جێبەجێنەكردنی بڕیارەكان نیگەرانی هاووڵاتییانی سۆرانی لێدەكەوێتەوە

جێبەجێنەكردنی بڕیارەكان نیگەرانی هاووڵاتییانی سۆرانی لێدەكەوێتەوە

راپۆرت-محەمەد هەسنانی: ئەگەرچی هەندێ‌ بڕیاری تایبەت بە دەڤەری سۆران دەرچوونە وەك پرسی بە ئیدارەكردنی سۆران و كردنەوەی مۆزەخانەیەكی كلتوری و بەڕێوەبەرایەتییە گشتتییەكان و فەرمانگەی بەشی هونەری و ساڵنامەی ئۆتۆمبێل و نووسینگەی پاسپۆرت و ..هتد، كەچی تائێستا بەجددی كار لەسەر كردنەوەیان نەكراوە، ئەمەش بۆتە جێگای نیگەرانی خەڵكی دەڤەرەكە.
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: " بەشێوەیەكی جددی كار لەسەر هەموو ئەم كارو پڕۆژانە دەكەین، كە پێشتر رەزامەندیان بۆ دەرچووەو تائێستا بەشێوەیەكی كرداری جێبەجێ‌ نەكراون، بەڵام هەریەكەو پەیوەستە بەلایەنێك بۆ نموونە كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت و بەشی هونەری، پەیوەستە بە وەزارەتی ناوەخۆ، دامەزراندنی مۆزەخانەیەكی كلتووری پەیوەستە بە وەزارەتی تایبەت بە خۆی، ئەوانی دیكەش بەهەمانشێوە دەبێت بە جیاواز لە رێگەی لێژنەكانی تایبەتمەندی پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت و بە راپۆرت ئاراستەی حكومەت بكرێن".
دانا جەواد، چالاكوانی مەدەنی سۆران، بەزاری كرمانجی گووت " كابینەی نۆیەم دەستپێكی جوانی هەبوو كە بووە مایەی دڵخۆشی و ئومێدی هاووڵاتییان، لەبەر ئەوەی خەڵك هەست دەكات لەو كابینەیە حكومەت زۆر جددیە لە خزمەتكردن هەروەها چاودێری بڕیار، ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی خۆیشی دەكات. خودی جەنابی سەرۆكی حكومەت زۆر بە جددی بە دوای چارەسەری بنەڕەتی دەگەڕێت، تا حكومەت بخاتە سەر ڕێچكەی ئاوەدانی و خزمەتكردنی هاووڵاتییان. سەبارەت بە بڕیاری بە ئیدارە كردنی سۆران دووپاتی دەكەمەوە كە گەشبینم بخرێتە بواری جێبەجێ كردن، چونكە دەڤەری سۆران لە ڕووی جوگرافیا و ژمارەی دانیشتوان فراوانە و پێویستە ئاسانكاری بكرێت لە كار و باری كارگێڕی، چونكە ئێمە دەزانین خەڵك چەندە بارێكی قوڕسی ماددی و مەعنەوی دەكەوێتە سەربار كاتێك مامەڵەیەك یان واژوێكی پێویست دەبێت و دەبێت بچێتە پارێزگای هەولێر. بێگومان بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕت و نوێكردنەوە و تۆماركردنی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل، هەروەها كەرتەكانی دیكەش ئەگەر بە فەرمی بكرێنەوە، بەشێكی زۆری ئەركی سەرشانی هاووڵاتییان كەم دەكەنەوە".
ئەوەش دەخاتەروو " بەپێی زانیارییەكانمان جیا لەوەی حكومەت بڕیارەكانی دەركردوون، بۆ ئەو مەبەستانە ئەوەی زیاتر جێگای ئومێدە چەند پەرلەمانتارێكی چاڵاك بە دواداچوون بۆ ئەو بڕیارانە دەكەن كە ئەوەش مایەی دڵخۆشییە، بێگومان دەڤەری سۆران و خەڵكەكەی شایانی ئەوەن كە خزمەتی زیاتریش بكرێن.
م. سۆران سرێشمەیی، بەزاری كرمانجی راگەیاند " دەڤەری سۆران وەك ناوچەیەكی بەرفراوان و دوور لە پایتەخت، ئەوە دەهێنێ كە وەك یەكەیەكی ئیداری سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێ، ئەگەرچی لە پێشووتردا بڕیاری جۆراو جۆر بۆ كردنەوەی كۆمەڵێك فەرمانگە دەركراوە، بەڵام تا هەنووكە بڕیارەكان نەچوونەتە واری جێبەجێكردن، ئومێد دەكەم كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە داهاتوویەكی نزیكدا بڕیارەكان بە كردار بكات و فەرمانگەی پێویست بۆ هاووڵاتییانی دەڤەرەكەمان بكاتەوە، لە ڕاستیدا هیوای زۆرم بە تیمە تازەكەی حكومەت هەیە كە هەنگاوی پێویست دەنێ بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە، بەڵام گرنگە بەرپرسانی ئیداری و خەمخۆرانی سۆران و دەورووبەری لە هەواهەنگی و هەوڵی بەردەوامدابن و گەر پێویست بكان فشار بخەنە سەر حكومەت، تاكو هەرچی زووترە بڕیارەكان جێبەجێ بكات.
