبەستیەتی بۆقوتابخانە پێی بێت ، بۆیە ئەم بابەتە بەوە چارەسەر نابێت بڵێن دەبێت قوتابخانە خشتە بداتە قوتابییان و قوتابی بە پێی خشتە پەرتووكەكان لەگەڵ خۆی ببات ، ئەوانەی بەشێوەی كرداری لەناو قوتابخانەن رۆژانە زیاتر هەست بەوە دەكەن كە ئاخۆ كێشی زۆری پەرتووكەكان و گرانی و زۆری ناوەرۆكەكانیان چەندە گرفتی بۆقوتابییان درووست كردوە.
قوتابی گەر بە ئاسوودەی نەهێت بۆقوتابخانە تۆبڵێت سوودێكی ئەو تۆی پێبگات لەرووی گوێگرتن لەمامۆستاو خوێندنی وانەكانی؟ ئەوەی ئێستا وەك ناوەرۆكیش لە پەرتووكەكانی قوتابییانی پۆلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی دەخوێندرێت لە وانەكانی زانست و بیركاری زۆر گرانە، لەمەشیان وەك بڵێت ڕەچاوی تەمەنی قوتابی نەكراوە ئەوەی ئەوان لەو وانانە دەیخوێنن لەقۆناغەكانی نۆیەم و دوازدەم قوتابی دەیخوێنێت، ، ئەگەر پەرتووكەكانی زانست و بیركاری لەپۆلی یەكەمی بنەڕەتی بەنموونە وەربگرین دەكرێت ئەمەیان كورت بكرێتەوە لەقۆناغی دووەم و سێیەمیش بەزیاد كردنی هەندێ‌ بابەتی تر بخوێندرێت، نەك قوتابی لەو قۆناغەدا گوێبیستی هەندێ‌ وشەو دەستەواژەو بابەت دەبێت كەلەگەڵ تەمەنی ئەو ناگونجێت و مامۆستاش وەك پێویست ناتوانێت تێی بگێنێت، چونكە ناوەرۆكی بابەتەكان گرانە ، زانست و بیركاری بۆخۆیان دووبابەتی گرانن بەگشتی بۆقوتابییان چ جای ئەوەی بابەتەكان ئاڵۆزكرابن و ئەوەی قوتابێكی پۆلی نۆ و دە بیخوێنێت قوتابێكی پۆلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمیش بیخوێنێت ، هەردووكیان قوتابین بەڵام قۆناغ و تەمەنیان زۆر لەیەكتری جیاوازن ، بۆیە گرنگە وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوە بكەیت بەناوەرۆكی ئەو پەرتووكانەی كە لەگەڵ قۆناغ و تەمەنی قوتابی ناگونجێن ، پێویستە هەوڵبدرێت ناوەڕۆكی پەرتووكەكان و كێشیان كەم بكرێتەوە ڕەچاوی تەمەن بچووكی قوتابی بكرێت لەو قۆناغانەدا،هەروەها بابەتەكانی زانست وبیركاری و ئینگلیزی پەرتووكی راهێنانیشیان لەگەڵە كە ئەمەش بۆخۆی بارگرانێگی ترە بۆقوتابی ، بۆئەمەشیان دەكرێت پێداچوونەوە بكرێت و هەردوو پەرتووك بكرێنە یەك ، بەمەش هەم خەرجی كەمتر دەبێتەوە هەم قوتابیش جانتاكەی سووكتر دەبێت، پێویستە ناوەڕۆك و كێشی ئەو پەرتووكانە كەم بكرێتەوە كە گرانن بۆقوتابی.
لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم وەزارەتی پەرورەدە كۆمەڵێك بڕیارو هەنگاوی نا كە جێگەی دەستخۆشیە لەپێناو بەرەو پێش چوونی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن ، دەشزانم كاری زۆرتریان ماوەو بەرۆژێك و دووان و سێیان ناكرێت ، بەڵام گرنگە پێداچوونەوە بەو بابەتەش بكرێت و كێشی پەرتووكەكان و ناوەرۆكیان كەم بكرێتەوە بۆئەوەی قوتابخانە و خوێندن لای قوتابییان خۆشەویستر بێت نەوەك پەرتووكێكی كێش گران و ناوەرۆكێكی زۆری بێ‌ مانا بێزاری لە لای قوتابییان درووست بكات.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو