جووتیاران لە ساغ نەكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان نیگەرانن

جووتیاران لە ساغ نەكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان نیگەرانن

"كیلۆیەك خەیاری خۆماڵی تەنها بە 200 دینار دەفرۆشین" 

شارەزایەك پلان بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ دادەنێت

 


موڕشید برادۆستی – سۆران:

ساڵانە بەروبوومێكی زۆر لە لایەن جووتیارانەو دادەچێندرێت، بەڵام لە كاتی پێگەیشتندا بەهۆی بەردەوامی هاوردەكردنی بەروبوومە كشتووكاڵییەكان لە دەرەوەی وڵات، نرخی تەواوی نێوخۆیی بە رێژەیەكی زۆر دادەبەزێت و لە بڕی قازانج زیانی ماددی زۆریان پێدەگات.
لە سنووری ئیدارەی سۆران، رێژەیەكی زۆری دۆنم زەوی بەراو بوونی هەیە كە ساڵانە لە زەوی بەراو زیاتر تەماتە و خەیار و چەند بەرهەمێكی دیكەی كشتووكاڵی دادەچێندرێت، بە قسەی شارەزایانیش بەهۆی كەش و هەوا و هەڵكەوتەی جوگرافیای دەڤەرەكە، تەماتە و خەیاری ئەو ناوچەیە لە هەموو ناوچەكانی دیكە باشتر و بەناوبانگترە، شارەزایەكی كشتووكاڵیش، چەند رێگەیەك بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ دادەنێت كە دەتوانرێ چارەسەری گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆی بكات. 
سەلمان بورهان، یەكێك لە جووتیارەكانی سنووری ئیدارەی سۆرانە، دەڵێت:" ساڵانە ماندووبون و خەرجییەكی زۆرمان بەهۆی داچاندن و كاری كشتوكاڵی دەچێت، دوای پێگەیشتنیش بەهۆی بێ پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ زیانی زۆرمان پێدەگات و بەرهەمەكانمان ساغ نابێتەوە.
بە گووتەی ئەو جووتیارە، لە ئێستادا نرخی یەك كیلۆی خەیاری خۆماڵی بە 200 دینار دەفرۆشن، كە ئەمەش ناكاتە خەرجی لێكردنەوە و گواستنەوە بۆ بازاڕ، لە كاتێكدا خەرجی زۆرمان چووە لە كاتی داچاندن و چاودێری كردن، هەر ئەمەش وای كردووە لە هەندێك شار و شارۆچكەی كوردستان بەهۆی بێ بازاڕی و ساغنەبوونی بەرهەمەكانیان، هاووڵاتییان و جووتیاران وەك كاردانەوەیەك بەرهەمەكانیان فڕێ دەدەنە سەرشەقام و داوای راگرتنی بەرهەمە كشتووكاڵییەكان دەكەن لە دەرەوەی وڵات.
گووتیشی:" لە رێگەی زاری كرمانجی داواكارین لە وەزارەتی كشتوكاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێگری لە بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بگیرێت و داخلی كوردستان نەكرێن، چونكە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە بەرووبومە كشتوكاڵیە ناوخۆییەكان و ساغ نەكردنەوەیان لە بازاڕدا".
ئیبڕاهیم فارس، یەكێك لە جووتیارەكانی دەڤەری سیدەكانە بە زاری كرمانجی گووت:" ئەوەی بەلای ئێمەوە وەك جووتیاران جێگەی سەرسوڕمانە، بێ هەماهەنگی وەزارەتی كشتووكاڵە لەگەڵ خودی جووتیاران، خۆیان دەبینن بەهۆی هاتنی بەرهەمی دەرەوە نرخی بەرهەمەكانمان لە ئاستێكی زۆر نزمدایە و پارەیەكی وا ناكات، لە كاتێكدا زەویەكی گەورەمان بە بەروبوومی هاوینە داچاندووە، لە بڕی قازانج ئەگەری زۆر هەیە تووشی زەرەریش ببین.
زیاتر گووتی:" ئەگەر بێت و وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای پێگەیشتنی بەروبوومی هاوینە قەدەغەی هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە دەرەوەی وڵات بكات، چی لە وەزارەت كەم دەكات؟ نازانین بۆچی هاوكاریمان ناكرێت لەكاتێكدا بە یەك نوسراو دەتوانن ئەوە بكەن".