ئیحسان سەید كەریم، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، بەزاری كرمانجی راگەیاند " سۆران یەكێكە لە قەزا گرنگەكانی پارێزگای هەولێر، لە ڕوی كارگێریەوە بە شوێنێكی ستراتیجی دادەنرێت لەناوچەكەدا، جگە لەمەش ناوەندێكی گرنگە بۆ هەر سێ قەزاكانی چۆمان، رواندز، مێرگەسۆر، بە حوكمی ئەوەی زۆربەی دام و دەزگا میرییەكانی ئەم قەزایانە لە ڕوی كارگێریەو بە قەزای سۆرانەوە لێكندراون بەڵام لە ڕووی هەندێ‌ خزمەتگوزارییەوە گرنگیەكی ئەو تۆی پێ نەدراوە، بەتایبەت جێبەجێنەكردنی هەندێ‌ لەم بڕیارانەی كەپێشتر بۆ كردنەوەی فەرمانگەو هەندێ‌ پڕۆژە دراون، ئەمەش زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی كاربەدەستانی قەزاكە".
دەشڵێت " سەبارەت بە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا هەنگاو و بڕیارەكانی ئەرێنی و باش بوون، هیوادارین هەوڵێكی جدی بدرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی كە پێشتر دراون بۆ كارو پڕۆژەكانی دەڤەرەكە، هەروەها ئاڵو و گۆڕ كردنی پۆستە ئیدارییەكانی ئەم دەڤەرە، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی و كار ئاسانی هاووتییانی هەر چوار قەزاكە بەبێ گەڕانەوە بۆ پارێزگای هەولێر، چونكە سۆران شاری شەهیدان و شاری جوانی پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە.
ئەبوبەكر سلێمان، راگەیاندكار بە زاری كرمانجی گووت " بەوپێیەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوماوەیەی كە دەستی بەكارەكانی خۆی كردوە خەڵكی بەگشتی ئومێدی زۆریان لێ هەڵچنیووە، چونكە ئیرادەی كاركردن بەجۆرێكە جیاوزە لە كابینەكانی تری حكومەتی هەرێم، بەڵام هەناگاوەكان بۆ جێ بەجێكردنی ئەوخزمەتگوزاریانەی بەنیوەچڵی بەجێ ماون لەسۆران، پێم وایە ئەگەر هەماهەنگی لە نێوان بەرپرسانی یەكەی ئیداری دەڤەرەكە نەبێت، خزمەتگوزاریەكان هەر بەبڕیار دەمێنەوەو ناچنە واری جێبەجێ كردن، چونكە پشوتریش كردنەوەی بەشی هونەری ساڵیانەی تۆماردنی ئۆتۆمبێل و كردنەوی نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و كارەكانی تریش لەكاتی دەرچوونی بڕیار جێبەجێ دەكران".
ناوبراو پێشیوابوو " دژایەتی كردنی نێوان بەرپرسانی یەكەی ئیداری سۆران، هەموو ئەوكارانەی دواخست كە لەبەرژەوەندی گشتی بوون، ئەگەر هەمان ئەوكەسانی بڕیاریان وەك موژدە بەخەڵكی ناوچەكە گەیاند بڕیار لەجێبەجێكردنی ئەو كارانە بكات، پێموایە هیچ گۆڕانكاریك ڕوونادات، ئومێدم بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە بۆخزمەتكردنی خەلكی سۆران و دەوروبەری گۆڕانكاری تەواو دەكات، تاخزمەتگوزریە نیوەچڵەكان جێبەجێ بكرێن.
لەلایەن خۆیەوە ئەرشەد حوسێن لۆڵانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند " بەشێوەیەكی جددی كار لەسەر هەموو ئەم پڕۆژ یاسایانە دەكەین، كە پێشتر رەزامەندیان بۆ دەرچووەو تائێستا بەشێوەیەكی كرداری جێبەجێ‌ نەكراون، دوای تۆماركردنیان بەدواداچوون بۆ ئەم كێشەو گرفت و داواكاری هاووڵاتییان، بە راپۆرت بەرزیان دەكەینەوە بۆ حكومەت، وەك دیاریشە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ دامەزراوەو گەشبینیشین بە چارەسەر كردنی خواست داواكاریەكان كە لەبەرژەوەندی گشتییەوە بن".
گووتیشی " ئەم پڕۆژەو بڕیارانەش كە بۆ دەڤەری سۆران دەرچوونەو تائێستا نەكەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە، بەدڵنیایەوە كاری لەسەر دەكەین، بەڵام هەریەكەو پەیوەستە بەلایەنێك بۆ نموونە كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت و بەشی هونەری، پەیوەستە بە وەزارەتی ناوەخۆ، هەروەها دامەزراندنی مۆزەخانەیەكی كلتوری پەیوەستە بە وەزارەتی تایبەت بە خۆی، پرسی بە ئیدارەبوون و بڕیارەكانی دیكەش بە هەمانشێوە، دەبێت بە جیاواز لە رێگەی لێژنەكانی تایبەتمەندی پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت و بە راپۆرت ئاراستەی حكومەت بكرێن.

زۆرترین بینراو