جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق  پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد

بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد .
حەداد لە پەیامەكەیدا هیوای سەركەوتنی بۆ نێچیرڤان بارزانی خواستووە لە ئەركی تازەی بۆ سەركردایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناخێكی تازەی سیاسی و رایگەیاندووە "متمانەیەكی تەواومان هەیە بەوەی سەرۆكایەتی تازە هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی كاریگەر دەبینێت بۆ بونیادنانی پەیوەندیی پتە و باشتر لەنێوان هەموو حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانیەكان و نزیكتركردنەوەی بیر و ڕا و بۆچوونەكان لە سۆنگەی باوەڕبوون بە یەكڕیزی ماڵی كورد و یەكخستنی و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان".
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێكی چەندین ساڵەی بەردەوامی لە سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و بێگومان رۆڵ و كاریگەری سیاسیشی لەسەر ئاستی نیشتمانی بەردەوام دەبێت. چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكەن كار بۆ زەمینەسازی پێویست بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوانەی لە نێوان بەغدا و هەولێردا ماون، هەروەها بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی دیكەی عێراق، هیوادارن ئاشتی و ئاوەدانی لە كوردستان و هەموو عیراق بەرقەرار بێت.

زۆرترین بینراو