جیهان لە سایەی پێشبڕكێی كەرو فیلەكانی ئەمریكادا !

نەوزادی موهەندیس

كەمتر لە 2 مانگ ماوە بۆ كۆتایهێنان و پەردە دادانەوە بەسەر ئەو شانۆگەرییەی كە ناوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە لە ئەمریكادا لە نێوانی پارتی كۆمارییەكان (فیلەكان) كە سیمبولی كۆمارییەكانە و قەوارەیەكی گەورە و ترساوی هەیە و پارتی دیموكراتەكان (كەرەكان) كە سیمبولی خۆڕاگری و بەهێزییە. ئیدی بۆ 4 ساڵی ئایندە جیهان جارێكی تر دەبێت بەناچاری خۆی ڕێكبخات و بگونجێنێت لەگەڵ سیاسی و سیاسەتە نوێكەی ناو كۆشكی سپی لە ئەمریكادا. دوو گریمانەی سەرەكی هەن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان:
یەكەمیان دەرچوونەوەی دۆناڵد ترامپە بۆ جاری دووەم و بەردەوامبوونی سیاسەتەكانێتی كە كەم كەس و وڵات و سەركردە پێشبینی دەكەن چونكە ئەم پیاوە لەم 4 ساڵی ڕابووردودا مۆدێلێكی نوێی لە سیاسەت و حوكمڕانی پیشانی دونیایدا كە زۆر جیاواز بوو لە چەندان ساڵی ڕابردووی حوكمڕانی لە ئەمریكا، چونكە بۆ خۆی كەسێكی سیاسی نەبووە و تەنها بازرگانێكی سەركەوتوو بووە، هەر بۆیەش سیاسەتەكان و ئیدارە دانەكانیشی ڕەنگدانەوەی عەقڵییەت و پاشخانە بازرگانی و ئابورییەكانێتی نەك پاشخانە سیاسییەكەی كە خاڵی بووە لە تاكتێك و ستراتیژێكی نوێی چەسپاو.
ترامپ هێندەی وەك سەركێش و زۆرجارانیش وەك نمایشكارێك خۆی پیشانداوە و هێندەی گرنگی بە پەیوەندییە كەسییەكانی داوە لەگەڵ سەرۆك وڵاتەكاندا نیو هێندە وەك سیاسییەكی دونیا دیدە و موحەنەك خۆی دەرنەخستووە و بڕیار و هەنگاوەكانیشی زۆر جاران پەلە كردن و نەگەڕانەوەی پێوە دیار بووە بۆ دامودەزگا ئۆرگانییەكانی حوكمڕانی و تاڕادەیەكی زۆریش شڵەژان و ناسەقامگیری بە ئیدارەكەیەوە دیار بووە.
ئەوەتا لە 2 ساڵی یەكەمی حوكمڕانیدا زیاد لە 20 وەزیر و كارمەندی باڵا لە ئیدارەكەیدا دەستیان لەكار كێشایەوە یا ترامپ دەریانیكردووە. دەسكەوتەكانی ترامپ لەم 4 ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی كە پەتای كۆڕۆنا ساڵی 2020 لێتێكدا و نەیتوانیوە كاری بەرچاو ئەنجام بدات، بەڵام ئەوەی جێگەی ستایشكردنە، لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش و پشتیوانی كردنی كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و هەڕەشە و گوڕەشە كردنێتی لە توركیا و ئەردۆگان و گەمارۆخستنە سەر ئێران و كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس ودژایەتیكردنی چین و ڕێكەوتنی ئیمارات و ئیسڕائیلە و لەناوخۆش جگە لە ساڵی 2020 توانیبووی ئابووری ئەمریكاش تاڕادەیەك گەشە بەخۆوە ببینێت. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لە هەندێك كار و هەنگاودا شكستی هێناوە، وەك لە عێراق و سوریا و بەرامبەر كۆریای باكوور و تەنانەت لەگەڵ ئەوروپییە هاوپەیمانەكانیشدا پەیوەندییەكانی سارد و سڕكردووە. جا بە دەرچوونەوەی ترامپ 4 ساڵی ئایندەش دونیایەكی پڕ مەترسی و شڵەژاو و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بەردەوام دەبێت و چارەنووسی هەموو دونیا لەسەر نووسینی تویتە درەنگ وەختەكانی ترامپ دەوەستێت. كە ئەم كار و هەڵوێستەی ترامپ لە هەموو مێژووی حوكمڕانی ئەمریكادا وێنەی نەبووە.
گریمانەی دووەم بریتییە لە دەرچوونی كاندیدی دیموكراتەكان (جۆ بایدن) كە ڕكابەرێكی سەرسەختی ترامپە و سیاسییەكی دیار و بە ئەزموون و و پێشترش جێگری سەرۆك ئۆباما بووە و خاوەن تێز و تێڕوانینی خۆیەتی بۆ بابەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و لانی كەم گەر بڕیار بەدەستی یەكەمیش نەبوو بێت ماوەی 8 ساڵ وەك كەسی دووەم لەدوای ئۆباماوە ئاگاداری ڕوودا و پێشهاتەكانی دونیا بووە و كاریگەریشی هەبووە.
