جگە لە پارتی هیچ حزب و لایەنێكی دیكە لە خەمی پێكهاتەكاندانیە

جگە لە پارتی هیچ حزب و لایەنێكی دیكە لە خەمی پێكهاتەكاندانیە

ئا: ڕائیب شێروانی
نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پارتی دەیەوێت پێكهاتەكان بەشداری لە حكوومەتدا بكەن و لە بەشی خۆی پلە و پۆست بە پێكهاتەكان دەدات، هیچ حزب و لایەنێكی دیكە لە خەمی پێكهاتەكاندا نیە و ئامادەنین لە بەشی خۆیان بە پێكهاتەكان بدەن، بۆیە تا پارتی و بنەماڵەی بارزانی مابن، مافی پێكهاتەكانیش لە كوردستان پارێزراو دەبێت.
عودیشو، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:"پێش ئەوەی شاندێ پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بگاتە رێككەوتن، سەردانی پێكهاتەكانی كرد، پاش گەیشتنی لایەنەكان بە یەكدی و هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دوای دەست نیشانكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕاسپاردنی مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی كابینەی داهاتوو كە 30 رۆژی لەبەر دەستە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، دانوستاندن لەگەڵ پێكهاتەكان دەكرێت، كە ئێمە چیمان دەوێت، ئێمەش دەمانەوێت بەشداری لە حكوومەتدا بكەین، كێشە بە وەزیرێك و دوو وەزیر چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێت حكوومەتی داهاتوو حكوومەتێكی بەهێز بێت، چاكسازی بكات، خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، خزمەتی هەموو هاووڵاتیان بكات بەبێ جیاوازی، ئەوە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا دەبێت بە هەموو پێكهاتەكانەوە، ناوچەكانی ئێمە ئاوەدان بكات، پەیوەندی هەرێم لەگەڵ دەوروبەر بەهێز بكات، لامان گرنگ نییە چەند وەزیر و پلە و پۆست بەر كریستیانەكان دەكەون، چونكە بۆ ئێمە ئەوەی گرنگە كابینەی حكوومەت لە چوار ساڵی داهاتوودا گەرەنتیی پاراستنی ئەمنییەتی ئێمە بكات و پێكەوەژیان گەشە بكات، ئەگەرنا كێشە لە پۆست و پلەدا نییە، ئێمە خۆمان بە بەشێكی گرنگی هەرێمی كوردستان دەزانین و كار بۆ كوردستانێكی بەهێز دەكەین.
نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ:" چۆن كورد دەڵێ ئێمە جگە لە چیاكان هیچ دۆست و پاڵپشتێكی دیكەمان نیە، ئێمەش وەكو كریستیانەكان چ لە عێراق، چ لە هەرێمی كوردستان هیچ كەسێكمان نیە، جگە لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی، هەر لە بەر ئەوەی هەتا پارتی و بنەماڵەی بارزانی مابن، مافی پێكهاتەكان پارێزراو دەبێت، بۆیە بەس پارتی گرنگی بە پێكهاتەكان دەدات و بە پێویست دەزانێت پێكهاتەكان بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، لایەنەكانی دیكە چ یەكێتی، چ گۆڕان، هەتا حزبە ئیسلامییەكان گرنگی بە پێكهاتەكان نادەن، یەكێتی دانووستاندن لەگەڵ پێكهاتەكان ناكات و ئامادەش نیە وەزارەتێك لە بەشی خۆی بە پێكهاتەكان بدات، بۆیە بەس پارتی گرنگی بە پێكهاتەكانی كوردستان دەدات، هانی پێكهاتەكان دەدات كە لە كوردستان بمێنەوە و نەچنە دەرەوە ئەوەش بووە هاندەرێك كە پێكهاتەكان لە بەشەكانی دیكەی عێراق ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن و وەكو ماڵی خۆیان تەماشای كوردستان بكەن، بۆیە ئەگەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی نەبن پێكهاتەكانیش نابن، بۆیە ئێمە باوەڕێكی تەواومان بە سیاسەتی پارتی هەیە و كار بۆ ئەوە دەكات كە كوردستانێكی بەهێز ئاوەدان بكات و ئەو كوردستانە بۆ هەموو پێكهاتەكان بێت، هەر لەبەر ئەوەشە هیچ رێككەوتنێك لە نێوان ئێمە و پارتی دا نیە و لەبەشی خۆی پۆست دەداتە ئێمە".

زۆرترین بینراو