محەمەد رەشید، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی راگەیاند:" لە سنووری قەزای مێرگەسۆر زیاتر لە  15 هەزار دۆنم شیاوی چاندنە و لەو رێژەیە بەشێكی دەكرێتە بەروبوومی هاوینە وەك تەماتە، خەیار، لۆبیا، كودوو و چەند بەروبوومێكی دیكە و ژمارەیەكی زۆری جووتیار بەو كارەوە سەرقاڵن، بەڵام ساڵانە بەهۆی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان كێشە و گرفت بۆ كاركردنیان دروست دەبێت و چەندین كەس بەو هۆكارە وازی لە كاری كشتوكاڵی دەهێنن.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر، دەڵێت:" لە وڵاتە پێشكەوتووەكان ئەو گرفتانە بۆ بەروبووم و بەرهەمی نێوخۆیان دروست نابێت، چونكە خۆیان بە خاوەنی كشتوكاڵ و كاری هاووڵاتییان دەزانن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بۆشایەكی زۆر لە نێوان وەزارەت و جووتیارندا هەیە و وەزارەت خۆی بە خاوەنی جووتیار نازانێت، لە هەمان كاتیش جووتیار نائومێدیەكی زۆری بەرامبەر بە لایەنی پەیوەندیدار بە تایبەت وەزارەت هەیە.
محەمەد رەشید، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر، روونی دەكاتەوە:" ئەو گرفتەش پێویستی بە چارەسەر كردن و هەڵوێستە لەسەر كردنە، هەروەها وەرگرتنی ئاماری سەرتاسەری، تا ئێستا دیار نییە لە كوردستان بەرهەمی كشتوكاڵیمان چەندە، بەكاردەبردرێت چەند دێتە بازاڕ، چەند هەناردە ئەكرێت، پێویستیمان بەچەندە و لەكام شوێن زۆرە و لە كام ناوچە بەرهەمی نێوخۆی كەمە، هەروەها ساڵانە پلانێكی ستراتیژی و سیاسیەتێكی گشتگیر دابڕێژرێت بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران، هەروەها بە پلان بەروبووم دابچێندرێت ساڵانە چاودێری زەوی جووتیاران بكرێت كامە زەوی بۆ كام بەر و بووم باشە و سوودی هەیە ئەو كات دابچیندرێت بەم رێگەیەش هاووڵاتی و حكوومەتیش سوودمەند دەبێت ئەمەش پێویستی بە پلان و بەرنامە هەیە، بۆیە پێویستە ئیشی جددی لەسەر بكرێت و چیتر بەس قسە نەبێت،  چونكە هەموو كارەكان دژی جووتیارە و ناهێڵن بە شێوەیەك لە شێوەكان قازانج بكەن و داوا دەكەین ئەم گرفتە لە ساڵانی داهاتوو كۆتای پێبهێندرێت و بنبڕ بكرێت.
لای خۆیەوە، حەكیم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:"  هەرزان بوون و گران بوونی نرخی بەرهەمی ناوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ خواست لەسەر بەرهەمەكە، بۆ نموونە ئەگەر شتێك لە بازاڕ زۆر بوو ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت، چونكە خواستێكی زۆری لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر كەم بوو ئەوا نرخەكە بەرز دەبێتەوە و خواستێكی زۆری لەسەر دەبێت.
دووپاتی كردەوە:" لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەكان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ، باجێكی زۆر دەخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوە دێنە هەرێمی كوردستان یان رێگە نادەن هاوردە بكرێت،  بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان زیاتر بەرهەمی ناوخۆ بەكاربهێنن.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سۆران، ئاشكراشی كرد:" بەرهەمە ناوخۆییەكان بەسوودترن لەبەر ئەوەی لەناو ساردكەرەوەكان داناندرێن و زووتر دەگەنە دەست هاووڵاتییان، جووتیارەكارەكانیش زیاتر قازانج دەكەن ئەگەر بێت و نرخی باشتر بكات لە بازاڕەكان".