بەسروشتی دیموكراتەكان و سیاسەت و بەرنامەكانیان ئەوان هەمیشە پشتیوانی بابەتە ناوخۆییەكانی ئەمریكان لە تەندروستی و خۆشگوزەرانی و باج و ڕسومات و داد و دادگاكان و فێركردن و خوێندن و زانست و توێژینەوە و ...هتد. نەك بابەتە دەرەكییەكان و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و گفتوگۆ و نەرمونیان بوون و حەزیان بە بەكارهێنانی جەنگ و توندوتیژی و بژاردەی سەربازی نەكردووە، بە كۆتری ئاشتی ناسراون، بە پێچەوانەی كۆمارییەكان كە بەهەڵۆكان ناسراون و هەمیشە لایەنگری بەكارهێنانی هَزی سەربازی بوون بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە نێودەوڵەتییەكان.
ئاشكرایە جۆ بایدنیش دژایەتییەكی توندی ئەردۆگان و سیاسەتە ئیسلامی و فراوانخوازییەكانی دەكات لە ناوچەكەدا و لە دونیاشدا و بڕیاریداوە یەكەم كاری ڕووخاندنی ئەردۆگانە ئەمەش گەر بە ووردی لێی بڕوانین هۆكاری ئاینی و ئیتنی لە پشتەوەیە وەك لەوەی سیاسی بێت، چونكە جۆبایدن جولەكەیە و پشتیوانییەكی گەورەی ئیسڕائیلە و توركیا و ئەردۆگانی ئیخوانیش بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل و تەنانەت هاوپەیمانە عەرەبەكانی كەنداویش. دانانی جێگرەكەشی كە ژنێكی ڕەشپێستی توندڕەوە ( كامالا هاریس)، دژی توركیا و ئەردۆگان جارێكی تر سیاسەتەكانی دووپات دەكاتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بە پێچەوانەی ترامپەوە بەڵێنی داوە كە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا كارا بكاتەوە و ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشێك لەگەمارۆ ئابوورییەكانی لەسەر هەڵبگرێت، كە بۆ خۆی ئێران وەك وڵاتێكی خاوەن نفوز و هێز لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسییەكانی هیچی كەمتر نییە لە توركیا و ئەردۆگان و بەدرێژایی 40 ساڵی ڕابووردووش دژایەتییەكی سەرسەختی سیاسەتەكانی ئەمریكای كردووە لە ناوچەكە و جیهاندا. لەبابەتی چین و كۆریای باكوور و ڕوسیاشدا سیاسەتەكانی پێچەوانەی ترامپن.
بەم شێویە جیهان لەچاوەڕوانییەكی بێهودەدا دەژین لەماوەی ئەم 2 مانگەدا و دەرچوون یان دەرنەچوونی هەر كامێكیان بە قازانجی كۆمەڵَێكە و بە دژایەتی كۆمەڵێكی تر تەواو دەبێت.
پرسیارێك كە تایبەت بە كورد و هاوپەیمانێتی و ئایندەی لە سیاسەتی هەردوو كاندیدەكەی سەرۆكایەتیدا لە چ ئاست و پلە و گەرموگوڕییەكدان؟
خۆشبەختانە كورد و مەسەلەكەی لە بەرنامە و بەڵێن و كارنامەی هەردوو كاندیدەكەدا جێگە و پێگەیەكی دڵخۆشكەری هەیە و هەردوولایان بەلایانەوە گرنگە كە چارەنووسی كورد لەهەر 4 بەشەكەی كوردستاندا بەرەو ئایندەیەكی ڕۆشنتر ببەن و لەو نەهامەتی و قاتوقڕی سەدان ساڵە ڕزگاری بكەن و بەڵگەی زیندووش هاوپەیمانی و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشوور و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و هاوكاری و پشتیوانی گەرموگوڕی كوردانی ڕۆژئاوا و میانگیریەتی لەنێوان پەكەكە و توركیادا و كاركردنیانە بۆ دەستوپێكردنی ڕژێمی ئێران و جوڵە و بوژاندنەوەی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتیشە.كوردیش بەڕۆڵی خۆی لەماوەی 10 ساڵی ڕابووردوودا كارامەیی و لێهاتوویی و گیانفیدای پیشانداوە لەدژی داعش و وەك بەرگریكارێكی سەرسەخت لەجیاتی هەموو دونیا و وەك دۆست و هاوپەیمانێكی سەر ڕاست ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردوە و قوربانی زۆری داوە.كە ناكرێت هچ كاندیدێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەم ڕۆڵ و قوربانی و بەرگریكردنەی كوردان لەبەرچاو نەگرن و كوردیش وەكو دۆستێكی ستراتیژی تر لەناوچەكەدا دەبینن.
ئەوەی ماوەتەوە كورد و سەركردایەتیەكەیەتی كە بزانن چۆن خۆ دەگونجێنن لەگەڵ سیاسەتی ئایندەی سەرۆكی نوێدا و وەكو 10 ساڵی ڕابووردوو دەبنە جێگە متمانە و ستایشی ئەوان. خۆشبەختانە تر كارتی كورد و مەسەلە ڕەواكەی لە ئێستادا بۆتە جێگەی بایەخ و پێگە و سەنگینی خۆی هەیە لەلایەن تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و دونیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواییەكان و هچ كامیان ناتوانن فەرامۆشی بكەن.بۆیە گرنگە كوردیش بە عەقڵەیەتێكی كراوەتر و بە فراوانتر لە دونیا و پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی بڕوانێت و باشتر و ووردتر هاوكێشە و حساباتەكان بخوێنێتەوە.بەهیوای ئەوەی كە كورد و دونیاش لەدوای 2 مانگی تر دڵخۆش و پڕ هیوا بن بەوەی كە سەرۆكی دڵخوازی خۆیان دەرچوە و لەگەڵیدا خەون و ئاواتەكانیان بۆ دێنێتە دی.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو